مه‌شعان جبوری؛ له‌ناو په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ واژۆ كۆده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ لادانی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌پۆسته‌كه‌ی

مه‌شعان جبوری سه‌رۆكی حیزبی نیشتمان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق

مه‌شعان جبوری سه‌رۆكی حیزبی نیشتمان و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌ عه‌ره‌بكانی سوننه‌ و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراقی ڕه‌خنه‌ له‌سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌گرێت و ده‌ڵێت" له‌زۆربه‌ی ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانیدا لە زۆربه‌ی بارەی ئەو ڕووداوانه‌ی لە عێراق ڕوودەدەن، هەمیشە ڕاوبۆچوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە نەک وەک نمونەی سمبوڵی دەستور یان سمبوڵی یەکگرتوویی گەلی عێراق بێت ته‌نانه‌ت له‌ڕاوێژكاران و فه‌رمانبه‌رانی سه‌رۆكایه‌تیشدا، ده‌شڵێت نه‌ده‌بوو هه‌ڵه‌یه‌كی وا زه‌ق بكات پرسیار له‌دادگای فیدراڵی بكات چونكه‌ ده‌زانێت ئه‌و كاری ئه‌و و دادگاش نیه‌، هه‌روه‌ها ئاشكراشیده‌كات له‌ناو په‌له‌مانی عیراق هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ ده‌درێت بۆ لادانی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌پۆسته‌كه‌ی، باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن یاسای په‌رله‌مان جێ به‌جێ نه‌كات هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ده‌چنه‌ زیندانه‌وه‌."

مه‌شعان جبوری له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌گفتوگۆی لیست و لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان وتی"وای بۆ ده‌چم ئه‌و گفتوگۆیانه‌ هه‌ندێكیان په‌له‌ییان پێوه‌دیاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئه‌م ساته‌ زووه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان، ده‌شێت گه‌رده‌لولێك له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دروست بێت پێش ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند بكات، وه‌ك ده‌زانرێت چه‌دین تانه‌ دراوه‌ له‌و ئه‌نجامانه‌ی هه‌ڵبژاردن."

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو تاریق حه‌رب شاره‌زای یاسای ده‌ستوری و یاسا گشتیه‌كان له‌عیراق له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو بڕایره‌كانی په‌رله‌مان ته‌واو نین، پێویسته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ به‌یاسا بێت نه‌ك به‌بڕیار.

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ی عیراق مه‌شعان جبوری ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" له‌په‌رله‌مانی عیراق خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ كرا كه‌ پێشتر به‌ بڕیار په‌سه‌ندی كردبوو په‌رله‌مان، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ڕابردوش سه‌باره‌ت به‌ جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان كۆمسیۆن بڕیاری دا، سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاننه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش وه‌ك وتم ئێستا له‌گفتوگۆی په‌رله‌مانه‌ كه‌بكرێته‌ یاسا، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش گۆڕانكاری به‌ڕێژه‌ی گه‌وره‌ و زۆر بۆ ئه‌وانه‌ دروست ده‌كات كه‌بانگه‌شه‌ی بردنه‌وه‌یان ده‌كرد ئه‌وانه‌ی كورسی زۆریان به‌ده‌ست هێنابوو ئه‌نجامه‌كه‌یان وه‌ك ئێستا نامێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستا زووه‌ باس له‌ ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت."

جبوری ڕه‌خنه‌ی له‌شێوازی گفتوگۆی لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان گرت بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی و وتی" ڕێگه‌م پێبده‌ ئه‌مه‌ بڵێم به‌داخه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٣وه‌ پۆسته‌كان له‌عیراقدا هۆكارێكن بۆ ده‌سكه‌وت و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتن، وه‌ هۆكارێكه‌ بۆ ڕزق په‌یداكردن و گه‌نده‌ڵی و گه‌یشتن به‌ سه‌روه‌ت بۆ حیزب و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان و خزمه‌كانیان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هۆكارێك نه‌بووه‌ بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت یاخود هه‌ركاروبارێك په‌یوه‌ندی به‌ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین ئێستا له‌هه‌وڵی دانانی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ن، له‌دانوستانه‌كان هه‌موی ده‌بینن باسی پۆست ده‌كه‌ن ئه‌و به‌وی تریان ده‌ڵێت ئاماده‌م بۆ پێدانی هه‌ر پۆستێكی باڵا هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین ئاراسته‌كان به‌گشتی به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ حكومه‌ت حكومه‌تی زۆرینه‌ بێت نه‌ك به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كان هه‌روه‌ك چۆن له‌پێشتر وا ڕۆیشتووه‌."

