سیروان بارزانی: (16) ئۆكتۆبەر لێكۆلینەوەی ناوێ چونكە خیانەتكاران خۆیان هاتنە سەر تیڤی‌و بەشانازییەوە باسیان كرد‌

سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری(6)ی هێزەکانی پێشمەرگە

لەمیانی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری(6)ی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت" (16)ی ئۆکتۆبەر خەنجەرێکی ژەهراوی بوو بۆ پشتی کورد و کوردستان، دەشڵێت" بە بڕوای من بۆیە هیچ لێکۆڵینەوە نەکرا وە پێویستیش بەلێکۆڵینەوە ناکاتچونکەیەکێک لەسەرکردەی" خائینەکان" کە کاک پافڵ تاڵەبانی بوو بەخۆی دەڵێ سەرکردە هاتە سەر تەلەفزیۆن و ناوی(36) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی_شی بەرزکردەوە کەلەگەڵ خیانەتەکە بوون جا ئەوان شەرم نەکەن! ئێمە بۆ شەرم بکەین هەروەها کاک ئاراسی شێخ جەنگی_ هەمان قسەی کرد لەسەر تەلەفزیۆن، خەڵک خیانەت بکات ئێمە شەرم بکەین؟!هەروەها دەڵێت" هۆکاری (16)ی ئۆکتۆبەر لەپێناو "بزنس" و چەند تەنکەرە نەوتێک بوو، لەکاتێکدا کەرکوک دڵ و قودسی کوردستانە بەڵام ئەوان فرۆشتیان بە چەند تەنکەرە نەوتێک، سەبارەت بەوەی ئەی بۆچی هێزەکانیان لە ناوچەکانی موسڵ و دەوروبەری مەخمور بەهەمان شێەوە لەڕۆژانی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر کشانەوە؟ سیروان بارزانی وتی"ئەو کاتەی لە کەرکوک کەخیانەتەکەیان کرد وەک کەسێک بوو کە لەبەرەی جەنگ بێت و لێت بدرێت قۆڵێکت بڕوات بەقۆڵ و دەستێکی تر ناتوانی هەمان بەرگری بکەی، بۆیە ئێمەش لەپێناو خۆپاراستن کشاینەوە ،، وتیشی" لەبەردەم دادگا ئامادەم قسەکانی خۆیان بکەمە بەڵگە ئەگەر ئەوان لەسەر ئەم قسانە سکاڵام لەسەر تۆمار بکەن ئیتر لەو بەڵگە زیاتر چی کەخۆیان بەدەمی خۆیان دانیان بەخیانەتدا نا لەسەر تەلەفزیۆن، با ئەوان بێن پێچەوانەکەی بسەلمێنن بەڵام ئەوانە بەڵگەی خۆیانن.بەڵام دەبێت کەسوکاری شەهیدەکان بچن سکاڵا لەسەر ئەو سەرکردانە تۆماربکەن،دەبێت دادگای خەڵک ئەو "خیانەتکارانە" دادگایی بکات، بەبۆچونی من ئەگەر دادپەروەری هەبێت دەبێت دادگای کورد و پێشمەرگە دادگایی ئەوانە بکات، ئیشی من وەک پێشمەرگەیەک بەرگریکردنە لەکوردستان."

سیروان بارزانی لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتی" بۆ من و هەر پێشمەرگەیەکی کوردستان (16) ئۆکتۆبەر خیانەتێکی هەرە گەورە بوو خەنجەرێکی ژەهراوی بوو بۆ پشتی هەموو کورد و کوردستان، خیانەتەکە کۆمەڵێک بوون لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆ ئەو شتە ئاشکرایە شاراوە نیە."

دوێنێ دووشەممە لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەکەرکوک لە(16)ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، وتی" ئەوەشەڕە شکست و سەرکەوتنیشی تێدایە، کاک مەسعود و هەموو لایەکیش دەزانن(16)ی ئۆکتۆبەر چۆن بووە، پاشەکشەی هێزەکانی(70)و(80) چۆن بووە، چونکە ئەگەر پاشەکشە نەکرایە گەورەترین"زەربە" لەمێژووی پێشمەرگەدا بەر پێشمەرگە دەکەوت لەڕووی بریندار و شەهید و بەدیلگرتن."

بەڵام سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری(6)ی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت" نەسەرۆک بارزانی نە ئێـمە نە خەڵکیش ئاگاداری ئەو خیانەتە نەبووە لە تەلەفزیۆن بینیمان کە لەکەرکوک کشانەوە، ئنجا شەڕ بەبێ قوربانی و شەهید نابێت، جا ئەگەر شەڕێک بوو دەبێت ئێمە چۆڵی بکەین و بچین بۆ ئەوروپا بڵێین شەڕە دەکوژرێین؟! بێگومان ئەوخاکەی خوێنی بۆ ڕژاوە دەبێت قوربانی زیاتری بۆ بدرێت نەک چۆڵ بکرێت، سەدان ساڵە دەیان هەزار شەهید بۆ ئەم خاکە دراوە جا ئەگەر وابوایە پێویستی بەو هەموو خەبات و قوربانی دانە نەدەبوو، دەبوو سەدان ساڵ پێش ئێستا خاکمان بۆ دوژمن چۆڵ بکردایە."

