سه‌عید كاكه‌یی؛ دادگایی كردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران هه‌ر ڕووده‌دات

سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق

سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی سڕكراوی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ده‌ڵێت" دادگایی كردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق به‌ خۆشمه‌وه‌ بێگومان هه‌ر ڕووده‌دات به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌سه‌ر كات ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ی دادگا بڕیارده‌دات, چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕویدا نه‌ك پێشێلكاری به‌ڵكو تاوانی هه‌ڵبژاردن بوو، ده‌شڵێت" جۆرێك له‌سه‌ر لێشێواوی به‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانه‌وه‌ دیاره‌ بۆیه‌ ڕۆژمان گه‌یشت به‌م ڕۆژه‌."

سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌كرد" ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری سه‌رۆكێكی نوێی بۆ كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ جێگر و بڕیارده‌ر و ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ده‌ستنیشانكرد، كه‌ ئه‌وانه‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وكه‌ی كۆگاكانی كۆمسیۆن."

كاكه‌یی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقی تۆمه‌تباركرد به‌ كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی كۆمسیۆن و ڕایگه‌یاند"من به‌ش به‌حاڵی خۆم كۆمسیۆن به‌به‌رپرس ده‌زانم له‌كه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ چونكه‌ ئاگره‌كه‌ له‌ناوه‌وه‌ی كۆگاكه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن به‌رپرسه‌ له‌پاراستنی ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی ئه‌و كۆگایانه‌."

سه‌عید كاكه‌یی وتیشی" ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران سه‌رلێشێواویه‌كیان پێوه‌ دیاره‌ چونكه‌، له‌ناوه‌ڕۆكی یاسا و بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عیراق تێناگه‌ن ئه‌گه‌رنا ڕۆژمان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌م ڕۆژه‌ به‌هۆی ئه‌و پێداگری و تێنگه‌یشتنانه‌یان بۆ یاساكان ڕۆژه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌كۆگاكاندا ئه‌و ئاگره‌ بكرێته‌وه‌، كه‌زیانێكی زۆر به‌ر كه‌لوپه‌له‌كانی كۆمسیۆن كه‌وتووه‌، ئه‌و هه‌شت ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌ی كۆمسیاران به‌ڕاستی له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی یاسا و ئیداره‌ تێناگه‌ن."

سه‌عید كاكه‌یی له‌باره‌ی چاره‌نوسی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌پاش ده‌ستنیشانكردنی ئه‌نجومه‌نێكی كاتی كۆمسیاران، ده‌ڵێت" چاره‌نوسی ئه‌ندامانی كۆمسیاران، به‌خۆشمه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران چونكه‌ تاكه‌ لایه‌نی چاودێر به‌سه‌ر كۆمسیۆنه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، وه‌ك خۆم یاسا هه‌ركات لێپرسینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ بكات من ئاماده‌ ده‌بم ،ئه‌ندامه‌كانی تریش چۆن لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت به‌پێی یاسا ئه‌وانه‌ی پێشێلكاریان كردووه‌ و تێوه‌گلاون له‌ ساخته‌كاری ئه‌وا كێشه‌ی خۆیانه‌."

به‌بڕوای سه‌عید كاكه‌یی" دادگایی كردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر ڕووده‌دات، وتیشی" چونكه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌كراون نه‌ك ته‌نها پێشێلكارین به‌ڵكو چونه‌ته‌ خانه‌ی تاوانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر دادگا كه‌ كه‌ی ده‌جوڵێت تا لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موومان بكات."

كاكه‌یی ئه‌وه‌شی وت" كوردستان به‌شێكه‌ له‌عیراق دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ به‌غداد ئاڵۆزتره‌، بۆیه‌ ئاگرێك كه‌ له‌كۆگاكانی كۆمسیۆن به‌ربێت، دورنیه‌ له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عیراقیش ڕووبدات ، بێگومان جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ئه‌نجامی ده‌بێت، ئه‌نجامه‌كانیش زۆر جیاوازتر ده‌بن له‌وانه‌ی ڕاگه‌یه‌نراون."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سه‌عید كاكه‌یی