سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت بەغداد نێوەندگری دەکات لە ئەگەری ئاشتەوایی نێوان سوریا و تورکیادا

ماڵپەڕی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی دەڵێت لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاشتەواییدا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆکەکانی تورکیا و سوریادا.

لە چاوپێککەوتنێکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی وتوویەتی حکومەتەکەی کار لەسەر ئاشتبوونەوەی نێوان ئەنکەرە و دیمەشق دەکات.

سودانی بە کەناڵی خەبەرتورکی ڕاگەیاند " بە ویستی خودا بەمزووانە هەندێک هەنگاو لەم بارەیەوە دەبینین." وتیشی لەسەر ئەم هەوڵانە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیشدا.

لە شەڕی ناوخۆی سوریادا تورکیا پشتیوانی لە گروپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای کردووە دژی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، بەڵام لە ساڵی 2022 دا ئەردۆغان بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە دوورخستنەوەی ئەسەد لەسەر دەسەڵات چیتر لە ئەجێندای حکومەتەکەیدا نیە بۆ سوریا. لە هەمان ساڵدا ڕووسیا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئاست بەرزی لە نێوان تورکیا و سوریادا کرد، بەڵام کۆبوونەوەکە شکستی هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێک.

سودانی هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی عێراقدا لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێراندا و وتی "هەوڵی گەیشتن بە بنەمایەکی هاوشێوە دەدەین بۆ ئاشتەوایی و گفتوگۆ لە نێوان سوریا و تورکیادا."

عێراق لە ساڵی 2023 دا میوانداری چەندین خولی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعودیەی کرد پێش ئەوەی ڕێککەوتنێکی مێژوویی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بە سەرپەرشتی چین واژۆ بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.

دوای 13 ساڵ، مانگی حەوتی ڕابردوو سودانی بووە یەکەمین سەرۆک وەزیری عێراق سەردانی دیمەشق بکات. لێدوانەکانی ڕۆژی هەینی سودانی دوای سەردانەکەی مانگی ڕابردووی ئەردۆغان دێت بۆ بەغداد. لە ماوەی ڕابردووشدا لەم مانگەدا سودانی لە بەغداد گفتوگۆیەکی ئاسایشی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی سوریا محەمەد ئەل ڕەحموندا ئەنجامدا.

سەرچاوە/ئەلمۆنیتۆر