وتیشی" کاتی خۆی وتیان بۆ بابەتی"بزنس" و چەند تەنکەرە نەوتێک بووە کە کەرکوکیان فرۆشت و ئەو خەڵکەیان بەکوشت دا، بێگومان نهێنیەک هەیە دەبێت لێێان بپرسرێت لەبەرچی ئەو خیانەتەیان کرد ؟بەخۆڕایی بوو یا لەبەرامبەر چی بوو؟ بەڵام وەک باسکرا و زانراوە لەبەرامبەر چەند تەنکەرە نەوتێک بوو کە ئەو "خیانەتەیان" کرد و دڵ و قودسی کوردستانیان فرۆشت."

بارزانی ئەوەشی وت" ئەو دڵ و قودسی کوردستانەی "مەلا مستەفا" خەبات و شۆڕشی لەپێناودا کرد، بەڵام ئەو "خیانەتکارانە" بەچەند تەنکەرە نەوتێک فرۆشتیان."

سەبارەت بەڕەخنەکان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە فەرماندەکانیان سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان بوون، لەشەنگال و مەخمور و ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ بەهەمان شێوە؟ سیروان بارزانی وتی" شەنگال و ئەو ناوچانە ئێمەی لێ نەبوین و پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو، ئەو ناوچانە و شەنگال پەیوەندییان بەوەوە هەبوو کەشکستی سوپای عیراق بوو، واتە شەنگال و کەرکوک زۆر جیاوازن ئەوەی کەرکوک ئەو خاکە بوو کە پێشمەرگەی لێبوو نەک سوپای عیراق بەڵام ئەوان دانیشتن فرۆشتیان."

وتیشی" سەبارەت بەکشانەوەمان لە مەخمور ئەوە هەرکەس سەربازی بێت یاخود نا،دەزانێت کە"جەبهەیەک" دابنرێت ستراتیژی خۆی هەیە، وە ئەو کاتەی لە کەرکوک کەخیانەتەکەیان کرد وەک کەسێک بوو کە لەبەرەی جەنگ بێت و لێت بدرێت قۆڵێکت بڕوات بەقۆڵ و دەستێکی تر ناتوانی هەمان بەرگری بکەی، بۆیە ئێمەش لەپێناو خۆپاراستن کشاینەوە، چونکە نەماندەزانی سوپای عیراق بەوشێوەیە پێشڕەوی دەکات، دەمانزانی کەرکوکیان بەنەوت پێ فرۆشتوون بەڵام نەماندەزانی کەخیانەتەکە زۆر لەوە گەورەترە و دەیانەوێت "کیانی" هەرێمی کوردستان نەهێڵن، ئێمە کشاینەوە بۆ شاخەکە، بەڵام دەستخۆشی بۆ پێشمەرگە دەستیان ماچ دەکەین کە نەیانهێشت ئەم "کیانە" تێکبچێت، کشانەوەشمان ستراتیژێک بوو بۆ خۆ ڕێکخستنەوەمان."

دەربارەی ئەوەی وترا ڕیفراندۆم هۆکاری هێرشی عیراق بوو بۆسەر کەرکوک؟ سیروان بارزانی ڕەتیکردەوە و وتی" ڕیفراندۆم بەهانە بوو، ئەگەرنا ئەوان هەمان شت لەبەرنامەیان هەببو، لەکوێی دەستوری عیراقی هاتووە کە عەبادی بتوانێت کام چەک و تۆپە پێشکەوتووە هەیە لەسەر عیراقیەکان بەکاریبهێنێت؟ بێگومان بەحسابی ئەوان ئێمە تا ئێستاش عیراقین بەڵام لەبابەتی بودجەی پێشمەرگە و مافەکانمان عیراقی نین، تەنها لەگەندەڵیەکانی عیراق حسابی عیراقیمان بۆ دەکەن."

بارزانی ئاماژەی بەو کەسانە دا کەبەوتەی خۆی" خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرییان" ئەنجامداوە و وتی" لەپێناو بەرژەوەندی و یەکڕیزی نیشتمانی قسەمان نەکردووە وتومانە بەڵکو خوایە بۆ جارێکێش بێت کورد یەکگرتوو بێت، بەڵام ئێتر ئێمـە بۆ شەرم بکەین؟ ئێمە شەهیدمان داوە بەرگریمان کردووە شەرم بۆ بکەین .؟لەکاتێکدا یەکێک لەسەرکردەی" خائینەکان" کە کاک پافڵ تاڵەبانی بوو بەخۆی دەڵێ سەرکردە هاتە سەر تەلەفزیۆن و ناوی(36) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی_شی بەرزکردەوە کەلەگەڵ خیانەتەکە بوون جا ئەوان شەرم نەکەن! ئێمە بۆ شەرم بکەین هەروەها کاک ئاراسی شێخ جەنگی_ هەمان قسەی کرد لەسەر تەلەفزیۆن، خەڵک خیانەت بکات ئێمە شەرم بکەین؟!نەخێر شتی وانیە."

سیروان بارزانی وتیشی" ئەم خیانەتە و خیانەتکارانی شتێک نیە بڵێ پێویستی بە بەڵگەیە ئەمە(15-20) ساڵ لەمەوبەر نیە بڵێی کوا بەڵگە؟ خۆ خۆ ئەوە بەلایڤ هەیە، وتیشی" لەبەردەم دادگا ئامادەم قسەکانی خۆیان بکەمە بەڵگە ئەگەر ئەوان لەسەر ئەم قسانە سکاڵام لەسەر تۆمار بکەن ئیتر لەو بەڵگە زیاتر چی کەخۆیان بەدەمی خۆیان دانیان بەخیانەتدا نا لەسەر تەلەفزیۆن، با ئەوان بێن پێچەوانەکەی بسەلمێنن بەڵام ئەوانە بەڵگەی خۆیانن."

سیروان بارزانی وتیشی" دەبێت دادگای خەڵک ئەو "خیانەتکارانە" دادگایی بکات، بەبۆچونی من ئەگەر دادپەروەری هەبێت دەبێت دادگای کورد و پێشمەرگە دادگایی ئەوانە بکات، ئیشی من وەک پێشمەرگەیەک بەرگریکردنە لەکوردستان."

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە چاوپێکەوتنەکەی دەنگی ئەمریکا ئەوەشی وتبوو" تا ئێستا( پاش تێپەڕبوونی ساڵێک) بەسەر ڕووداوەکانی (16ی ئۆکتۆبەر) هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەو ڕوداوە نەکراوە، کەبەداخەوە دەبوو سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت، پەرلەمان، سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری بدایە بەپێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بەڵام، جگە لە"موهاتەرات" و هێرشکردنە سەر سەری یەکتر و یەکتر شکاندن نەهاتن لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیە پێکبهێنن، بەڵام بەهۆی ئەو ململانێ ناشەریفانەی لە گۆڕەپانەکەدا هەیە بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەن هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە، دەشڵێت" بەدڵنیایی ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرایە لەو بابەتە(16)ی ئۆکتۆبەر ڕەنگە خەڵکانێک کە کوردن تێوە بگلانایە کە لەگەڵ عیراقیەکاندا دەستیان تێکەڵ کردبێت و هاوکاری و هەماهەنگی عیراقیان کردبێت بۆ هاتنەوە بۆ ناو کەرکوک"

بەڵام سیروان بارزانی لێکۆڵینەوە بەپێویست نازانێت و دەڵێت" "بەشکم" هۆکارێک هەبوبێت کەلەبەرژەوەندی کوردستان بوبێت، کاتی خۆی "جەنابی سەرۆک" پەرلەمانی ڕاسپارد بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتی واژۆیان نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەبۆچونی من لەدوای ئەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنانەی "سەرکردە خائینەکان" لەسەر تەلەفزیۆن ئیتر لێکۆڵینەوە پێویست نیە، کاتێک تۆماتبارەکە خۆی بێت لەسەر تەلەفزیۆن فۆڕم بهێنێت و بڵێت ئەم هەڤاڵانەش واژۆیان کردووە و من خیانەتەکەم کردووە لەسەر تەلەفزیۆن شانازی پێوە بکات ئیتر لێکۆڵینەوەی چی و بۆچی، لێکۆڵینەوە بۆ کارێکە کەبکەرەکەی دیارنەبێت نەک بۆ "خیانەتێک" کە تۆماتبارەکە خۆی بێت بەشانازیەوە لەسەر تیڤیەوە بڵی من کردوومە؟"

بارزانی ڕاشیگەیاند" دەبێت کەسوکاری"شەهیدەکان" و قوربانیەکان بچن سکاڵا لەسەر ئەو خیانەتکارانە تۆماربکەن، دەبێت دادگا و ناوەندە یاساییەکان لەکوردستان لێپرسینەوە و ڕێ و شوێن بگرنە بەر."

بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە وتیشی" لە "خیانەتەکە"ی 16ی ئۆکتۆبەر خاڵی ئیجابی هەبوو ئەویش دەوترا دوای شەڕی داعش شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات، بەڵام ئەوە بۆخۆمان و بۆ دنیاش سەلما سەرەڕای "فرۆشتنی" کەرکوک بەڵام هۆشیاری و خەمخۆری سەرکردەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە سەلماندی کە جارێکی تر شەڕی ناوخۆ ڕونادات لەکوردستان."

لەبارەی ژمارەی قوربانیانی هێزەکانی پێشمەرگە بەهۆی ڕووداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەرەوە؟ سیروان بارزانی وتی" ئاماری قوربانیانی "مەدەنی"م لانیە بەڵام بۆ پێشمەرگە بەکەرکوک و مەخمور و سحێل و ناوچەکانی تر نزیکەی(131)"شەهید" وە نزیکەی 150 بریندار کەوتەوە."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ سیروان بارزانی