فوئاد حسێن: مانگی داهاتوو لەگەڵ تورکیادا لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان قسە دەکەین

وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن

وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن دوای کۆتای هاتنی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت عێراق و تورکیا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

وتیشی تاوەکو ئێستا هیچ هێرش و ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام نەدراوە و ئەوەی هەیە تەنها چەند جمووجۆڵێکە کە لە ساڵی 1991 ەوە ئەو جمووجۆڵانە بوونیان هەیە.

وتیشی مانگی داهاتوو لە 15 ی مانگی هەشتدا شاندێکی باڵای تورکیا و عێراق کۆدەبنەوە و تاوتوێی پرسە ئاسایشی و سیاسییەکان دەکەن.

ئاماژەشی بەوەدا لەگەڵ لایەنەکانی تورکیادا بەردەوام دیدارییان هەیە و لە واشنتنیش لەگەڵ هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیادا کۆبووەتەوە.

فوئاد حسێن بە ڕۆژنامەنووسانیشی وت لە ماوەی کۆبوونەوەکەی ناتۆدا چەندین گفتوگۆ و کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆستی عێراق کردووە، بە تایبەتی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا.

وتیشی تاوتوێی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ و جەنگەکەی ناو غەززە و دۆخی سەربازیی عێراق کراوە. ئەوەشی خستەڕوو بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان پرسە ئابووریی و سیاسییەکان بوون.

وتیشی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستنیشدا کۆبوونەتەوە و چاوی کەوتووە بە وەزیرانی دەرەوەی کوەیت و بەحرەین و ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکەش.