حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەوڵی چالاک کردنەوەی ژووری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەدەن، ئەو هەنگاوە لەکەرکوک گرفتی لە پێش دروستبووە، بەڵام بۆ پارێزگای دیالە ڕێککەوتن ئەنجامدراوە.
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، جیا لە لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەسەر هێڵن بۆ بردنی پێشمەرگە بۆ هەندێک ناوچەی کەرکوک و خانەقین، بەڵام ناڕەزایەتی عەرەب و تورکمان، گرفتی بۆ ڕۆیشتنی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک دروستکردووە.
ئیسماعیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێشمەرگە ناگەڕێتەوە بۆ ناو کەرکوک، هەواڵەکە هەڵە لەڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە، پێشنیار هەیە، خاڵی هاوبەش و ژووری هاوبەش لەناوچە کێشە لەسەرەکان پێکبهێنرێت، چونکە بۆشایی ئەمنی هەیەو داعش جم و جۆڵی هەیە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەوسوپا لەسنوری خانەقین ڕێککەوتن کراوە، گەر گرفتی نەیەتە پێش.
زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئاماژەبەوەدەکەن عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق، بەوەفدێکی پەرلەمانی کوردی ڕاگەیاندووە، کاری هاوبەش لە سنوری خانەقین ئاسانە، چونکە لە ڕابردوودا گرفتی تایەفی و مەزهەبی لەو سنورە نەبووە، بەڵام دۆخەکە لەکەرکوک جیاوازترە.
شێرکۆ میروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"نەفەسێکی باش هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام لەنێوخۆ و وڵاتانی دەوروبەریش گرفت دروست دەکرێت و دەیانەوێت حکومەت بەکێشەی لاوەکیە سەرقاڵ بکەن."
هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک، عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک کاردانەوەیان نواند و ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردەوە، بۆیە بەرپرسانی عێراق خێرا هاتنە سەر هێڵ و ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردەوە.
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بۆ ڕۆیشتنی پێشمەرگە بۆ هەندێک جیگەی کەرکوک لێکگەیشتن هەبووە، بۆیە سەرەتا هەواڵەکەیان گەیاندووەتە ڕاگەیاندنەکان تا کاردانەوەکان بزانن، بۆیە کاتێک کاردانەوەی عەرەب و تورکمانیان بینی، بەرپرسانی عێراق پاشگەز بوونەوە.
ئیسماعی حەدیدی، وتی"عەرەب و تورکمان گرفتیان نیە لەبوونی خاڵی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لەدەوروبەری کەرکوک، بەڵام ناڕازین بەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناو شارەکە."
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 ەوە، ناوچەیەکی فراوانی نێوان پێشمەرگە و سوپا بە چۆڵی ماوەتەوە و هیچ هێزێکی تێدا نیە، چۆڵی ئەو ناوچانە بەهۆکارێکی خراپی دۆخی ئەمنی دادەنرێت.
Your browser doesn’t support HTML5