لەمیانەی بەدواداچونێکی ژیار محەمەد لەدەنگی ئەمریکا، جگە لە د.بەرهەم ساڵح، د.لەتیف ڕەشیدیش کاندیدی نافەرمی یەکێتیە، (د.لەتیف جەمال ڕەشید) بەسەرکردایەتی یەکێتی وتووە، کاندیدم بکەن یاخود نا، ڕەزامەند بن یاخود نا لەدەرەوەی ئێوە خۆم کاندید دەکەم، لای خۆیەوە، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان زانیارییەکانی پشت ڕاستکردەوە و ڕایگەیاند" هەموو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەزانێت کە د.لەتیف خۆی کاندید دەکات لەدەرەوەی یەکێتی، وتیشی ئێستا یەکێتی دوو کاندیدی هەیە، کاندیدی فەرمی د.بەرهەم کاندیدی نافەرمی د.لەتیف-ە چونکە ئەویش کادیری پێشکەوتووی یەکێتیە و ئەگەر دەرچێت یەکێتی پۆستەکە بە هی خۆی دەزانێت و وەک سەرۆک کۆمار مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەڵام یەکێتی کار بۆ کاندیدە فەرمیەکەی خۆی دەکات دەربچێت، وە دژایەتی د.لەتیف-یش ناکات..ئەسەسەرد ئاشکراشیکرد" پارتی چەند بژاردەیەکی خستۆتە بەردەست یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراقەوە لەوانە ئهگەر پارتی و یەکێتی ڕێک نەکەوتن ئەوا با پۆستەکە بۆ کوردێکی بێ لایەن بێت."
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەمیانەی وتوێژێکی ژیار محەمەد لە دەنگی ئەمریکا زانیاریەکانی دەنگی ئەمریکای پشت ڕاستکردەوە و وتی" هەر خۆی د.لەتیف ئامادەیی خۆی دەربڕی بوو بەڕەزامەندی یا بێ ڕەزامەندی سەرکردایەتی خۆی کاندید دەکات، پێم وایە ئەگەر دەرگای خۆپاڵاوتن کرابێتەوە ئێستا خۆی کاندید کردووە، بەڵام د.لەتیف ئەگەرچی کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیە بەڵآم کاندیدی فەرمی یەکێتی نیە، واتە جیاوازیەکەی لەگەڵ د.بەرهەم ئەوەیە، د.بەرهەم کاندیدی فەرمی یەکێتیە بەڵام د. لەتیف کاندیدی نافەرمی یەکێتیە."
ئەسەسەرد جەختی کردەوە" هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی دەیانزانی کە لەدەرەوەی یەکێتی د.لەتیف خۆی کاندید دەکات چونکە بەهەموومانی وتبوو، ئەو بەپێی دەستور مافی خۆ کاندیدکردنی هەیە،ئێمە ناتوانین ڕێێ لێ بگرین.واتە ئێستا د.لەتیف دەبێتە کاندیدی نافەرمی یەکێتی ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا بێگومان دەبێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی عیراق. "
ئەسەسەرد باسی لە کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی کرد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق و وتی" لەدواین کۆبونەوەدا نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک، پارتی چەند بژاردەیەک"ئۆپشنێک"ی خستینە بەردەممان لەوانە ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێک نەکەون لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئەوا با بۆ کاندیدێکی کوردی بێ لایەن بێت بەڵام ئێمە ڕەتمان کردەوە بۆیە ئێستا بڕیارەکە وایە ئەوان کاندیدی خۆیان دەبێت ئێـمەش هی خۆمان."
سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی و یەکێتی کاندیدییان بەجیا هەبوو پێتان وایە چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ کاندیدەکەی یەکێتی یا پارتی زیاترە؟
فەرید ئەسەسەرد وتی" ئێـمە ئەگەر دڵنیا نەبوینایە لەوەی کە پۆستەکە بۆ یەکێک لەکادیرەکانی یەکێتی دەبێت، ئەو "موجازەفە"یەمان نەدەکرد، دڵنیاشین سەرۆک کۆماری داهاتوو یەکێک دەبێت لەکادیرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان."
پێشتر لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند" نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش بەگوێچکەی یەکێتیدا چپاندمان کە پۆستی سەرۆک کۆمارمان دەوێت وەک پارتی بەڵام بەبۆچونی من برادەرانی یەکێتی بەجدییان وەرنەگرت وایانزانی ئێـمە وەک" معامەلە"یەک ئەم قسەیە دەکەین . "
وتیشی" پارتی بەجدیەتی وەرگرتنی ئەو پۆستە بەڵام من ئەو ئەگەرەشم داناوە لەدواین خولەکدا کاندیدەکەی پارتی بکشێتەوە بەهۆی ئەوەی دڵنیا نەبوون دەنگی پێویست دەهێنێت."
دەربارەی ئەوەی لەحاڵەتی دەرچونی(د.لەتیف) کە کاندیدی نافەرمیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق یەکێتی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟
فەرید ئەسەسەرد وتی" ئێـمە وەک یەکێتی هەرکەس دەرچێت مامەڵەی وەک سەرۆک کۆماری لەگەڵ دەکەین، د.لەتیف-یش ئەگەرچی کاندیدی نافەرمی ئێـمەیە و بەڵام ئێمـە کار بۆ کاندیدە فەرمیەکەی خۆمان دەکەین، بەڵام لەحاڵەتی دەنگهێنان و دەرچونی بێگومان وەک یەکێتی و پشکی یەکێتی لە سەرۆک کۆمار مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و بە هی خۆمانی دەزانین."
وتیشی" ئەگەر پێویست بکات هەوڵ دەدرێت د.لەتیف پەشیمان بکەینەوە بەڵام تا دوێنێش قسەمان لەگەڵ کرد ئەو هەر سورر بوو وە بەهەموو سەکردایەتی یەکێتی وت کە بەڕەزامەندی بێت یاخود نا خۆی کاندید دەکات، هەرچەندە ئەو زۆری پێخۆش بوو سەرکردایەتی یەکێتی دەنگی لەسەر بدات بەڵام ئەوە نەکرا، وە ئەوەی من ئاگاداربووم ئامادەکاری کردووە و پەیوەندی بەزۆر لایەن کردبوو بۆیە ڕەنگە ئێستا خۆی کاندید کردبێت."
سەبارەت بە ئامادەنەبوونی( هێرۆ خان) ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە کۆبونەوەکەی دوێنێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەکاتی دەنگدانی ئەو سەرکردایەتیە لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق؟
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕونیکردەوە" هێرۆ خان پێش کۆبونەوەکە هاتبوو قسەی خۆی کردبوو، بەڵام پێش ئەوەی کامێراکان بێنە ژوور هێرۆخان ڕۆیشتبوو، وتیشی: کاک پاڤێڵمان بینی هەمان قسەی هەبوو کە هێرۆ خانم نە پشتگیری کەس نە دژی کەس دەبێت."
هەروەها لەبارەی بەجێهێشتنی کۆبونەوەکە لەلایەن(مەلا بەختیار)ەوە؟ ئەسەسەرد ڕایگەیاند" خۆی ئامادەبون و جێهێشتن و دەنگدان لەو کۆبونەوەیە ئازادانە بوو، هەوڵدرا هیچ کێشەیەک لەنێوان کاندیدەکان دروست نەبێت، هەوڵی یەکپارچەیی سەرکردایەتی درا، مەلا بەختیار پێم وایە خۆی دۆخێکی تایبەتی هەبوو نەیویست لەم دۆخەدا کێشە دروست بێت، دەبێت ڕێز لەم هەڵوێستەی بگیرێت.خۆی بەڕەزامەندی خۆی کشایەوە ،مانەوە سێ کاندید، دوانیان ئەندامی سەرکردایەتی نەبوون، بەڵام د. بەرهەم بەهۆی ناوەرۆکی نامەکەیەوە کەخوێندرایەوە و پەسەندکرا وەک ئەندامی سەرکردایەتی مامەڵەی لەگەڵ کرا، هەروەها کشانەوەی مەلابەختیار ڕێی خۆشکرد د.بەرهەم دەنگی زۆرینە بهێنێت."
دەربارەی سەردانەکەی( بریت مەکگۆرگ) ئەسەسەرد وتی" ئەو پشتگیری هیچ کاندیدێکی نەکردووە تەنها وتویەتی ئەگەر یەکێتی دەیەوێت پۆستەکە بەدەست بهێنێت با بەیەک کاندیدەوە بچێتە بەغداد، چونکە پێش کۆبونەوەکە قسەیەک هەبوو کە یەکێتی دوو کاندید بنێرێ بۆ بەغداد لەوێ یەکلایی بێتەوە."
ئەسەسەرد باسی لەوەکرد لەدیاریکردنی کاندیدەکەیان ڕاوێژیان لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان نەکردووە،وتیشی" بەڵام لەمڕۆ بەدواوە پەیوەندییان پێوە دەکەین تا دەنگ بەکاندیدە فەرمیەکەمان بدەن ئەگەرچی کەمێکیش لەو ڕوەوە دواکەوتبێتین."
Your browser doesn’t support HTML5