سەرپەرشتیارێکی خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی ساڵی 2019 ی پارێزگاکانی خوارووی عێراق ڕایگەیاند، هیچ پلانێک بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان لە ئارادا نییە، بەڵام دۆخێکی پڕ لە ناڕەزایەتی باڵی بەسەر پارێزگا عێراقییەکاندا کێشاوەو خەڵک توڕەو نیگەرانن.
سەڵاح عەبدولمەهدی، چالاکوان و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە پارێزگای نەجەف، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"شەقام زۆر توڕەیە لە ئەدای سیاسییەکان بە گشتی و ئەدای بەرپرسانی حکومەت بە تایبەتی."
لە مانگی 10ی ساڵی 2019 خۆپیشاندان بەشێکی زۆر لە پارێزگا شیعەنیشینەکانی عێراق و بەغدای پایتەختیشی گرتەوە، ناڕەزایەتییەکان بووە هۆی لابردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دانانی مستەفا کازمی لە جێگەکەی.
داواکاری خۆپیشاندەران ئەنجامدانی گۆڕانکاری و دوورخستنەوەی هێزە شیعەکان بوو لە دەسەڵات، ئەمەش وایکرد ڕووبەڕووی هێرشی چەکدارە شیعەکان ببنەوەو بەوهۆیەوە هەزاران خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون.
سەڵاح عەبدولمەهدی دەڵێت،"گرفتی سەرەکی عێراق ئەوەیە ئەوەی حوکمی دەکات ئینتیمای بۆی نییە، ئەو حزبانەی دوای ساڵی 2003 دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئینتیمایان بۆ عێراق نییە و وڵاتانی دراوسێ دروستیانکردوون، بە پارە پاڵپشتییانکردوون و ئەوان خاوەندارێتییان دەکەن."
هەروەها وتیشی،"لایەنەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی وڵات حوکمی عێراقییان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە کاردەکەن کە لێی دروستبوون."
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021، کە دوای خۆپیشاندانی تشرینییەکان بەڕێوەچوو، بووە هۆی گۆڕانکاری لە پێگەی هێز و لایەنە شیعەکان لە نێو پەرلەماندا، بەتایبەت ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ دەنگی پێویستیان هێناو ڕەوتی سەدریش زۆرترین کورسی بردەوە. هەرچەندە دواتر ڕەوتی سەدر پەرلەمانییان بەجێهێشت و ئەمەش بە قازانجی هێزە شیعەکانی ڕکابەریان شکایەوە، تا دواجار لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە حکومەتیان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێکهێنا.
سەڵاح عەبدولمەهدی چالاکوان، دەڵێت،"یاریچی سیاسی تازە دەرکەوتووە و جوڵانەوەی نوێ هاتوونەتە گۆڕەپانەکە، جەماوەری گەنج دەرکەوتووە کە جیاوازە لە نەوەی پێشوو، تایەفەگەری و حزبی ئاینی ڕەتدەکەنەوە."
ئەو وتیشی،"یاریچی تازە تەنها پەرلەمانتارە سەربەخۆکان نین، چونکە پەرلەمانتار دەگۆڕێت، بەڵام جەماوەر سەقامگیرە، کە جەماوەرێکی نیشتمانییەو تەنها ئینتیمایان بۆ عێراق هەیەو باوەڕی بە دەوڵەتی مەدەنی هەیە. ئەم جەماوەرە دان بە تایەفەگەری و جیاوازی نەتەوەیی نانێت، تەنها باوەڕیان بە عێراقی بوونەو نوێنەرەکان دەگۆڕن."
بەپێی وتەی سەڵاح عەبدولمەهدی چالاکوان، دۆخی ئەمنی عێراق ئاڵۆزەو گرێدراوە بۆ سەقامگیری سیاسییەوە، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش سەقامگیری ڕێژەیی سیاسی و ئاسایشی هاتووەتە ئاراوە، کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا نەبینراوە.
Your browser doesn’t support HTML5