هه‌روه‌ها باسی لهوه‌ڵامدانه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كرد بۆ بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عیراق و وتی" ڕێگه‌م بده‌ بڵێم كۆمسیۆن ئێستا پابه‌ند نین به‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی خۆیان وتیان ئه‌و بڕیاره‌ شیاوی جێ به‌جێكردن نیه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هاتوین بیكه‌ینه‌ یاسا له‌قۆناغی بڕیار تێمان په‌ڕاند وه‌ هه‌ركه‌س یاسا جێ به‌جێ نه‌كات ئه‌وا ده‌چێته‌ زیندان، كۆمسیۆن دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ سه‌ر به‌په‌رله‌مان هه‌روه‌ك دامه‌زراوه‌كانی تری ده‌وڵه‌ت كه‌ به‌یاسای په‌رله‌مان كارده‌كه‌ن، ئێمه‌ ده‌ستمانكرد به‌هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایه‌، هه‌تا له‌ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ پابه‌ندییه‌ك وه‌ بڕگه‌یه‌ك دابنێین كه‌ كۆمسیۆن پابه‌ند بكات به‌جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی كۆی ده‌نگه‌كان به‌ڕێژه‌ی له ١٠%، ده‌ركه‌وت له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ئه‌ژمارردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ بوو كه‌ ڕایانگه‌یاند، ئه‌وه‌ش وا پێویست ده‌كات جارێكی تر كۆی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست جیابكرێنه‌وه‌ و ئه‌ژماربكرێنه‌وه‌ له‌هه‌موو عیراقدا."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌ی ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن پابه‌ند نه‌بوو به‌و بڕیاره‌ هه‌ڵوێستان چی ده‌بێت؟مه‌شعان جبوری وتی" كه‌س ناتوانێت یاسا جێ به‌جێ نه‌كات، یاسا به‌واجبی هه‌موو كه‌س و لایه‌نه‌كان ده‌بێت جێ به‌جێی بكه‌ن، كۆمسیۆن ناتوانێت یاسا جێ به‌جێ نه‌كات، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نیه‌، ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیاكردۆته‌وه‌ هه‌ستاوه‌ به‌به‌دیاریكردنی ئه‌ركی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان په‌رله‌مانیش مافی یاسادانانی هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت پێوه‌ی پابه‌ند بن به‌ كۆمسیۆنیشه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆن ده‌چنه‌ زیندانه‌وه‌."

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی به‌ داوا و پرسیاركردنه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ دادگای ده‌ستوری، مه‌شعان جبوری سه‌رۆك كۆماری عیراقی تۆمه‌تباركرد به‌ ئه‌نجامدانی كاری حیزبی و وتی" جارێ یەکەم بە داخەوە، زۆربەی ڕەفتار و هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆمار لە بارەی ئەو ڕووداوانه‌ی لە عێراق ڕوودەدەن، هەمیشە ڕاوبۆچوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە نەک وەک نمونەی سمبوڵی دەستور یان سمبوڵی یەکگرتوویی گەلی عێراق بێت. به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم، به‌داخه‌وه‌ دوباره‌ له‌زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا وابووه‌."

جبوری وتیشی"من له‌گه‌ڵ دكتۆر فوئاد مه‌عسومدا زۆركارم كردووه‌ ده‌یناسم هه‌ر له‌كاتی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كاتی و پێشتر سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن بون، توشی موفاجه‌ئه‌ بوم به‌م حیزبایه‌تیه‌ی، به‌داخه‌وه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بۆته‌ شوێنی ئه‌داكردنی حیزبێك كه‌ پۆسته‌كه‌ی پێدراوه‌ وه‌ك پشك، هه‌تا له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمانبه‌ران و ڕاوێژكاره‌نی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ئه‌و مۆركه‌ حیزبیه‌ی پێوه‌دیاره‌. پاشان سه‌رۆك كۆمار خۆی خستۆته‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ هیچ بیانویه‌ك بۆ ئه‌و هه‌ڵه‌ زه‌قه‌ نیه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و پارێزه‌ری ده‌ستوره‌، ده‌زانێت كه‌ له‌ئه‌ركه‌كانی كه‌ده‌ستور بۆی دیاریكردووه‌، كاری دادگای باڵای عیراق پرسیاركردن نیه‌ لێی ، دادگای باڵا كاری یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانه‌ وه‌ چاودێریكردنی ده‌ستوری بونی یاساكانه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، نه‌ك كاری پرسیار ڕاوه‌رگرتن،سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێت تانه‌ له‌ویاسایانه‌ بدات كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت نه‌ك داوای شیكردنه‌وه‌ و پرسیاركردن بكات له‌دادگای فیدراڵی."

