هۆشیار زێباری:هێشتا وه‌ك كورد به‌رژه‌وه‌ندیمان له‌به‌غداد ماوه‌

هۆشیار زێباری-ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دارایی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەڵێت"ئەگەرچی بوونی فرەلیستی واتای دیموکراسی و بڕوامان پێی هەیە، بەڵام ئەم فرە لیستیەی کورد بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عیراق دیاردەیەکی تەندروست نیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک گەورەترین حیزب هەوڵ دەدات لە دوای هەڵبژاردنەکان هەموو لیستە کوردییەکان لە یەک لیستدا یەک بگرن، چونکە فرسەتێک بۆ کورد هاتۆتە پێش کە یەک دەنگ بێت ئەگەر بتوانین دوای هەڵبژاردنەکان کورد یەکگرتوو بێت ئەوا دەتوانین بەشداربین لە پۆستە سیاسیەکان و سوود وەرگرتن لە سامانی ئەم وڵاتە."

زێباری لە سەرەتای گفتوگۆکەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باسی لە گرنگی بەشداریکردنی کورد کرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و وتی"بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی مانگی داهاتووی عێراقدا گرنگە، چونکە هەموو مافە دەستورییەکانی کورد کە لەو دەستورەی هەموان دەنگیان پێداوە چەسپێنراوە، بۆیە دەبێت لە پەرلەمان و لە بەغداد بین، تا بتوانین بەرگری لەو مافانەمان بکەین بەپێی ئەو دەستوره."

هۆشیار زێباری ئاماژەی کرد"کورد لە بنیادنانەوەی عێراقی فیدراڵدا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، وە لە چەند ساڵی ڕابردودا توانیوێتی خزمەتی باش بە کوردستان و گەلی کوردستان بکات لە بەغداد توانیوێتی لە ئاستە بەرزەکان نوێنەرایتی بۆ کورد دەستبخات بەڵام بەداخەوە لە دوای ٢٠١٢ بە بەرنامە هەوڵدرا ڕۆڵی کورد لە بەغداد کەمبکرێتەوە."

سەبارەت بەوەی تا چەند سەنگ و قورسایی کورد وەک جاران ماوە لەبەغداد؟ هۆشیار زێباری وتی"بێگومان کورد قورسایی خۆی هەر ماوە بەڵام وەک جاران بەو شێوازە گەورەیە نا چونکە دۆخی هەموو لایەک تێکچووە نە کورد نە سوننە نە شیعە هیچیان یەک لیست و یەکگرتوو نەماون ئەو سەردەمەش بە سەرچوو، بەپێی ڕاپرسیەکان کە کراوە کە هەر لیستێک بڵێت-١٠٠ یا ٧٧ کورسی یان ٨٠ کورسی دهێنێت چونکە هەموویان لەت‌لەت بوون، بۆیە فرسەتێک بۆ کورد هاتۆتە پێش کە یەک دەنگ بێت ئەگەر بتوانین دوای هەڵبژاردنەکان کورد یەکگرتوو بێت ئەوا دەتوانین بەشداربین لە پۆستە سیادیـیەکان و سوود وەرگرتن لە سامانی ئەم وڵاتە."

هۆشیار زێباری لەبارەی ئەوەی کوردانی هەرێمی کوردستان بە چەند لیستێکی جیاواز بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کردووە وتی"ئێمە لەلایەک بڕوامان بە دیموکراسی و فرە لیستی و کێبڕکێی دیموکراسیانە هەیە بەڵام بۆ ئەم دۆخە ئەم فرە لیستیەی کورد دیاردەیەکی تەندروست نیە بە تایبەت بەهۆی ئەو تەحەدایانەی کورد ڕوبەڕوی بۆتەوە، بەڵام من گەشبینم کە دوای هەڵبژاردن ماڵی خۆمان یەک بخەینەوە و ببینە یەک لیست."

هەروەها ئەوەشی وت" پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین حیزبی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات کە هەموو لایەنەکان دوای هەڵبژاردن ببنە یەک لیست و کورد لە بەغداد لە ناو پەرلەمان و دامودەزگاکانی بەغداد پێگەی بەهێزبێت."

