هاتنی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق و مەترسی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر پرۆسەی سیاسی

لەکاتێکدا جم و جۆڵی داعش تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات و چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە خۆیان بۆ هێرشی زیاتر لە عێراق ئامادە دەکەن، بەڵام هیچ هەماهەنگیەک لە نێوان هێزە جیاجیاکانی عێراق دا نیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی ئەو ڕێکخراوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەگەڵ زیادبوونی جم و جۆڵی چەکدارەکانیدا، داعش زۆربەی والی و ئەمیرەکانی، لە ناوچە کێشە لەسەرەکان گۆڕیووە، ئەوەش لەکاتێکدایە چەکداری زیاتری ناردووە بۆ زۆربەی ناوچەکان.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەسەر مەترسیەکانی داعش کردەوە، ئاماژەی بەوەکرد دۆخی ئەمنی عێراق تا دێت خراپتر دەبێت، هۆکارەکەشی هێندەی پەیوەندیدارە بە ململانێی سیاسیەوە، هێندە پەیوەندیدار نیە، بە کەمی هێزەوە، وتی"دەسەڵاتدارانی عێراق کە چەندین جار هۆشداریمان پێداون، جدی نین بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە ئەمنیەکان."

ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش و تۆمەتبار بە هاوکاریکردنی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق دەستگیرکراون و بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەشێک لە بەرپرسانی عێراق، مەترسی ئەوەیان هەیە، لەسێدارەدانی ئەو سەدان کەسە، گرفتی گەورەتر بخوڵقێنێت، بەو پێیەی سونەکانی عێراق، ڕەتیدەکەنەوە هەندێک لە سزادراوەکان داعش بن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگاداریش، هەندێک لەگۆڕانکاریەکانی داعشی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کرد، کە بەوتەی سەرچاوەکە، داعش ژمارەی چەکدارەکانی لە پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین، کەرکوک و ئەنبار بەتەواوەتی زیادکردووە و والی پارێزگاکانیشی گۆڕیووە، لە جێی عەبدوڵا مەکی ناسراو بە ئەبوخەدیجە، کەسێکی تری بەناوی ئەبوسدیق بە والی پارێزگای دیالە داناوە، هەروەها لە جێگەی ئەبوعەزرای والی کەرکوک، ئەبو یەحیای داناوە، لە جێگەی عوسمان عەبدخورشید ناسراو بە ئەبو نور بەرپرسی ناوچەی پەڵکانە، ئەبو داودی داناوە.

عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، ئاشکرایکرد بە لێشاو چەکداری داعش لە سوریاوە بۆ عێراق دێن، هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی و ئاراستەکردنیان بەرەو عێراق.

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی جم و جۆڵ و هێرشەکانی داعشدا، گرفتی گەورەی حکومەتی عێراق، بوونی دەیان هێزی جۆراو جۆرە، هیچ هەماهەنگیەکیش لە نێوان ئەو هێزانەدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە نیە، بۆیە کەم شەو هەیە، داعش پەلاماری خاڵی سەربازی یەکێک لەو هێزانە نەدات.

شێرکۆ میروەیس، ئاماژەشی بەوەکرد دەست گەیشتنی داعش بە بەغدا و ئەنجامدانی تەقینەوە، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی قەبارەی مەترسیەکانی ئەو ڕێکخراوە، وتی"دەبێت لە بەغداوە بڕیارێکی بوێرانە بدرێت، تا پێشمەرگە و سوپا پێکەوە و بەهەمانگی یەکتری، بەر بە مەترسیەکانی داعش بگرن، ئەگینا داعش مەترسی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لەعێراق دروست دەکات."

جگە لە دەست گەیشتنی داعش و ئەنجامدانی تەقینەوە لە بەغدا، هێرشەکەی چەند شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر لیوای 22 ی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەدین و کوژران و برینداربوونی دەیان چەکداری حەشد، بە زەنگێکی مەترسیدار بۆ هێزە عێراقیەکان ناو دەبرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر