مەسعود حەیدەر: له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌ لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی هاوبه‌ش بن

مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌سه‌ر فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عیراق

مه‌سعود حه‌یده‌ر په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی كورد له‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت"هۆكاری ده‌ره‌كی زۆر كاریگه‌ری هه‌بووه‌ به‌ره‌ی ئه‌مریكا و به‌ره‌ی ئێران ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ هه‌ر لایه‌كیان هه‌وڵ ده‌دات حكومه‌تێك پێكبێت له‌خۆیان زیاتر نزیك بێت، ده‌شڵێیت" له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی هاوبه‌ش بن، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا بڕواناكه‌م چوار لایه‌نه‌کە له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ببنه‌ هاوبه‌ش تا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانیان نه‌بێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ ئەندازه‌ی یانزه‌ كورسیه‌كه‌ی خۆیان كاریگه‌ریان ده‌بێت هه‌تا ئه‌گه‌ر كورد پۆست باڵاكانیش وه‌ربگرن ئەوە به‌ڕێكەوتنی پێش وه‌خته‌ی سیاسی نێوان لایەنه‌كان ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ناو په‌رله‌مانیش نه‌بن كاریگه‌ری نابێت."

له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌سعود حه‌یده‌ر په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی كورد له‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی عیراق ڕایگه‌یاند" كۆبونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عیراق به‌رده‌وامه‌، هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌رچاوڕونیه‌كیان بۆ دروست بێت بۆ هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و سوننه‌كان هۆكاری ده‌ره‌كی زۆر كاریگه‌ری هه‌بووه‌ به‌ره‌ی ئه‌مریكا و به‌ره‌ی ئێران ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ هه‌ر لایه‌كیان هه‌وڵ ده‌دات حكومه‌تێك پێكبێت له‌خۆیان زیاتر نزیك بێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بپارێزن ."

به‌بڕوای مه‌سعود حه‌یده‌ر" له‌ سه‌ره‌تای مانگی نۆ یه‌كه‌م دانیشتنی خولی نوێی عیراق ئه‌نجام بدرێت وه‌ له‌دوای جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌كان چڕتر ده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراقی."

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌وه‌فدی پارتی و یه‌كێتی و جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ به‌ ئاشكرا سه‌ردانی به‌غدادیان كرد ئایا هیچ حیزبێكی دیكه‌ی كوردستان سه‌ردانی به‌غدادی كردووه‌؟ مه‌سعود حه‌یده‌ر وتی" بێگومان لایه‌نه‌كانی تریش سه‌ردانی به‌غدادیان كردووه‌ وه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌، چوار لایه‌نه‌كه‌ كه‌ یانزە كورسیان هه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕۆڵیان هه‌بێت به‌ڵام ڕاستی ئه‌وەیه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی نزیكه‌ی له‌ (٧٦% )ی كورسیه‌كانی كوردییان هه‌یه‌ به‌هێزه‌وه‌ مه‌به‌ستم هێزی ژماره‌ی كورسیه‌كانیانن نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كه‌ن و دانوستان به‌ناوی كورد ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی من ئاگاداربم هه‌وڵی پێكهێنانی وه‌فدێكی هاوبه‌شی كورد ده‌درێت كه‌جه‌خت له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی كورد بكه‌ن."

مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌وه‌شی وت" له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌ لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی هاوبه‌ش بن وه‌ وه‌فدێكی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن ئه‌زمونی خولی (سێی پەرلەمانی عیراق) كه‌ ئێمه‌ تێیدا ئه‌ندام په‌رله‌مان بوین دوباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ چونكه‌ زیانمه‌ندی یه‌كه‌م له‌ گواستنه‌وه‌ی كێشه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غداد هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌."

حه‌یده‌ر ئه‌وه‌شی وت: وای بۆ ده‌چم ئه‌و چوار لایه‌نه‌ نه‌چنه‌ ناو تیمێكی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی له‌م قۆناغدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم له پێشه‌ تا زیان نه‌كه‌ن و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان نه‌بێت."

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری به‌شداری نه‌كردنی چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر كورد له‌به‌غداد به‌تایبه‌ت له‌و پۆسته‌باڵایانه‌ی كورد وه‌ریده‌گرێت و پێویستی به‌ده‌نگی په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌؟ مه‌سعود حه‌یده‌ر وتی" قه‌باره‌ی یانزه‌ په‌رله‌مانتار له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق ده‌توانێت ڕۆڵی نه‌رێنی هه‌بێت، له‌چاو (٤٥) كورسی كه‌ قورسایی خۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تیمی كوردی ده‌توانێت تیمێكی هاوبه‌شی یه‌كگرتوو گرنگتر بێت به‌پێی قه‌باره‌ی كورسیه‌كانیان ڕۆڵیان هه‌بێت ، به‌ڵام كه‌ هاته‌ سه‌ر ڕێكه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌كان ئه‌وكات نه‌بونی ئه‌و یانزه‌ كورسیه‌ له‌ناو په‌رله‌مان كاریگه‌ری له‌سه‌ر پۆسته‌كانی كورد نابێت ."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی مه‌سعود حه‌یده‌ر په‌رله‌مانتاری كورد له‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی عیراق