دادوەر سەروەر عەلی جهعفهر دادوەری دادگای سلێمانی دەڵێت" دەبوو بەیاننامەکەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق ئاماژەی بەوە بکردایە کۆمسیۆن دەتوانێت پلانی جێگرەوە دابنێت لە جیاتى پرۆسەى جیاکردنەوەو ژماردنى ئەلیکترۆنى بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکان، ئەو پلانەش لەم کاتەدا جیاکردنەوەی دەنگەکانە بەدەست، دەشڵێت" بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەتوانێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەند نەکات بەپێی مادەى(٤بڕگەى ٧) لە یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن."
دادوەر سەروەر عەلی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژیار محهمهد لهبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی" لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی دادوەری ڕاستە چەند خاڵێک لەبارەی سکاڵاتۆمارکردن و تانەدان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان خرابوونە ڕوو، ڕاستە لە یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى ژمارە(١١)ی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ کۆمیسیۆنێک دانراوە کە کۆمیسیۆنێکى تەواو سەربەخۆ و بێگەردبێت تەنانەت ئەوەندە سەربەخۆ بن کە لە دەرەوەی خۆی داواکاری گشتیش نەتوانێت سکاڵا تۆماربکات و تەنها دەبێت لە لایەن ئەو کۆمیسیۆنەوە سکاڵا تۆماربکرێت لەدادگا لەسەر هەبوونى ساختەکارى یان هەر تاوانێکى ترى تاوانكاری"جینائی" ، تەنها ئەوە هەیە کە بە پێى مادەى (٦)ى هەمان یاسا ئەنجومەنى نوێنەران دەتوانێت هەموو ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمیسیاران یان هەریەکەیان لە کارەکەیان دوور بخاتەوە ئەگەر سەرپێچى یاسایان کرد بەڵام بەڕاى من ئەوە لە دەسەڵاتى خولى نوێیە ئەو کارە بکات نەک ئەم خولەى ئێستا."
دادوهر سهروهر ئاماژهی بهوهشكرد" هەروەها لە یاساکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە ئەگەر لە هەڵبژاردن بە ڕێژەیەکی زۆر ساختەکاری ئەنجامدرا بتوانێت ئەنجامەکان هەڵبوەشێنێتەوە لە ناوچەیەک یا لە هەموو عێراق هەروەک بەیاننامەکەی ئەنجومەنی دادوەری عێراقیش بەو شێوەیە سەیرکراوە کە تەنها بە پێى سکالاکان و بەڵگەکان ئەگەر هەبوو لەسەر ساختەکارى ئەوا ئەنجامى ئەو وێستگەیە یان ئەو بنکەیە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە ئەمەش کەم وکورتییەکە لە یاساکەدا هەیە ."
ههروهها وتیشی" بەڵام دەتوانرێت شیکردنەوەیەکی یاسایی بۆ مادە(٤) لەیاساى هەموارى دووەمى یاساى هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت ، کە لە بڕگەى (أ)یدا هاتووە پێویستە جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئامێری ئەلیکترۆنی بێت، بەڵام لە بڕگەی(ب)ی هەمان ماددەدا دەڵێت" بۆ کۆمسیۆن هەیە پلانی جێگرەوە دابنێت بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگی دەنگدەران کەواتە ڕێگریەکی یاسایی نیە کە کۆمسیۆن بەدەست دەنگەکان ئەژماربکاتەوە واتە دەتوانێت هەموو ڕێگایەک بەکاربهێنێت جگە لە ژماردنی ئەلیکترۆنی واتە کاتێک کۆمسیۆن لایەنەکان سکاڵاو ناڕەزایى دەگرن دەبوو بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکان پلانی تر جێبەجێ بکات پلانی تریش لێرەدا بۆ ئێستا جیاکردنەوەی دەنگەکانە بەدەستى."
دادوەر سەروەر ئاماژەی بە ڕێکارە یاساییەکانی سکاڵا پێشکەشکردن کرد هەروەها لایەنی پەیوەندیدار بە بڕیاردان و سکاڵاکان کرد و وتی"نە ئەنجومەنی وەزیران، نە ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتیان لەم ڕووەوە نیـیە، ئەوەی هەیە سکاڵاکان دەبێت ببرێنە بەردەم ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەنجامى بڕیارى ئەنجومەنى کۆمیسیارانیش شیاوى تانە لێدانە لە بەردەم دەستەی هەڵبژاردنى تەمیزی و ، ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنیش پێویستە لەلایەن دادگای باڵاى فیدراڵی پەسەند بکرێت ئەگەر هەموو ئەو ڕێگا یاسایانەی بڕی و ئەنجامەکان پەسەندکران ئەوا لایەنە ناڕازییەکان هیچیان پێناکرێت وە ئەو لایەنانەش کە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕازین ئەگەر کۆمسیۆن لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیارى نەداو لە بەرژەوەندى لایەنە ناڕازییەکان بڕیاریدا ئەو ئەو لایەنانەش بە هەمان شێوە لە بەردەم دەستەی هەڵبژاردنى تەمیزی تانە بدەن واتە بۆ هەردوو لایەنەکە هەیە ئەگەر بە بڕیارى ئەنجومەنى کۆمیسیاران ڕازى نەبوون دەتوانن تانە لە بەردەم دەستەی تەمیزی بدەن."
دادوەر سەروەر لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ڕایگەیاند؛ ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیران داویەتی یاسایی نین، چونکە کۆمسیۆن سەر بە ئەنجومەنی وەزیران نیـیە و لە ژێر چاودێرى ئەنجومەنى نوێنەراندایە ،سەبارەت بە ئەنجومەنى نوێنەرانیش بە بۆچونی من کە هەڵبژاردن ئەنجامدرا ئەم پەرلەمانە دەسەڵاتی یاسادانان و لێپرسینەوەی کۆمسیۆنی نامێنێت چونکە لە سیستمی دیموکراسیدا وایە زۆرکات ئەوەی لە پەرلەمان زۆرینەیە لە هەڵبژاردنی نوێ دەبێتە کەمینە، بۆیە لە ژێر ئەو ناوانەوە ڕەنگە بیەوێت یاسا دابنێت یا ئیقالە بە کۆمسیۆن بکات ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەست لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و بە بۆچونی من ئەمە لەگەڵ بنەمای دیموکراسیدا ناگونجێت ئەم پەرلەمانەی ئێستا بێت یاسا دابنێت یا لێپرسینەوە لەگەڵ کۆمسیۆن بکات بەڵکو دەبێت بکەوێتە خولی نوێی پەرلەمان."
سەبارەت بەو کێشانەی ئێستا لە نێوان پەرلەمانی عێراق و کۆمسیۆن و سەرۆکایەتی کۆمار و دادگای فیدراڵی و هەروەها بەشێک لەلایەنە سیاسی و عێراقیەکان هەیە، دادوەر سەروەر عەلی وتی" ئەگەر ئەم دەزگایانە بە تایبەتى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەزگاى پیشەیی و دامەزراوەیی بن ئەوا زۆرى ئەو کێشانەى کە ئێستا هەیە روویان نەدەداو ئەو ساختەکاریە گەورەیەى کە باس دەکرێت نابێت ڕووبدات ، کە بە داخەوە لە عێراق و کوردستانیش ئەمانە هەر بەناو دامەزراوەن."
وتیشی" ئەوەی کە هەیە لە ڕێگەى سکاڵاو تانەوە دەبێت بەو شێوەیەى ئاماژەى پێدرا هەروەها دادگای باڵای فیدراڵى دەتوانێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەند نەکات بەهۆکارى بڕگەى مادەى ئاماژە بۆکراو کە بۆ کۆمسیۆن هەیە پلانى جێگرەوە بگرێتەبەر بۆ پاراستنی نەزاهەتى هەڵبژاردن و دەنگى دەنگدان کە ئەگەر بۆ دادگاى باڵاى فیدراڵى دەرکەوت شێوازی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی کێشەی هەبووە و ساختەکارى کراوەو کۆمسیۆن ئەو ڕێگایانەی نەگرتۆتەبەرلە ناویشیاندا جیاکردنەوەى دەنگەکان بە دەستى ئەوا دەتوانێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەند نەکات. بە ڕای من کە ئێستا ئەو دەقە دەبینم دەبێت دادگای فیدراڵیش بیبینێت کە کۆمسیۆن پێویستە پلانی تر وەک جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست یا هەر پلانێکی دی بگرێتەبەر بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر دادگای باڵای فیدرالیش بە پەسەندکردن یاخود پەسەندنەکردنی هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا، ئەوا بڕیارەکەى دادگای فیدرالی "مولزیمە" بۆ هەموو دەسەڵاتەکان و بڕیارێکی بنبڕە "بات"ه و شیاوی تانە لێدان نیە."