عێراق بۆ یەکەمین سەرژمێری دوای دەیان ساڵ قەدەغەکردنی هاتووچۆ بۆ ماوەی 2 ڕۆژ ڕادەگەیەنێت

بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاند وڵاتەکە لە مانگی یانزەدا دوو ڕۆژ قەدەغەکردنی هاتووچۆ ڕادەگەیەنێت بۆ ئەنجامدانی یەکەمین سەرژمێری لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا.

سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی وتی " قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە 20 و 21 ی مانگی یانزەدا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا دەسەپێندرێت، بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان."

بەهۆی دەیان ساڵ لە ململانێ و توندوتیژییەوە، عێراق چەندین جار سەرژمێری دانیشتوانەکەی دواخستووە، بە تایبەتی لە ساڵی 2010 دا بەهۆی گرژییەکانی نێوان کۆمەڵگەکانەوە لەسەر ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکان.

دوایین جار عێراق لە ساڵی 1997 دا سەرژمێری بۆ دانیشتوانەکەی کرد لە 15 پارێزگادا، بەبێ سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.

لە ئێستادا بەپێی خەمڵاندنەکان دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 46 ملیۆن کەس.

عێراق لەگەڵ سندووقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەکیگرتووە بۆ سەرژمێرییەکەی داهاتوو.

دەزگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی دەستپێشخەرییەکە " ڕۆڵێکی زۆر گرنگی دەبێت لە پێدانی زانیارییەکی ڕاست و دروستی دیموگرافی بە عێراق، کارئاسانی دەکات بۆ دانانی سیاسەتەکان و هاندان بۆ گەشەیەکی گشتگیر."

عێراق لە ڕابردوودا 10 ساڵ جارێک سەرژمێری ئەنجام داوە. لە ساڵی 2007 دا نەتوانرا سەرژمێری ئەنجام بدرێت کاتێک وڵاتەکە کەوتە نێو توندوتیژی تائیفییەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا