ڕائید فه‌همی؛ تا ئێستا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هیچ مه‌رج و داواكارییه‌كیان به‌فه‌رمی باس نه‌كردووه‌

ڕائید فه‌همی

ڕائید فه‌همی سه‌ركرده‌ له‌ لیستی سائیرون كه‌ موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ده‌ڵێت" تا ئێستا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌فه‌رمی هیچ داواكارییه‌كیان ئاڕاسته‌ی ئێمه‌ نه‌كردووه‌ له‌گفتوگۆی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین لیست، ئه‌و داواكاریانه‌ی كورده‌كان كه‌ ده‌یزانین له‌ڕێگای ڕاگه‌یانده‌نه‌كانه‌وه‌ بیستومانه‌، چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی كوردین بۆ به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن ده‌شڵێت" پێویستمان به‌به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌ وه‌ ده‌بێت داواكارییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستور و بنه‌ماكانی فیدراڵی بن، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور بن ئه‌وا شتێكی تره‌."

ڕائید فه‌همی سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی شیوعی عیراقی و هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌ له‌لیستی سائیرون له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی دواین پێشهاته‌كانی كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌ڵێت" تا ئێستا هیچ شتێكی نوێ له‌سه‌ر گفتوگۆكانی نێوان سائیرن و فه‌تح نیه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا چه‌ندین گفتوگۆ و دیدار له‌نێوان سائیرون و لایه‌نه‌كانی تر به‌مه‌بستی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین لیست به‌ڕێوه‌چوون ،به‌گشتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان گفتوگۆكان باش به‌ڕێوه‌چوون ، له‌گه‌ڵ حیزبی قه‌رار په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ڕه‌نگه‌ دیداره‌كان و كۆبونه‌وه‌كان دوباره‌ ببنه‌وه‌،ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی بیرو ڕا و پێكهێنانی گه‌وره‌ترین لیست."

فه‌همی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان وتی" تا ئه‌م ساته‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونه‌وه‌مان هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وه‌ی نوێ ئه‌وه‌ش هه‌ندێكی له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان بووه‌ به‌ڵكو ته‌نها بۆ گفتوگۆكردن بووه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و پڕۆگرامی هاوپه‌یمانی لیستی گه‌وره‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا ."

له‌باره‌ی مه‌رج و داواكاری لایه‌نه‌كوردییه‌كان ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی سائیرون وتی" هه‌تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئاشكرایان نه‌كردووه‌ داواكارییان چیه‌؟ ئێمه‌ چاوه‌ڕێی وه‌فدی كوردستانین- بێنه‌وه‌ به‌غداد و مه‌رجه‌كانی خۆیان بڵێن. "

وتیشی" له‌دواین كۆبونه‌وه‌دا، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ته‌نها بۆچونه‌كانی خۆیان خسته‌ڕوو نه‌ك مه‌رج و داواكاری، ئاگادارین ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌یڵێن وه‌ك داواكاری ، به‌ڵام به‌فه‌رمی هیچ داوكارییه‌كیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ به‌ڵكو ته‌نها بۆچونی خۆیان خسه‌ڕوو له‌سه‌ر پێكهێنانی گه‌وره‌ترین لیست ، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین پڕۆگرامی هاوبه‌ش چی بێت؟ له‌وه‌ زیاتریان باس نه‌كرد و نه‌چونه‌ ورده‌كاری و ڕونكردنه‌وه و پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌كانیان به‌خاڵ ."

سه‌باره‌ت به‌و داواكارییانه‌ی كورد كه‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌به‌غداد و له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌به‌غداد باسیان كرد وه‌ك مه‌رج و داواكاری لایه‌نی كوردی بۆ به‌شداریكردن له‌ هاوپه‌یمانی و حكومه‌تی نوێی عیراق كه‌بریتی بوون له‌جێ به‌جێ كردنی ماده‌ی(١٤٠) و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، و پێدانی بودجه‌ی له‌ ١٧%؟ تاچه‌ند لیستی سائیرون بۆی جێ به‌جێ ده‌كرێت له‌داهاتوو ئه‌گه‌ر حكومه‌تی پێكهێنا؟ ڕائید فه‌همی وتی" نا تۆ بڕوانه‌، حكومه‌تی نوێ پابه‌نده‌ به‌به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ناكرێت هه‌موو داواكاری ته‌نها لیستێك له‌ به‌رنامه‌ی- حكومه‌تی نوێ كۆبێته‌وه‌ ئه‌مه‌ پێكهێنانی حكومه‌تی پێ ناوترێت، حكومه‌ته‌كانی ڕابردوو به‌م شێوازه‌ پێكهات سه‌ركه‌وتو نه‌بوو ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی ترمانده‌وێت ئه‌ویش داواكاری هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌ستور بگونجێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی فیدراڵی بگونجێت ئه‌ها چۆنه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنی ویستێكی هاوبه‌ش بۆ جێ به‌جێ كردنی ده‌ستور، خۆ ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌ستور نه‌گونجان ئه‌وا شتێكی تره‌، وه‌ك سائیرون ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستمانه‌ جا ئێستا ویستێك هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتن ئه‌مه‌ یارمه‌تی ده‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌و شێوازه‌."

وتیشی" به‌ڵێ به‌شێك له‌و داواكاریانه‌ شیاوی جێ به‌جێ كردنه‌ به‌شێكی تریش ده‌ستور دیاریكردووه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناو- سه‌ربازگه‌ی سوپای عیراق له‌گه‌ڵ سوپای عیراق ئه‌ركه‌كانی جێ به‌جێ بكات ئه‌مه‌ خاڵێكی ده‌ستوریه‌ ئێمه‌ وه‌ك سائیرون تا ئێستاش له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردستانی نه‌چوینه‌ته‌ ورده‌كاری گفتوگۆی ئه‌م بابه‌ته‌ ، چاوه‌ڕێی لایه‌نی كوردی ده‌كه‌ین ئه‌وكات پرسیار و وه‌ڵام و ڕونكردنه‌وه‌ی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ده‌ین به‌لایه‌نی كوردستانی ،له‌كۆتایدا چاره‌یه‌ك نیه‌، ده‌بێت بگه‌ین به‌ڕێكه‌وتن ئه‌گه‌ر نیه‌تی جدی لای هه‌ردولا هه‌بێت بۆ ڕێكه‌وتن ."