سەرکردەیەکی بەرەی تورکمانی: دەوڵەتێکی دراوسێ لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە هەڕەشە لە ژیانی کۆمەڵگای عێراق دەکات

ئەندامێکی دەستەی تەنفیزی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا تەنها دەوڵەتی دراوسێی عێراقە، کە کاری لەگەڵ هەموو عێراقیەکان کردووە و دژی ڕەوانەکردنی تیرۆر بووە بۆ نێو عێراق.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی مەهدی سەرکردەی دیاری بەرەی تورکمانی و ئەندامی دەستەی تەنفیزی ئەو حیزبە لەبارەی پاشکۆبوونی حیزبەکەی بۆ تورکیا، دەڵێت( تورکیا تەنها دەوڵەتی دراوسێی عێراقە، کە کاری لەگەڵ هەموو عێراقیەکان کردووە بە کوردیشەوە، پەیوەندی تورکیا لەگەڵ پارتی بەهێزترە تا پەیوەندی لەگەڵ بەرەی تورکمانی، تورکیا پەیوەندی لەگەڵ حیزبە شیعی و سونیەکانیش هەیە، تورکیا سەقامگیری و ئاسایشی بۆ عێراق دەوێ و تەنها دەوڵەتە کاربۆ ئەمە دەکات، پەیوەندی تایبەتیشی لەگەڵ ئێمە هەبێت ئاساییە، چونکە خاوەنی یەک نەتەوە و یەک زمانین، تورکیا تیرۆری بۆ عێراق نەناردووە و دژی تیرۆرە لە عێراق، لەکاتێکدا دەوڵەتی تر تیرۆری بۆ عێراق ناردووە.)

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و حەسەن تۆران وەک سەرۆکی بەرە دەست بەکاربوو، دواتر میدیاکان هۆکاری ئەو گۆڕانکاریەیان بۆ خواستی تورکیا گێڕایەوە، بەڵام عەلی مەهدی لەو بارەیەوە دەڵێت"ئەرشەد ساڵحی هەم سەرۆکی بەرە و هەم پەرلەمانتاری عێراقیش بوو، ئیشی زۆربوو، پێکهاتەی بەرە کەسێکی دەویست لە کەرکوک بەڕێوەبەر بێت، تا گفتووگۆی بەردەوامی هەبێت لەگەڵ هەموو لایەک."

بەرەی تورکمانی هەرچەندە لە پارێزگای کەرکوک لەئێستا و ڕابردووشدا، خاوەنی خیتابێکی توندبووە بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردی لەو شارە، بەڵام لەهەرێمی کوردستان خاوەنی وەزێرێک و کورسیەکی پەرلەمانیە، کە زۆرجار وەزیر و پەرلەمانتارەکەیان بە نزیکایەتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکرێن.

لەو ڕووەوە سەرکردەکەی بەرەی تورکمانی، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئەندامانی بەرەی تورکمانی بە وەزیر و پەرلەمانتارەکەی هەرێمیشەوە سەر بە بەرەن، دەڵێت"ئێمە وەزیرێکمان لەهەرێمی کوردستان هەیە، ئەو وەزیرە ئەندامی دەستەی تەنفیزی بەرەی تورکمانیە، ئێمە داوای زیاتر لە وەزیرێک لە هەرێم دەکەین، وەزیرەکەمان لەهەرێم کار بۆ تورکمان دەکات و کار بۆ هەرێمی کوردستانیش دەکات، ئێمە هیچ سکاڵایەکمان لەسەری نیە."

لە بەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی مەهدی سەرکردەی بەرەی تورکمانی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرنەبوونی کێشەکانی کەرکوک، بەبێ ڕێککەوتنی سێ پێکهاتە سەرەکیەکە، هاوکات ڕەخنەی لەکورد و عەرەبیش گرت، بەوەی شارەکەیان تەعریب و تەکرید کردووە، وتی"ماوەی 70 ساڵە بەدەست تەعریبەوە و تاپێش ساڵی 2003 دەمانناڵاند، دواتریش بەدەست تەکریدەوە ناڵاندوومانە، بەداخەوە، ژمارەیەکی زۆر کورد لەسلێمانی و هەولێر و ناوچەکانی تریش، تەنانەت لەسوریاشەوە هێنراون و لەکەرکوک نیشتەجێ کراون، تورکمان بەدەست تەکرید و تەعریبەوە ناڵاندوویەتی، پێویستە پارێزگاری لە تایبەتمەندی کەرکوک بکرێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی مەهدی سەرکردەی بەرەی تورکمانی، هۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی زیاتری مادە هۆشبەرەکان لەنێو گەنجان دا، نیگەرانی خۆشی نیشاندا لەنەبوونی نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئالودەبووانی دەست ماددە هۆشبەرەکان لەکەرکوک، وتی"دەوڵەتێکی دراوسێ لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە، هەڕەشە لە ژیانی کۆمەڵگای عێراقی دەکات، کە بەپێی ئامارەکان ئالودەبوون لەنێو گەنجانی عێراق دا، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر