حه‌یده‌ر شه‌شۆ:خه‌ڵكی شه‌نگال له‌ په‌كه‌كه‌ بێزاره‌،په‌كه‌كه‌ زیانی زۆرتر بووه‌ له‌ قازانج بۆ شه‌نگال

حه‌یده‌ر شه‌شۆ سكرتێری پارتی ئێزیدی دیموكرات له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌دواداچونێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند"په‌كه‌كه‌ بۆ شه‌نگال و ئێزیدییه‌كان زیانی زۆرتر بووه‌ له‌ قازانج و وتیشی،خه‌ڵكی شه‌نگال داوایان كردووه‌ په‌كه‌كه‌ بكشێته‌وه‌ چونكه‌ له‌ قازانجی شه‌نگاله‌، هاوكات ئه‌وه‌شی وت"له‌ سه‌ره‌تای ئازادكردنی شه‌نگال خه‌ڵكی شه‌نگال په‌كه‌كه‌یان زۆر خۆش ده‌ویست و ڕێزیان لێده‌گرت به‌ڵام دوای مامه‌ڵه‌ی خراپی په‌كه‌كه‌ و بردنی سه‌دان كوڕ و کچی خوار هه‌ژده‌ ساڵانه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ چه‌كدار، هه‌روه‌ها دیارنه‌مانی كه‌لوپه‌له‌كانیان خه‌ڵك له‌و مامه‌ڵانه‌یان بێزار بووه‌."

حه‌یده‌ر شه‌شۆ وتیشی"له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییه‌دا خه‌ڵكی شه‌نگال زۆر بێزاربوون له‌ په‌كه‌كه‌،چونكه‌ وه‌ك وتم،به‌سه‌دان كوڕ و كچی ده‌ساڵ و دوانزه‌ ساڵان بردووه‌ له‌ مه‌قه‌ڕه‌كان كردویانن بە چه‌كدار، وه‌ له‌ خانه‌سور خه‌ڵك ده‌ڵێن ماڵ و كه‌لوپه‌لمان براوه‌."

حه‌یده‌ر شه‌شۆ قسه‌كانی مه‌حما خه‌لیلی پشت ڕاستكرده‌وه‌ كه‌ له‌ وتوێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مەریكا ڕایگه‌یاندبوو"په‌كه‌كه‌ ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی."

له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌یده‌ر شه‌شۆ وتی"ڕاسته‌ له‌ زۆر حاڵه‌تدا په‌كه‌كه‌ ڕێگرن له‌ به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی، په‌كه‌كه‌ له‌ ناو شه‌نگال هه‌ندێک كارده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێک جێگا جگه‌ له‌ بردنی سه‌دان كچ و كوڕه‌ گه‌نجه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بیانكه‌نه‌ چه‌كدار كه‌لوپه‌ل و موڵكی خه‌ڵك به‌كارده‌هێنن، خه‌ڵكی شه‌نگال بێزاربووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی په‌كه‌كه‌."

ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال، حه‌یده‌ر شه‌شۆ وتی"خه‌ڵكی شه‌نگال و ئێمه‌ش نامانه‌وێت شه‌نگال وه‌ک عه‌فرینی لێ بێت و په‌كه‌كه‌ ببێته‌ بیانوی هێرشكردنه‌ سه‌ر شه‌نگال له‌لایه‌ن توركیاوه‌، ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌وه‌ی ویست ده‌ست به‌سه‌ر شه‌نگالدا بگرێت ئه‌وا بێگومان ئێمه‌ به‌رگری ده‌كه‌ین."

حه‌یده‌ر شه‌شۆ ئه‌وه‌شی وت"ئه‌گه‌ر ئامانجی هێرشكردنی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال به‌ ته‌نها په‌كه‌كه‌ بێت و هیچ زیانیان بۆ خه‌ڵكی شه‌نگال نه‌بێت و ده‌ست به‌سه‌ر شه‌نگالدا نه‌گرن وه‌ک عه‌فرین ئه‌وا ئێمه‌ شه‌ڕی توركیا ناكه‌ین له‌ شه‌نگال، هه‌رچه‌نده‌ ناخوازین كه‌ ئه‌وه‌ ڕوبدات، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ ناوخۆی توركیا ."

سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال،حه‌یده‌ر شه‌شۆ وتی"له‌ به‌یاننامه‌كانی خۆیاندا په‌كه‌كه‌ وتیان كشاوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یه‌په‌ژه‌ له‌ ناو شه‌نگال ماونه‌ته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وانه‌ عێراقین و خه‌ڵكی شه‌نگالن وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئێستا یه‌په‌ژه‌ جۆته‌ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی واته‌ به‌ فه‌رمی سه‌ر به‌و هێزه‌یه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ حەیدەر شەشۆ