مه‌شعان جبوری به‌وته‌ی خۆی ئاماژه‌ی به‌هه‌ڵه‌یه‌كی تری ده‌ستوری كرد كه‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ نوسراوه‌كه‌ی بۆ دادگای فیدراڵی عیراق ئه‌نجامیداوه‌، ده‌ڵێت"بابه‌تێكی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌كه‌ی ڕاسپاردووه‌ ئیمزای نوسراوه‌كه‌ی ئه‌و داوایه‌ بكات كه‌ ئاڕاسته‌ی دادگای فیدراڵی كردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش پێشێل كردنی یاسایه‌ وه‌ پێشێلكاریه‌ به‌رامبه‌ر دادگای فیدراڵی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دادگای فیداراڵی و سه‌رۆكی دادگاكه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیان هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ ئاستێكی باڵادا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكرێت نوسراو و داواكاری ئاڕاسته‌ بكرێت."

مه‌شعان جبوری له‌ گفتوگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌وڵی چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی عیراقی دا بۆ لادانی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ پۆسته‌كه‌ی و وتی"له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق پلانی جدی به‌كردار داده‌نێین كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ڕێزنه‌گرتن له‌ده‌ستور وه‌ جێ به‌جێ نه‌كردنی ئه‌ركه‌ ده‌ستوریه‌كانی وه‌ك سه‌رۆك كۆمار، هه‌ندێك له‌ ئێمه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌ده‌ین ده‌نگ كۆبكه‌ینه‌وه‌ بۆ لادانی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ پۆسته‌كه‌ی، ئه‌م هه‌وڵانه‌ش هه‌وڵی ڕاسته‌قینه‌ی چه‌ند ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانن به‌مه‌به‌ست و ئاڕاسته‌ی لادانی سه‌رۆك كۆمار له‌پۆسته‌كه‌ی، ڕاسته‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ گه‌وره‌ و فراوان نین به‌ڵام ئه‌وه‌ نیشاندانی ده‌ربڕینی توڕه‌یی و نیگه‌رانی یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراقیه‌وه‌ له دژی ئه‌و ڕێگا و شێوازه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق مامه‌ڵه‌ی پێده‌كات. "

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ سه‌ر به‌كام فراكسیۆنانه‌ جبوری وتی" له‌هه‌موو لیسته‌كان، هه‌تا لیسته‌كوردییه‌كانیش، ئێوه‌ یا هه‌ركه‌س له‌به‌یاننامه‌ی سێ حیزبه‌كه‌ مه‌به‌ستم ( بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و حیزبه‌كه‌ی به‌سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر به‌هه‌م وه‌ پێده‌چێت ئیسلامیه‌كانیش، بینیان ئه‌و قسانه‌یان كردبوو به‌رامبه‌ر سه‌رۆك كۆمار كه‌من ئێستا ده‌یكه‌م."

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی به‌شداری حیزب و لیسته‌ سوننیه‌كانی عیراق له‌ گفتوگۆی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عیراقیه‌كان سه‌باره‌ت به‌پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق؟مه‌شعان جبوری كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌ سوننه‌ دیاره‌كانی عیراق و سه‌رۆكی حیزبی نیشتمان، وتی"له‌ڕاستیدا ڕۆژی ڕابردوتر كۆبونه‌وه‌یه‌كمان هه‌بوو ،هه‌تا ئێستا هه‌ڵوێستێكمان گه‌ڵاڵه‌ نه‌كردووه‌، ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی سونه‌ كه‌ ساختكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كان ڕه‌تبكاته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ساخته‌كاریه‌وه‌ ده‌نگه‌كانیان به‌رز بۆته‌وه‌ ، یا به‌هۆی ساخته‌كاریه‌وه‌ سودمه‌ند بوون، ئه‌وانه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كیان پێكهێناوه‌ ئێستا كێ بڕكێ ده‌كه‌ن بۆ چونه‌ ناو هاوپه‌یمانێتیه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا وای بۆ ده‌چم سوننه‌كان له‌هه‌وڵی دروست كردنی ئه‌و به‌ره‌یه‌ بن دژ به‌و ساخته‌كاریانه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی ساخته‌كارییه‌كان له‌پارێزگا سونییه‌كانی عیراق و به‌غداد كراوه‌ ، به‌ بۆچونی من ئه‌و ساخته‌كاریانه‌ی له‌ پارێزگا سوننیه‌كان كراوه‌ به‌ڕێژه‌ی له‌ ٥٠% تا له‌هه‌ندێك شوێن گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ ٦٠% ، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی هێنراون به‌وشێوه‌یه‌ نین له‌پارێزگا سونییه‌كان، له‌پارێزگا سونییه‌كان چه‌ك به‌كارهێنرا، ماڵ و سامان، میلیشیا،به‌كارهات ساخته‌كاری له‌خواست و ویستی خه‌ڵك كرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و ڕاسپاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ ناكه‌ین پێش ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیار و یاساكانی په‌رله‌مانی عیراق جێ به‌جێ نه‌كرێت،بۆ به‌دیهێنان و دڵنیا بونه‌وه‌ له‌و ئه‌نجامانه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌ ئایا نوێنه‌رایه‌تی خواست و ویستی گه‌لی عیراق ده‌كات یاخود نا."

