هۆشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا هه‌نگاوی گه‌وره‌مان ناوە به‌ئاڕاسته‌ی دانانی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان، ده‌شڵێت" زۆر گه‌شبینم ئێمه و یه‌كێتی پێكه‌وه وه‌ك دوو لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه هاوبه‌شه‌كان كۆببینه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت"وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان وه یه‌كێتی نیشتمنی كوردستان داوامان له‌و لایه‌نانه‌ی تر كردووه ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه بێن تا پێكه‌وه لیستێكی هاوبه‌ش یاخود به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌جێندا و به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش دانێین تا پێكه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان گفتوگۆ بكه‌ین،باس له‌وه‌ش ده‌كات" له‌دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیەوە وه‌فدی كوردی یاخود لانی کەم پارتی و یەکێتی ئاماده‌كاریان كردووه له‌زوترین كاتدا بچنه به‌غداد بۆ گفتوگۆ."
له‌میانه‌ی گفتوگۆیەكی ژیار محه‌مه‌د له به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا لەگەڵ هۆشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌ه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌كۆبونه‌وه بوین بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه بگه‌ینه به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش تا له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان پێكه‌وه گفتوگۆبكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه هاوبه‌شه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق تا ئێستاش ئه‌و كۆبونه‌وانه به‌رده‌وامن لێك نزیكبونه‌وه و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش زۆر هه‌یه ئێمه وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان وه یه‌كێتی نیشتمنی كوردستان داوامان له‌و لایه‌نانه‌ی تری كوردستان كردووه كه كورسیان به‌ده‌ست هێناوه ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه بێن تا پێكه‌وه لیستێكی هاوبه‌ش یاخود به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌جێندا و به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش دابنێین تا پێكه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه گفتوگۆ بكه‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان."
سیوه‌یلی وتیشی" ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چه‌ندین دانیشتنمان كردووه بۆ دانانی به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی بڕیوو وه من زۆر گه‌شبینم كه ئێمه و یه‌كێتی وه‌ك دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌یه‌كه‌وه به‌شدارده‌بین له‌گفتوگۆ و كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان ."
له‌باره‌ی هه‌وڵی پێكهێنانی وه‌فدی هاوبه‌شی لایه‌نه كوردییه‌كان بۆ به‌غداد؟ به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" ئێمه زۆر پێمان گرنگه یه‌ك ڕیزی نێوماڵی كوردی كه هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان پێكه‌وه كۆبكه‌ینه‌وه و بچینه به‌غداد خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شمان پێ نه‌كرا لانی كه‌م ئێمه و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكین كه به‌یه‌كه‌وه بڕۆین له‌گه‌ڵ لایه‌نە عیراقیه‌كان دابنیشن، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و لایه‌نه عیراقیانه تاچ ڕاده‌یه‌ك و چۆن دێن به‌ده‌م ئه‌و گفتوگۆ و دانوستانه‌وه، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئێمه وه‌ك پارتی و یه‌كێتی ڕوونه و تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رچاو ڕوونی زۆر هه‌یه به‌ڵام هیوادارین لایه‌نه كوردستانیه‌كانیش بێن پێكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه سه‌ره‌كیه به‌شداربن."
له‌باره‌ی مه‌رجی پارتی و یه‌كێتی بۆ لایه‌نه كوردییه‌كان تا به‌شداربن له وه‌فده هاوبه‌شه‌كه‌ی كوردی بۆ به‌غداد ؟ هۆشیار سیوه‌یلی وتی"ئێمه هیچ گرفتێكمان نیه، ئه‌گه‌ر تا ڕاده‌یه‌ك لانی كه‌م ئاماده‌ییان هه‌یه تا بێن گفتوگۆ بكه‌ن له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێك ئێمه هیچ گرفتێكمان نیه كه‌بچین له‌گه‌ڵیان دابنیشین."
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئاماده‌ن سه‌ردانی لایه‌نه ناڕازییه كوردییه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن ؟ هۆشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی مه‌كته‌بی ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" تا ئێستا نه‌كه‌وتۆته سه‌رباسی سه‌ردان چونكه تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی جدی نه‌هاتوون به ده‌م ئه‌و داواكاریه‌ی پارتی یه‌وه كه‌داوای كردووه پارتی هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆببنه‌وه له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئێمه كێشه‌مان نیه له‌كوێ كۆببینه‌وه به‌ڵام ده‌بێت لانی كه‌م ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا ببینین كه ئاماده‌ن بێن بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر دانانی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی لایه‌نه كوردییه‌كان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان ."
ڕۆژی شه‌ممه چوار لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان كه به‌لایه‌نه ناڕازییه‌كان ناوده‌برێن، كۆبونه‌وه له‌پاش كۆبونه‌وه‌كان له‌ڕاگه‌ینراوێكدا ڕایانگه‌یاند" دیالۆگی نیشتمانی به‌رپرسیارانه به‌پێویست ده‌زانین."
هۆشیار سیوه‌یلی له‌باره‌ی ئاماده‌یی نیشاندانی ئه‌و لایه‌نانه بۆ گفتوگۆ وتی" خۆی ئه‌وه كێشه‌كه‌یه كه ئه‌و لایه‌نانه له‌هه‌مان كاتیش‌دا ڕایانگه‌یاندووه كه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست ڕەتده‌كه‌نه‌وه بۆیه ده‌بێت هه‌ڵوێستی خۆیان ڕونتر بكه‌نه‌وه ئایا ئاماده‌ن له پڕۆسه‌ی سیاسی داهاتوو به‌شداربن ؟وه ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی دابنیشن؟"
وتیشی" مه‌رجمان نیه بۆ ئه‌و لایه‌نه كوردییانه ته‌نها ئه‌و خاڵانه‌یه كه‌باسی هه‌رێمی كوردستانن كه له‌به‌رنامه هاوبه‌شه‌كه جێی بكه‌ینه‌وه كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین ، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و لایه‌نانه وه‌ك پێویست هه‌ڵوێستیان ڕۆشن نیه ."
سیوەیلی ئەوخاڵ و مەرجە سەرەکیانەی کوردی بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتوو خستەڕوو وتی" گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان هەروەک سەرۆک بارزانیش جەختی لێکردۆتەوە له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق، بەشداری ڕاستەقینە، هاوسه‌نگی، دەبێت، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌گفتوگۆداین تا پێكه‌وه له‌گه‌ڵ لایەنە عێراقیەکان پێکەوە له‌سه‌ر ئه‌و سێ بنه‌مایه بكه‌وینه گفتوگۆكان. "
له‌باره‌ی كاتی سه‌ردانی وه‌فدی هاوبه‌شی كوردی بۆ به‌غداد ؟ هۆشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی"هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه كه به‌زوترین كات دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگای باڵاوه لانی كه‌م شاندی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی بچنه به‌غداد ده‌ست بكه‌ن به‌دانوستان له‌گه‌ڵ لیسته براوه‌كانی عیراقدا، هیوادارین لایه‌نه كوردییه‌كانی دیكه‌ش به‌شداربن ."
Your browser doesn’t support HTML5