زێباری باسی لەوەشکرد هەموو ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی ڕابردودا بەسەر کورد هاتن، لە دەرکردنی وەزیر و بەرپرسە کوردەکان لە بەغدا و داخستنی فڕۆکەخانەکان و هاتنەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بەهۆی ناکۆکی نێوان کوردەکان خۆیان بووە و ئەو بە نەهامەتی ناوی برد، لەو ڕوەوە وتی" هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەرمان هات لە ڕابردوودا بەهۆی ئەو ناکۆکیانەی کورد خۆی بوو لە کوردستان کە ڕەنگی دایەوە لە ناو فراکسیۆنە کوردستانیەکانی بەغداد بەداخەوە هەڵوێستمان لاواز بوو هیوادارم هەمو لایەک وانەی لێ وەربگرن، بەڵام نمونەیەکی گەشبینیانە هەیە ئەویش سەرەڕای بوونی کێشەی ناوخۆیی لە کوردستان بەڵام فراکسیۆنە کوردستانیەکان یەک دەنگ بوون لە بابەتی بەشە بودجەی هەرێم کە ئەوەش کاریگەری زۆرباشی هەبوو، بەڵام ئەگەر کورد یەک دەنگ بوایە بێگومان نەیاندەتوانی دەست بدەن لە ئیستحقاقی کورد کە تۆڵەیەکی سیاسی بوو لەو وەزیرانەی ڕۆڵیان هەبوو بەداخەوە هەندێک لایەنیش لەگەڵی ڕۆیشتن."

هۆشیار زێباری لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانتارە کوردەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەگەڵ لێسەندنەوەی متمانەبوون لێی ئەو کاتەی وەزیری دارایی بوو وتی"ئێسا زۆر لایەن چ لە بەغداد چ لە کوردستان پەشیمانن ئەوانەی لەگەڵ لێسەندنەوەی متمانەبوون لە من، هەڵەیەکی گەورە بوو کە ئەو هەڵوێستەیان هەبوو، بەڵام ژیان ڕاناوەستێت مرۆڤ سوود لە هەڵەکانی دەبینێت."

لە(٢٥)ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو زۆرینەی کوردانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەنگیان دا بە دەوڵەتی سەربەخۆ، پرۆسەکەش لەسەر ڕێکەوتنی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، سەبارەت بەوەی تا چەند دژ بەیەکە کورد لە شەش مانگدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات، بەڵام دواتر بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتێک دەکاتەوە کە بەنیازبوو لێی جیابێتەوە؟ هۆشیار زێباری وتی" ئێمە هیچ دژبەیەکیەک نابینین لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چونکە ڕیفراندۆم مافی چارەی خۆنوسی گەلێک بوو ئەو پڕۆسەیە کۆتایی هاتبوو هەموو کەسێک لە عێراق و دەرەوەی عێراق دەیانزانی ئەو بۆچونەی هەیە بەڵام ئێمە بە دەنگدان دەرمانخست لە٩٣%ی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕیفراندۆمن، ئیتر ئەمە هیچ دژبەیەکیه‌كی تێدا نیە."

هۆشیار زێباری زیاتر دواو وتی"هێشتا ئێمە بەرژەوەندیمان هەیە لە بەغداد بە تایبەت پاش هاوکێشەکانی(١٦)ی ئۆکتۆبەر هەموولایەک نەک تەنها ئێمە هەتا بەغداش هەستی کرد کە چەترێک هەیە دەبێت بگەڕێینەوە ژێر ئەو چەترە ئەویش چەتری دەستورە، بۆیە ئێمە هیچ هاودژەیەک نابینین دەتوانین لە هەمان کاتدا هاوڵاتیەکی باشی كوردستانی بین وە لە هەمان کاتیشدا هاوڵاتیەکی باشی عیراقی بین."

دەربارەی بوونی کاندیدی عەرەب لە هەرێمی کوردستان وە کاندیدی کورد لە ناو لیستە عەرەبیەکان، هۆشیار زێباری وتی"خەڵک ئازادن دەتوانن لە هەرشوێنێک کەمپین و هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن ڕاستە هەندێک کورد چونەتە ناو لیستە شیعە و عەرەبەکان ، بەڵام بەبۆچونی من ئەو خوشک و برا کوردانەی دەچنە ناو لیستە عەرەبەکان زیان لە خۆیان دەدەن ئەگەر لە نێو کوردا بوونایە باشتربوو، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دوو عەرەبی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کاندیدن لە لیستەکەمانن. ئێمە وەک گەورەترین حیزبی کوردستان بەرپرسیارێتمان قورسترە بەڵام دەزانین میللەت هۆشیارە و تێدەگات کێ دەیپارێزێت، هەتا لەم کێشانەی دوایدا هەندێک لایەن هەوڵیان دا بەڵام حکومەتی عێراقی عاقڵانە تێگەیشت کە تاکە مەرجەعیەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە هەولێر بۆ ئەوەی دانوستانی لەگەڵ بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی(ژیار محه‌مه‌د)له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هۆشیار زێباری