سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتنێکی ئاسایشی لەگەڵ بەڕیتانیادا واژۆ دەکات

سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند ڕێککەوتنێکی ئاسایشی دوو لایەنە و پەیماننامەیەکی هاوبەشسی ستراتیژی لەگەڵ بەڕیتانیادا واژۆ دەکات کاتێک کە بە سەردانێکی فەڕمی دەچێت بۆ لەندەن.

عێراق هەوڵ دەدات خۆی بە دووربگرێت لەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە ناوچەیەکی ململانێ، ئەمەش لە نێوەندی شەڕەکانی ناوچەکەدا کە تێیاندا ئیسڕائیل زیانێکی گەورەی بە حەماس لە غەززە و حزبوڵا لە لوبنان گەیاندووە و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیش لە سوریا ڕووخاوە.

دوای هەڵگیرسانی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا، ئەم ڕەفتارە هاوسەنگییەی عێراق لە هێرشەکانی گروپە چەکدارییەکانی عێراقدا بۆ سەر ئیسڕائیل و هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا تاقی کرانەوە.

سودانی بە ڕۆیتەرزی وت " بەدڵنیاییەوە کاتێکی گرنگە، هەم لە ڕووی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ بەڕیتانیا و هەم لە ئەنجامی پەرەسەندنی بارودۆخی ناوچەکەوە کە پێویستی بە ڕاوێژی زیاترە."

سودانی وتی ڕێکەوتنی ئاسایشی نێوان بەڕیتانیا و عێڕاق پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە پەرە پێدەدات دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2026 دا کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.

سەبارەت بە پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیژیش، سودانی وتی " ئەمە یەکێکە لە ساتە گرنگەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەڕیتانیادا. دەتوانم بڵێم کە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ دەبێت لە پەیوەندییەکاندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز