مەسعود حەیدەر:تا ئێستاش ئیبراهیم خەلیل و پێشخابور وەک جاران بەدەست حکومەتی هەرێمەوەیە

مه‌سعود حه‌یده‌ر-په‌رله‌مانتاری عیراق

مەسعود حەیدەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق لەسەر فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتی دەکاتەوە حکومەتی عیراقی دەستی بەسەر خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل و پێشخابوردا دا گرتبێت و دەڵێت"وەک جاران بەدەست حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە و بەڕێوەی دەبات. "

مەسعود حەیدەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق لەمیانی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا وتی"تا ئێستا خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل و پێشخابور وەک جاران بەدەست حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە و دەستی بەسەردا نەگیراوە بەڵام حکومەتی عیراقی بەردەوام هەوڵ دەدات دەست بەسەر ئەو دوو خاڵە سنورییەدا بگرێت چونکە بەشادەماری ئابوری و ناردنە دەرەوەی نەوت بۆ تورکیا دادەنرێت."

هەفتەی ڕابردوو چەند کەناڵێکی عیراقی چەند دیمەنێکی چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عیراقیان بڵاوکردەوە کە بەوتەی ئەو کەناڵانە ئەو گرتانە دیمەنی دەست بەسەردا گرتنی ئەو دوو خاڵە سنورییەن لەلایەن سوپای عیراق و چەکدارانی حەشدی شەعبیەوە. "

مەسعود حەیدەر دەڵێت"لە دونیای تەکنەلۆژیادا دروستکردنی ئەو دیمەنانە مەحاڵ نیە،ئەوەی هەیە هێزێکی سەربازی بچوکی عیراقی لەو سنورەن ئه‌ویش لەبەشی تورکیا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا لەوێن،پێشم وایە ئەو هەماهەنگیە تا ماوەیەکی زۆر بڕناکات به‌هۆی گۆڕانی هاوكشه‌ سیاسیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا،بەڵام ئەو هێزە سەربازیە عیراقیە لەمێژە لەوێن و لەبەشی تورکیا لەوێن وەک پێشتر وتم. "

وتیشی"چەند دیمەنێکی سەردانی بەرپرسە باڵا سەربازییەکان بۆ سنوری ئیبراهیم خەلیل بڵاوکرایەوە لەڕاستیدا ئەوانەش لەو دیوەوە لەسنوری تورکیا بوون. "

مەسعود حەیدەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق وتیشی"ئاسان نیە عیراق بتوانێت بێتە ناو خاڵە سنورەکانی ئیبراهیم خەلیل و پێشخابور چونکە دەبێت مەسافەیەکی زۆر بيتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، وە دەبێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم"

مەسعود حەیدەر باسی لەوەشکرد،لەدوای(16)ئۆکتۆبەر کە ڕێکەوتن کرابوو بۆ کشانەوەی پێشمەرگە لەناوچە کێشە لەسەرەکان باس لەوەدەکرا کە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەخرێتەوە کار بەڵام ڕەنگە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکی ڕێکەوتنەکەوە ئەوە جێ بەجێ نەکرا'

ئەو پەرلەمانتارە کوردە بەکارهێنانی سوپا لەلایەن حکومەتی عیراقیەوە بەنادەستوری ناوبرد و بەڵام لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی کە بەنادەستوری دەزانن وەک فراکسیۆنە کوردییەکان لەدادگای دەستوری سکاڵا لەسەر حکومەتی عیراقی و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان تۆمارناکەن؟

مەسعود حەیدەر وتی"بەداخەوە کێشە و ململانێ سیاسیە ناوخۆییەکانی هەرێم ڕەنگی داوەتەوە لەسەر کاری فراکسیۆنەکوردییەکانیش لەبەغداد و تا ئێستا هۆکارەکەی ئەوەیە نەمانتوانیوە سکاڵا تۆماربکەین و هەڵوێستێکی یەکگرتووی وا بنوێنین."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ له‌گه‌ڵ مه‌سعود حه‌یده‌ر-په‌رله‌مانتاری عیراق