حکومەتی عێراقی دەڵێت هێزەکانیان بە تەواوی شاری ڕومادی و ناوچەکانی دەوروبەریان لە چەکدارانی داعش پاککردووەتەوە.
لەو بارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسانی لەشکری و وەزارەتی ناوخۆی عێراقی ڕایانگەیاند کە سوپای وڵات چەند ناوچەیەکی خۆرهەڵاتی شاری رومادیان کۆنترۆڵ کردەوە و ئەو ڕێگایەی نێوان شاری ڕومادی و بەغدای پایتەختیان کردووەتەوە.
فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ناوچەکانی سەجاریـیە و جوەیبە و حسێبەی ڕۆژهەڵات (حصيبة الشرقية) لە دەوروبەری شاری ڕومادی لە داعش پاککراونەتەوە و هێزە عێراقیـیەکان توانیویانە لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا نزیکەی 3 هەزار کەسی سیڤیلیش ڕزگاربکەن کە لە لایەن داعشەوە گەمارۆ درابوون و وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان هێنرابوون.
دەزگای دژە تێرۆری عێراقیش ڕایگەیاند ئاڵای وڵاتەکەیان بەسەر بەڕێوەبەرایەتی پـۆلیسی فریاکەوتی ئەنبار لە ڕومادی و لابردنی دەیان بۆمبی چێنراو لە یەکێـک لە جادە سەرەکیـیەکانی شارەکە.
جێی ئاماژەیە هێزەکانی دژە تێرۆر لە کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو کۆنترۆڵی ناوەندی شاری ڕومادیان کرد پاش ئەوەی لە ڕۆژئاوا و باشوری شارەکە هێرشیان کرد و هاوکات لەشکریش لە باکوری شارەکەوە.
بەڵام بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە کە ناوچەیەکی کشتوکاڵیـیە، هێزەکانی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە کۆنترۆڵیان کرد و هەروەها ئەو جادەیەیان کردەوە کە بە شارۆچکەی خالیدیە بەرەو بەغدای پایتەخت دەڕوات.