سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ژێر فشاری ژمارەیەک پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دانیشتنێـکی تایبەت دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار قایل بوو کە دانیشتنێـکی تایبەت لە بەرلەمان بەڕێوەبچێت بۆ وتووێژکردن سەبارەت بەو گۆڕانکاریـیانەی بڕیارە لە نێو حکومەتی وڵاتەکەدا ئەنجام بدرێن.

سەلیم جبوری ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 173 ئەندام پەرلەمان سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کرد، پاش ئەوەی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار لە نێو پەرلەمان مانیان گرت و ئەو داوایەیان کرد.

دوێنێ سێشەممە سەرۆکایەتی پەرلەمان داواکەی حەیدەر عەبادی بۆ گۆڕانکاری لە حکومەتەکەی هەڵپەسارد و بڕیار درا دەنگدان لەسەری بۆ ڕۆژی پـێنجشەممە دوابخرێت، بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتار بڕیارەکەیان بە توندی ڕەتکردەوە و داوایان کرد لەسەر ئەم بڕیارە سەرۆکی پەرلەمانیش لە پـۆستەکەی لابدرێت.

ئسکەندەر وەتووت کە یەکێکە لە پەرلەمانتارە مانگرتووەکان گوتویەتی ئەوان کە زیاتر لە 50 پەرلەمانتارن بەردەوام دەبن لە ناڕەزایی دەربڕین هەتا ئەو کاتەی داواکانیان جێبەجێ دەکرێن.

جێی ئاماژەیە حەیدەر عەبادی هەوڵ دەدات کەسانی تەکنۆکرات لە حکومەتەکەی دابمەزرێنێت، بەڵام لە لایەن ژمارەیەک لە لایەنە سیاسیـیەکانەوە دووچاری ناڕەزایی بووەتەوە.

سەبارەت بەم پـێشهاتانەی نێو پەرلەمانی عێراق سەڵاح بامەرنی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە بەغدا ڕاستەوخۆ باسی لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەی نێو پەرلەمان کرد.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی سەڵاح بامەرنی