لەوتوێژێکی ژیار محەمەد لەدەنگی ئەمریکا لهگهڵ د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان_عیراق دەڵێت" بەشێوەیەکی بەردەوام نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵيتیەکان و کونسڵخانە و حکومەتی عیراق لەو پێشێلکارییانەی تورکیا و ئێران لەناو عیراق کە تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن ئاگادار دەکرێنهوه، بەم دواییە "هیومان ڕایتس هۆچ" ڕاپۆرتێکی لەسەر بابەتی تۆپبارانی سنورەکان بڵاوکردەوە، دەشڵێت" هەڵوێستی حکومەتی هەرێم ڕوونە کەدژی ئەوەیە خاکی هەرێم بەکاربهێنن دژ بەهیچ وڵاتێکی دراوسێ ، هەروەها دەشڵێت" بونی پەکەکە و بابەتی پەکەکەلەو ناوچانە بۆتە بارگرانێكى زۆر بەسەر خەڵكی ئەو ناوچانەوە،ههروهها دهڵێت: پێناسەی ئێمە بۆ ئەو گروپە چەکدارانە"پەکەکە و پژاک" دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عیراق، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیهکان حکومەتی عیراق بەرپرسە لەو بابەتە،بەڵام بەهەرشێوەیەک بێت ئەو گروپانە دژی یاساکانی عیراقە."
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان_عیراق لەبارەی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران بۆ گوندەکانی سنوری-هەرێمی کوردستانی عیراق وتی" حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای حکومەتی فیدراڵەوە داواکاری خۆی پێشکەش کردووە کە پێویستە ئەو تۆپبارانانە ڕاوەستێت چونکە زهرەر و زیانێکی زۆری داوە لەخەڵکی ئەو ناوچانە ، وەک خودی حکومەتی هەرێمیش پێمان باشە، وە خوازیارین کە تورکیا و ئێران لەو شوێنانەی کورد هەیە بەڕێگای ئاشتیانە کيشەکانی چارەسەربکات، توندو تیژی هیچ ئەنجامێکی نابێت، وە لەهەمانکاتیشدا پشتگیری لەهیچ گروپێکی چەکدار ناکەین کە لەسنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە هێرش بکاتە سەر هەر وڵاتێکی دراوسێ."
د.دیندار زێباری وتیشی" ئێمە بەتەواوی لەیاسا نێودەوڵەتیەکان تێدەگەین، داواکارین لەخودی پەکەکە و پژاک و گروپەکانی باکور و ڕۆژهەڵات کە کێشەکانیان لە تورکیا و ئێران چارەسەر بکەن چونکە بەهۆی ئەو بۆردومان و پێکدانانەوە دەیان شەهید کەوتۆتەوە، دەیان گوند وێران بووە، وە سەدان گوند ناتوانرێت ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵك ناتوانێت بگەڕێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو توند و تیژییە هەیە، هیوادارین یاسا نێودەوڵەتیەکان وەک خۆی جێ بەجێ بکرێت و سنورەکان بپارێزرێت ئێران و تورکیا ئەو بۆردومانانە بوەستێنن، وە لەهەمانکاتدا ئەو چەکدارە کوردانەش چالاکیەکانیان ڕابگرن."
زێباری ئاماژەی بە ئاماری قوربانیەکانی بۆردومانەکانی تورکیا دا لەساڵی( ڕابردوودا وتی" لەساڵی 2017وە زیاتر لە(30) شەهید هەبووە، وە بەتەنها لەسنوری سیدەکان و ئامێدی بەسەدان گوند ئاوەدان نەکراونەتەوە بەهۆی بەردەوامی ئەو تۆپبارانانەوە،ژمارەی قوربانیەکان و وێرانیەکان لەو ناوچانەدا بەهۆی تۆپباران و گرژییەکانی نێوان چەکدارە کوردەکان و تورکیا و ئێرانەوە دەگۆڕێت، سەرەڕای قوربانیەکان و وێرانە لەهەمانکاتدا ئەو ناوچانە ناوچەی کشتوکاڵین ناتوانرێت سودی لێ ببینرێت، بونی پەکەکە و بابەتی پەکەکە لەو ناوچانە بۆتە بارگری زۆر بەسەر خەڵكی ئەو ناوچانەوە .ئێمە هەموو کات لەڕێگای ڕاپۆرتەکانمانەوە کونسڵخانە و نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتی عیراق ئاگادار دەکەینەوە لەوبارەیەوە."
هاوكات زێباری ڕەخنەی لەهەڵوێستی حکومەتی عیراق گرت لە ئاست بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران و وتی" ڕۆڵی حکومەتی عیراق لاوازە لەسەر ئاستی دیبلۆماسی وە لەسەر ئاستی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە."
دەربارەی ئەوەی ئایا هەوڵیان داوە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان لە تۆپبارانەکانی ئێران و تورکیا ئاگادار بکەنەوە بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەی زۆرکات باس لەپێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان دەکەن لەهەرێمی کوردستان؟
د.دیندار زێباری وتی" وەک خۆم کە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانم لەحکومەتی هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێممان بەلاوە گرنگە، بەشێوەیەکی بەردەوام نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵيتیەکان و کونسڵخانە و حکومەتی عیراق لەو پێشێلکارییانە تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکرێنهوه، هەتا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و تورکیا لە باڵوێز و کونسڵخانەکانیان لەکوردستان و عیراق قسەمان کردووە ، ئەوانیش بەرزییان کردۆتەوە بۆ حکومەتەکانیان بەڵام ئەوان زیاتر بابەتەکە بەجۆرێکی تر دەبینن کە بەرگریکردن و پاراستنی وڵاتی خۆیانە، بەڵام،سەبارەت بە ئێمە، ئێـمە وەک حکومەتی هەرێم بابەتەکە بەجۆرێکی تر دەبینین چونکە سنوری ئێمە بەزێنراوە خەڵکی ئێـمە شەهید بووە."
زێباری ئاماژەی بەڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش کرد کەهەوڵیان داوە بابەتی تۆپبارانەکانی ئێران و تورکیای پێبگەیەنن ، لەو ڕوەوە ڕایگەیاند" هیومان ڕایتس هۆچ لە دوو هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی لەسەر بابەتی تۆپبارانی سنورەکان بڵاوکردەوە هەتا وەڵامەکانی منیشی بڵاوکردەوە کە ئێمە دژی ئەو تۆپبارانانەین، وە یوئێن و چەندین ڕێکخراوی تریش ڕاپۆرتیان لەسەر هەبووە."
دەربارەی ئەوەی ئایا حکومەتی هەرێم هەوڵی داوە وەک لایەنێکی کێشەکە قسە لەگەڵ چەکدارە کوردەکان بکات؟
د.دیندار زێباری وتی" حکومەتی هەرێم هیچ کەناڵێکی فەرمی و پەیوەندی فەرمی لەگەڵ ئەو چەکدارە کوردانە نیە، وە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم ڕوونە کەدژی ئەوەیە خاکی هەرێم بەکاربهێنن دژ بەهیچ وڵاتێکی دراوسێ، ئێمە نە ئاگاداری ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا و ئێرانین نە ئاگاداری چالاکی ئەو چەکدارە کوردانەین ئەوان وەک ساڵانی پێشوو چییان ویستووە خۆیان کردوویانە، بەقسەی حکومەتی هەرێمیان نەکردووە. "
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی حکومەتی هەرێم پەیوەندی فەرمی لەگەڵ پەکە و پژاکدا نیە؟ د.دیندار زێباری وتی" حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی شەرعی و دەستوریە بەهەڵبژاردن هاتووە دەستور و نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکەن و دانی پێدا نراوه، وە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا نیە، ئێمە گروپی چەکداری نین بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و هەرێمیمان لەسەر شانە بەهیچ جۆرێک لایەن نین لەو گفتوگۆیانە."
ڕاشیگەیاند" پێناسەی ئێمە بۆ ئەو گروپە چەکدارانە"پەکەکە و پژاک" دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عیراق، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیهکان حکومەتی عیراق بەرپرسە لەو بابەتە، بەڵام بەهەرشێوەیەک بێت ئەو گروپانە دژی یاساکانی عیراقە. ناکرێت گروپێکی چەکداری لەوڵاتێکی تر هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی تر و خاکی ئەو وڵاتە بێ ڕەزامەندی بەکاربهێنێت، ئێمە لەم چوارچێوەیەدا بەڕاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی عیراق. "
پێشتر دهمهات تۆڵههڵدان وتهبێژی باڵی سهربازی پارتی كرێكارانی كوردستان(پهكهكه_هەپەگە) لەوتوێژێکی ژیار محەمەد لەدەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو " توركیا دهیهوێت"باشوری كوردستان" ههرێمی كوردستانی عیراق داگیر بكات ئهگهرنا مهبهستی هێرشكردنه سهر قهندیل بۆ لێدان له پهكهكه نیه، بونی پەکەکەش پاساوی دروست نیە."
بەڵام د.دیندار زێباری دەڵێت" چالاکی ئەو چەکدارانە (پەکەکە) پاساوی داوەتە دەست تورکیا کە بۆردومان بکات، ئەگەر ئەوان چالاکی نەکەن ئەوا ئەوکات هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بەهێزتر دەبێت وە پشتگیری نێودەوڵەتیش بەهێزتر دەبێت وە دەتوانین زیاتر قسەمان بڕوات دانیشتوانی ئەو گوندانەش دەگەڕێنەوە."
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لەکۆتایی قسەکانیدا دوپاتیکردەوە" ئێمە وەک حکومەتی هەرێم زۆر بێ لایەنین لەم بابەتە دژی ئەوەین بۆردومانی هەرێمی کوردستان بکرێت وە لەهەمانکاتدا دژی ئەوەشین لەهەرێمی کوردستانەوە هێرش بکرێتە سەر ئەو وڵاتانە، ئێمە بەشێک نین لەو کێشانە، داوای ئێمە ئەوەیە کێشەی کورد لەو وڵاتانە بەڕێگای ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێت باشترە لەوەی چەند گوندێک وێران بکرێت و خەڵک شەهید بکرێت."
Your browser doesn’t support HTML5