"عێراق پەنابەرە عیراقیه‌ بەزۆر نێردراوەكان وەرناگرێتەوەو دەیانگەڕێنێتەوە ئەو وڵاتانەی به‌زۆر ده‌یانێرنه‌وه‌"

د.ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رنی عیراقی

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی نافه‌رمی بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا شه‌وی ڕابردوتر فنله‌ندا نزیكه‌ی(٢٠٠)هاوڵاتی په‌نابه‌ری عیراقی به‌زۆر نارده‌وه‌ بۆ عیراق، به‌ڵام له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداد ڕێگه‌ به‌ نیشتنه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ نه‌دراو به‌هه‌مان فڕۆكه‌ هاوڵاتیه‌ عیراقیه‌كان نێردرانه‌وه‌ بۆ فنله‌ندا، لای خۆشیه‌وه‌ بۆ به‌دواداچونی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌نگی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی كرد به‌ د.ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقی "له‌وباره‌یه‌وه‌ ناوبراو وتی" له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌ بڕیاڕێك دراوه‌ كه‌ هیچ په‌نابه‌رێكی عیراقی ئه‌وانه‌ی له‌وڵاتانی دیكه‌ داوای مافی په‌نابه‌رییان كردووه‌ وه‌رنه‌گیراون و به‌زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌ وه‌رنه‌گیرێنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌هه‌مان فڕۆكه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌كانی عیراقه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ لێوه‌ی نێردراونه‌ته‌وه‌."

د. ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقی له‌میانه‌ی وتوێژێكدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیه‌ په‌نابه‌ره‌ عیراقیانه‌ بۆ فنله‌ندا ڕونیكرده‌وه‌" هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربونی ئه‌م كابینیه‌ی حكومه‌ت ئه‌و بڕیاره‌ دراوه‌، چونكه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی زۆری عیراقی ڕویانكردۆته‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا، وه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی داعشدا هاوڵاتیانی عیراقی په‌نایان برده‌ به‌ر ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ ئێمه‌ هه‌ر ئه‌وكات و له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربونمانه‌وه‌ وه‌ك لایه‌نی حكومه‌تی عیراقی بڕیارماندا ڕه‌زامه‌ندی نه‌نوێنین له‌سه‌ر ناردنه‌وه‌ی هه‌ر هاوڵاتیه‌كی عیراقی به‌زۆر ئه‌گه‌ر به‌ ویستی خۆی نه‌بێت."

وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقی ئاشكرایكرد" وڵات هه‌بووه‌ داوای كردووه‌ كه‌ هاوڵاتیه‌ عیراقیه‌كان بنێرنه‌وه‌ و وه‌ریبگرینه‌وه‌ ئێمه‌ ڕه‌زامه‌ندیمان نه‌نواندووه‌، به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی هاوڵاتیه‌ عیراقیه‌كه‌ خۆی."

وتیشی" به‌ڵام هاوڵاتی هه‌بووه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی خۆی چووه‌ بۆ باڵوێزخانه‌ی عیراق پاسپۆڕتی وه‌رگرتۆته‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ عیراق، چونكه‌ به‌بێ پاسپۆڕت ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵام جگه‌ له‌وه‌ی خۆی ڕه‌زامه‌ندی نه‌نواندبێت."

د. ده‌رباز محه‌مه‌د دوباره‌ له‌قسه‌كانی جه‌ختی كرده‌وه‌" هه‌ر هاوڵاتیه‌ك به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی و ئاره‌زوی خۆی بنێردرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر شوێن و وڵاتێكه‌وه‌ بێت، ئێمه‌ وه‌ك عیراق وه‌ریناگرینه‌وه‌، به‌پێی یاسای فڕۆكه‌خانه‌كانیش به‌هه‌مان ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی پێیهاتووه‌ به‌هه‌مان فڕۆكه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ی لێوه‌ی نێردراوه‌ته‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌ناردنه‌وه‌ی هاوڵاتیه‌ په‌نابه‌ره‌ عیراقیه‌كان له‌ فنله‌نداوه‌ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقی وتی" ئێمه‌ زانیاریمان هه‌بوو فنله‌ندا به‌ته‌مای ناردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی عیراقیه‌ به‌ زۆر، وه‌ك وتم ئێمه‌ بڕیاری پێش وه‌خته‌مان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ وه‌رناگرینه‌وه‌ و ده‌ینێرنه‌وه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و وڵاته‌ی لێوه‌ی هاتووه‌ كه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی خۆیان ده‌نێردرێنه‌وه‌."

ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ خۆمان په‌نابه‌ری ئێرانی و سوری و وڵاتانی ترمان لایه‌ تا ئێستا كه‌سمان به‌ زۆر نه‌ناردۆته‌وه‌ ، هه‌موو باڵوێزخانه‌كانیشمان ئاگاداركردۆته‌وه‌ به‌بێ ئاماده‌نه‌بوونی هاوڵاتیه‌ په‌نابه‌ره‌ عیراقیه‌كه‌ پاسپۆڕته‌كه‌ نه‌ده‌نه‌ كه‌س كاتێكیش پاسپۆرته‌كه‌ی پێده‌درێت سه‌ره‌تا لێی ده‌پرسرێت ئاماده‌ی بگه‌ڕێیته‌وه‌ عیراق به‌ڕه‌زامه‌ندی خۆت؟ ئه‌گه‌ر وتی نه‌خێر! ئه‌وا پاسپۆرتی نادرێتێ و ناتوانرێ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ عیراق."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا چاره‌سه‌ری عیراق چیه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیه‌ په‌نابه‌ره‌ عیراقیانه‌ی ده‌نێردرێنه‌وه‌ به‌زۆر یا ڕه‌فز و ده‌ركردنیان له‌و وڵاته‌ بۆ ده‌ركراو له‌و وڵاته‌ی داوای مافی په‌نابه‌ریان كردووه‌؟ د. ده‌رباز محه‌مه‌د وتی"خۆی ئه‌مه‌ كێشه‌كه‌یه‌ چونكه‌ ده‌بێت ئه‌و وڵاته‌ بژێوی ژیانی بۆ دابین بكات تا كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت ، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین ده‌ست وه‌ربده‌ین و به‌ ئه‌وروپا یا وڵاتێكی تر بڵێین ده‌بێت مافی په‌نابه‌ری بده‌ن به‌م هاوڵاتیه‌ .وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا ناتوانین زۆر له‌ هاوڵاتیه‌كه‌ بكه‌ین بڵێین مادام مافی مانه‌وه‌ وه‌رناگریت وه‌ره‌وه‌."

وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقی ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی تاوتوێی ئه‌و بابه‌ته‌ین كه‌ ڕێگا چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ بدۆزینه‌وه‌ ، فنله‌نداش یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هه‌وڵی ناردنه‌وه‌ی به‌زۆری په‌نابه‌ران ده‌دات پێشتر له‌گفتوگۆدا بوین وه‌ به‌رده‌وامیشین له‌گفتوگۆ بزانین ئه‌وان یا وڵاتانی دیك كه‌ به‌زۆر په‌نابه‌ری عیراقی ده‌نێرنه‌وه‌ ده‌توانن مافی په‌نابه‌ران بده‌ن؟ یاخود وڵاتی سێیه‌م بۆ ئه‌و په‌نابه‌ره‌ عیراقیانه‌ بدۆزینه‌وه‌ ناتوانم شتێكی دیاریكراو بڵێم چونكه‌ ئێستا له‌گفتوگۆی ئه‌و بابه‌ته‌ین."

بۆ بیستنی زانیاری زیاتر و هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڵاتیه‌ عیراقیانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگای توركیاوه‌ بگه‌نه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا گوێبیستی وتووێژه‌كه‌ به‌

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.ده‌رباز محه‌مه‌د