موقتەدا سەدر: داوای ڕاگرتنی هەوڵەکان بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات

ڕێبەرێکی شیعەکانی عێراق داوای لە لایەنە سیاسیـیەکانی وڵاتەکەی کردووە وتووێژەکانیان ڕابگرن هەتا ئەو کاتەی داخوازیـیەکانی خۆپـیشاندەران بۆ باشکردنی خزمەتگوزاریـیەکان و زیادکردنی هەلی کار جێبەجێ دەکرێن.

موقتەدا سەدر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە نووسیویەتی" دەبێت هەموو قەوارە سیاسیـیەکانی لە هەڵبژاردنەکانی ئێستادا براوەن، هەموو وتووێژە سیاسیـیەکانی خۆیان بۆ پـێکهێنانی هاوپەیمانێتی ڕابگرن هەتا ئەو کاتەی داواکاریـیە ڕەواکانی خۆپـیشاندەران دێنە دی."

لە ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکە لە وتووێژ و مشتومڕدان بە ئامانجی پـێکهێنانی هاوبەندی بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق.

پاش ئەم داوایەی سەدر، ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە لێدوانێکی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری بڵاوکردووەتەوە کە گوتویەتی حکومەت لەگەڵ داوا ڕەواکانی خۆپـیشاندەراندایە و دەستەیەکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو داوایانە پـێکهێناوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئۆفیسەکەی سەرۆک وەزیر چەند وێنەیەکی عەبادی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا نیشان دەدرێت کۆبوونەوەی بە ژمارەیەک لە کەسایەتی و ڕیش‌سپیانی پارێزگای زی قاری باشوری وڵاتەکە کردووە. ئۆفیسەکە دەڵێت سەرۆک وەزیر بڕیاری داوە کۆمەڵێک لە داواکاریـیەکانی خەڵکی زی قاری جێبەجێ‌بکرێن.

ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆپـیشاندان و ناڕەزایی پارێزگاکانی باشوری وڵاتەکەی گرتووەتەوە بەهۆی خراپی خزمەتگوزاریـیەکان و بەرزی ڕێژەی بێکاری. بەشێکی ئەو ناڕەزایەتیـیانە توندوتیژیـیان لێکەوتەوە.