ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئه‌گه‌ر به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن بێت پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ناو لیستی برایه‌تی مافی پارتیه‌

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك بەوەکالەت

لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك بەوەکالەت دەڵێت" هه‌تا بارودۆخی كه‌ركوك ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ پارێزگاری كه‌ركوك دانه‌نرێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر داشبنرێت، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری ناتوانرێت له‌شاره‌كه‌ جێ به‌جێ بكرێت، بۆیه‌ ناكرێت پارێزگارێك دابنرێت له‌ژێر"پۆستاڵی عه‌سكه‌ری"، ده‌شڵێت" كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن بۆ دانانی پارێزگار یا هه‌ر بابه‌تێك به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌ن بێ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ناكرێت، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا ژیانم له‌مه‌ترسیدایه‌ ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك به‌بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نێك گره‌نتی پاراستنی لایه‌نی ئاسایش نه‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كه‌ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ردانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك كرا كه‌به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ڕێگه‌پێدراوه‌ ئاماده‌م دانیشتنه‌كان به‌ڕێوه‌ببه‌م، ڕێبوار تاڵه‌بانی ده‌شڵێت" پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك مافی لیستی برایه‌تیه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێی "ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن" بێت پۆستی پارێزگار " ئیستحقاق"ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ چونكه‌ پارتی زۆرینه‌ن له‌و لیسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێی "ئیستحقاق"ی سیاسی بێت ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتنی ده‌وێت."

ڕێبوار تاڵەبانی له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا باسی هه‌وڵه‌كان بۆ لابردنی له‌پۆسته‌كه‌ی-دا و وتی" بارودۆخەکە بەگشتی ئاڵۆزە ناتوانین بە تایبەت دەستنیشانی بکەین بڵێین لایەک بووە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر بارودۆخێکی نایاسایی و نادەستوری سەپاوە بەسەر کەرکوکدا وە منیش وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە بە ئامانج هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر ماڵم ئۆتۆمبێلم دزرا لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزە سەربازییەکانی کەرکوکەوە بووە هۆی ئەوەی نەتوانم بگەڕێمەوە شاری کەرکوک لەگەڵ پانزە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەدەرەوەی شاری کەرکوکم له‌به‌ر ئه‌وه‌ ساڵێكه‌ كاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن ڕاگیراون حكومه‌تی عیراقی ناتوانێت چاره‌سه‌ری بكات وه‌ هێزه‌ كوردستانیه‌كانیش له‌به‌ر ناكۆكی ناوخۆیین نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ یه‌ك بۆچونی هاوبه‌ش، به‌ڵام ئێستا هه‌موویان هاوڕان كه‌بارودۆخه‌كه‌ ناته‌ندروسته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌وڵدرا له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌ندامێكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی و لیستی عه‌ره‌بی و لیستی برایه‌تی به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ نه‌یانده‌توانی دانیشتنه‌كان ئه‌نجام بده‌ن هه‌وڵه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون."

تاڵه‌بانی هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆشاره‌كه‌ بۆ دۆخی ئێستای ئه‌و شاره‌ گێرایه‌وه‌ و وتی"ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌كه‌ركوك هه‌یه‌ نایاسایی و ناده‌ستورییه‌ به‌پێی مادده‌(٩)ی ده‌ستور چونكه‌ حكومه‌تی عیراق بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌ سیاسیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم هێزی سه‌ربازی به‌كارهێنا، دووه‌م كه‌ركوك وه‌ك سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێهاتووه‌ ئازادییه‌كان نه‌ماوه‌، چاوه‌ڕێین له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌ هه‌موو هێزه‌كان له‌ناو شاره‌كان به‌كه‌ركوكیشه‌وه‌ بچنه‌ ده‌ر."

ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كه‌ركوك؟ ڕێبوار تاڵه‌بانی وتی" نا- ده‌سلكارناكێشه‌مه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ركوك په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌كه‌سێكه‌وه‌، چاوڕێی ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌م."

وتیشی" به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بێ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ناتوانێت كۆببێته‌وه‌."

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د ڕۆژی دووشه‌ممه‌ قادر عه‌زیز ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگه‌یاند" یەکێتی ئامادەنیە بەشداری لە حکومەتی هه‌رێمدا بکات تاوەکو پارێزگاری كه‌ركوك وەرنەگرێت."

به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ده‌ڵێت" ده‌بێت گوێ له‌ قسه‌ی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكه‌ین له‌زاری وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ڕێز كاك سه‌عدی پیره‌ كه‌ هه‌ردوای كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ ڕایگه‌یاند"پارێزگارێك دانانێین له‌ژێر پۆستاڵی عه‌سكه‌ری"

وتیشی" منیش هه‌مان ڕای كاك سه‌عدی پیره‌-م هه‌یه‌ هه‌تا بارودۆخه‌كه‌ ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری له‌شاره‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی نابێت."

چونكه‌ "ئه‌حكامی عه‌سكه‌ری" له‌شاره‌كه‌ جێ به‌جێ ده‌كرێت، بۆیه‌ ڕای هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ش به‌وجۆره‌یه‌ تا بارودۆخه‌كه‌ ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ پارێزگار دانه‌نرێت."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانی پارێزگار ئایا ئاماده‌ی بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك بۆ سه‌رۆكایه‌تی كردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و دانانی پارێزگارێكی كورد؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی وتی" هه‌تا بارودۆخی ئه‌منی مسۆگه‌ر نه‌بێت بۆم ، لایه‌نێك گره‌نتی ته‌واو له‌سه‌ر پاراستنی ژیانم نه‌دات ناچمه‌وه‌ كه‌ركوك چونكه‌ ئاماژه‌م پێكرد كه‌ چییان به‌رامبه‌ر كردووم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك كرا ئاساییه‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌م."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ مافی كام لایه‌ن ده‌زانی؟

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ڕایگه‌یاند" له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ لیستی برایه‌تی زۆرینه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بێت لێی گه‌ڕێین بۆ لیسته‌كه‌ كه‌ كێ داده‌نێن گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌ت به‌شاره‌كه‌ بكات."

ڕێبوار تاڵه‌باڵه‌نی وتیشی" لیستی برایه‌تی له‌چه‌ند لایه‌نێكی شاره‌كه‌ پێكهاتووه‌ زۆرینه‌یان پارتین دواتر یه‌كێتی، پاشان لایه‌نه‌كانی تر، ئه‌گه‌ر به‌پێی "ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن" بێت پۆستی پارێزگار " ئیستحقاق"ی پارتیه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێی "ئیستحقاق"ی سیاسی بێت ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتنی ده‌وێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ڕێبوار تاڵه‌بانی Jan.23