جبوری جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی سوننه‌كانی عیراق له‌هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ستیان هێناوه‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نین و وتی" من پێم وایه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ وه‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی پشتی پێ به‌ستراوه‌ به‌ته‌نها بۆ ئێمه‌ نا، به‌ڵكو بۆ هه‌موان، ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان نین، هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامان هه‌ن ده‌نگیان كڕیوه‌ هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی له‌ پێشوتر پێی بونه‌ته‌ په‌رله‌مانتار، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا ناچێته‌وه‌ بۆ ناو كه‌سوكار و شاره‌كه‌ی خۆی، هه‌ر بۆ نمونه‌ له‌ پارێزگایه‌كی وه‌ك سه‌ڵاحه‌دین په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌سه‌ردانیش نه‌چۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ ته‌نانه‌ت بۆ ناو خزم و كه‌سی یا بۆ سه‌ردانی دایك و خێزانی نه‌چۆته‌وه‌ باشه‌ چۆن له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌رچوو؟ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌ كۆمسیۆنی گه‌نده‌ڵ له‌و پارێزگایه‌ كڕی"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی وه‌ك سوننه‌كان ترستان له‌ په‌راوێزخستنتان هه‌یه‌ له‌ حكومه‌تی داهاتووی عیراق؟مه‌شعان جبوری وتی"نه‌خێر وای بۆ ناچم، چونكه‌ ئێمه‌ به‌دوای ئه‌وه‌دا ناچین چ پۆستێك ده‌درێته‌ سوننه‌، به‌ڵكو به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌چین حكومه‌تێكی دادپه‌روه‌ر و ده‌ست پاك دروست ببێت ، وه‌ك خودی خۆم وه‌ زۆر له‌ په‌رله‌مانتاره‌ سوننه‌كان ئه‌وه‌ ناسه‌پێنین و نایكه‌ینه‌ مه‌رج كه‌ده‌بێت ئه‌و پۆسته‌ بدرێته‌ سوننه‌ یا بدرێته‌ كه‌سانی تر، ئێمه‌ وه‌ك سوننه‌ به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌چین كه‌كه‌سانێكی به‌ویژدان و پاك و دادپه‌روه‌ر پۆسته‌كان وه‌ربگرن ، له‌ناو كورد و شیعه‌دا كه‌سانی دادپه‌روه‌ر و به‌ویژدان هه‌بوون كه‌ خزمه‌تیان به‌ سوننه‌كان به‌جۆرێك كردووه‌ زیاتر له‌كه‌سێكی سوننه‌ ئه‌گه‌ر له‌و پۆسته‌دا بوایه‌".

له‌دواین به‌شی گفتوگۆكه‌دا مه‌شعان جبوری سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی عیراق باسی له‌وه‌كرد" له‌ڕاستیدا دۆخی ئێستا له‌ عیراق خراپه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو توانایه‌ی وڵات هه‌یه‌تی به‌ڵام گه‌له‌كه‌ی هه‌ژار و برسین، وڵات له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و ته‌ندروستی و هه‌موو بواره‌كانی ژیان به‌ره‌و دواوه‌ چووه‌، به‌بۆچونی من داهاتووی عیراق ناڕوون ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌ كارنه‌كه‌ین كه‌ ئاڕاسته‌ی بنیادنانه‌وه‌ی نوێ و هه‌مواركردنی ده‌ستور به‌جۆرێك ڕێگری بكات له‌ گه‌نده‌ڵكاران، وه‌ ئه‌وانه‌ی تێوه‌گلاون له‌ گه‌نده‌ڵی، هه‌روه‌ها حیزبه‌ ئاینیه‌كان و تائیفیه‌كان له‌به‌شداریكردن له‌به‌ڕێوه‌بردنی وڵات."

ده‌قی وتووێژه‌كه‌؛

خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگ؛ سمكۆ عه‌زیز

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌شعان جبوری