خێڵێکی عێراق مۆڵەتی 24 کاتژمێر بە دەسەڵاتداران دەدەن فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی ئازادبکرێت

خێڵی خەفاجە حکومەتی عێراق بەرپـرسیار کردووە لە دەسـتگیرکردنی ئەوس ئەلخەفاجی فەرماندەی هێزی ئەبو فەزڵ ئەلعەباسی حەشدی شەعبی، ئەوەی ڕەخنەی لە ئێران گرتبوو.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوکراوەتەوە یەکێک لە شێخەکانی خەفاجە دەڵێت ئەگەر هەتا سبەی ئەوس ئەلخەفاجی ئازاد نەکرێت، ئەوا شۆڕشێک بەرپادەکەن بە هاوشێوەی شۆڕشەکەی ساڵی 1920 ئەوەی لە دژی بەریتانیـیەکان ئەنجام درا.

ئاسایشی حەشدی شەعبی بەرپـرسیارێتی خۆی لە دەستگیرکردنی خەفاجی ڕاگەیاندووە و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هێزێکی ئاسایشی حەشد داویانە بەسەر چوار بارەگای ساختە کە خۆیان بە حەشەد ناودێرکردووە و هەموو ئەو کەسانەی لە نێو ئەو بارەگایانەدابوون دەستگیرکراون. یەک لەوانە بارەگای چواری لیوای ئەبو فەزڵ ئەلعەباس ئەوەی ئەوس ئەلخەفاجی بەڕێوەی‌دەبات.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت کاربەدەستێک لە حەشدی شەعبی ئەمڕۆ هەینی گوتویەتی دەستگیرکردنەکەی خەفاجی لەسەر ڕەخنەگرتنی بووە لە دەستێوەردانی ئێران.

خەفاجی پـێشتر لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئاسیا گوتبووی" وەک چۆن ڕەخنە لە بوونی ئەمەریکا و تورکیا لە عێراق دەگیرێت، دەبێت وەهاش ڕەخنە لە دەستێوەردانی ئێرانیش بگیرێت.