د.فوئاد حسێن: له‌به‌غداده‌وه‌ موچه‌ی مانگه‌كانی 4,3,2,1 مان به‌ته‌واوی به‌پێی یاسای بودجه‌ی عیراق ناردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان

.فوئاد حسێن وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ

له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.فوئاد حسێن وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ ده‌ڵێت"موچه‌ی مانگی یه‌ك و دوو بڕی(317) ملیار دینار نێردرا بۆ هه‌رێم به‌ڵام مانگی سێ له‌گه‌ڵ موچه‌كه‌دا ئه‌و بڕه‌ی كه‌می هه‌بوو له‌مانگی یه‌ك و دوو به‌پێی یاسا زیاده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ نێردرا بۆ هه‌رێم وه‌ مانگی چواریش هه‌روا، ئیتر بابه‌تی پاشه‌كه‌وت لای ئێمه‌ له‌یاسای بودجه‌دا نیه‌ ئێمه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ كارمان كردووه‌ موچه‌ی مانگی4,3,2,1 به‌ته‌واوی نێردراوه‌ بۆ كوردستان ئیتر خه‌ڵك و په‌رله‌مانتار چۆن "ته‌فسیری" ده‌كات كه‌یفی خۆیانه‌ خۆ "قورئانیش" ته‌فسیری جیای بۆ ده‌كه‌ن هه‌ندێك خه‌ڵك، به‌ڵام دۆخی كوردستان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ی سێ ساڵی ڕابردوو كه‌ بودجه‌ نه‌نێردرا بۆ كوردستان ئێستا كه‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ لاچووه‌ هه‌ر دواكه‌وتنی موچه‌كه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئاینده‌دا چاك ده‌كرێت." ده‌شڵێت" وه‌ك وه‌زیری دارایی وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وه‌ك وه‌زیری به‌رگری ڕه‌زامه‌ندیمان نواند له‌سه‌ر خه‌رجكردنی (68)ملیار دیناره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌م ڕۆژانه‌دا به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، هه‌روه‌ها باس له‌ شێوازی هاوتاكردنی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، د.فوئاد حسێن ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت"من یاسایه‌ك به‌ده‌ستمه‌وه‌یه‌ كه‌یاسای بودجه‌یه‌ و گرنگه‌، هه‌تا من له‌و پۆسته‌دا بم پابه‌ندی یاسا ده‌بم، ده‌سه‌ڵاتی خۆم به‌كارده‌هێنم هیچ كات ناهێڵم موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببڕدرێت ئه‌گه‌ر منیش له‌و پۆسته‌دا نه‌مام ئه‌وا هه‌ركه‌سی تر بێت خۆ ده‌بێت ئه‌ویش پابه‌ندی یاسا بێت."

"مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر كرا "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.فوئاد حسێن ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی عیراقی و هه‌رێمی كوردستان دا و ڕایگه‌یاند" ئێستا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد هه‌یه‌ زۆرباشه‌، واته‌ من ناڵێم كێشه‌ نیه‌ به‌ڵام كێشه‌كان به‌ڕێگای تر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت واته‌ هه‌میشه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌رده‌كرێت، ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن دیارن، مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بوو كه‌ یه‌كێك بوو له‌كێشه‌ گه‌وره‌كان چاره‌سه‌ر كرا له‌ یاسای بودجه‌ی عیراقی و چه‌سپا له‌یاساكه‌، هه‌موو كاتێك موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت."

وتیشی" بابه‌تی تر په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ "نه‌وت"ه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش دوو به‌شه‌، به‌شی یه‌كه‌م، ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ له‌ناو یاسای بودجه‌دا هه‌یه‌ كه‌ بری(250)هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ-حكومه‌تی فیدراڵی عیراقی بكات،به‌شی دووه‌م په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌سیاسه‌تی نه‌وت به‌گشتی له‌كوردستان و له‌عیراق،وه‌ ئه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌م به‌ بۆچونی من به‌م نزیكانه‌ دانوستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر كێشه‌یه‌كی سیاسی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم ببڕدرێته‌وه‌؟

د.فوئاد حسێن وتی" نه‌خێر من باسی یاسای بودجه‌ ده‌كه‌م، "مه‌عقول" نیه‌ ئه‌مساڵ بودجه‌ بدرێت و ساڵێكی تر نه‌درێت، ئێمه‌ ئێستا كه‌ به‌شدارین له‌حكومه‌ت به‌شداری ئێمه‌ هه‌ر پۆسته‌كه‌ نیه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كه‌ كه‌ ڕۆڵمان هه‌یه‌ و به‌شێكین له‌بڕیار به‌بۆچونی من تا په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غداد به‌ره‌و باشی بڕوات هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌، بابه‌تی دووه‌م، دانوستاندن ده‌ست پێده‌كات."

" بابه‌تی نه‌وت"

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت تا ئێستا هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ڕاده‌ستكردنی بڕی "250" هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ به‌ به‌غداد؟

د.فوئاد حسێن وتی" ئه‌وه‌ ئه‌و خاڵی دووه‌مه‌یه‌ كه‌ پێشتر باسم كرد كه‌ به‌م نزیكانه‌ دانوستانی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌میدیاكانی عیراق و كوردستانیش باس ده‌كرێت هه‌تا ڕاستی بڵێم ئه‌وه‌ به‌شێكی په‌رله‌مانتاره‌ كوردسه‌كانی خۆمانن، به‌ڵام ئه‌مه‌ تا ئێستا نه‌بۆته‌ كێشه‌، چونكه‌ ڕاسته‌ بابه‌تی موچه‌ ته‌نها ژماره‌یه‌، به‌ڵام بابه‌تی نه‌وت ڕیشه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بابه‌تی ئابوری و په‌یوه‌ندی هه‌رێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردوون ئه‌مه‌ هه‌مووی پێویسته‌ دانوستاندنی له‌سه‌ر بكرێت هه‌روه‌ك بابه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی مادده‌ی ( 140 )ی ده‌ستور كه‌ چۆن پێویسته‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت بابه‌تی نه‌وت-یش وا وه‌ ئه‌وه‌ دانوستاندن ده‌ست پێده‌كات له‌سه‌ری."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌وترێت ڕاده‌ستنه‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غداد جۆرێك له‌ "ئیحراجی" و فشاری بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و خۆت وه‌ك وه‌زیرێكی كورد دروست كردووه‌ له‌شه‌قامی عیراقی كه‌بودجه‌ نه‌نێرن بۆ هه‌رێمی كوردستان تا ڕاده‌ستكردنی نه‌وت؟

د.فوئاد حسێن له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" فشاره‌كه‌ به‌وجۆره‌بوو كه‌ هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان كه‌ له‌نێویشیاندا كورد هه‌بوو ئه‌م بابه‌ته‌یان له‌ میدیا باسكرد بێگومان هه‌م ده‌گاته‌وه‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیران هه‌م به‌من، به‌ڵام من پابه‌ندم به‌ یاسایه‌كه‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ یاسای بودجه‌یه‌، ئه‌وان ده‌توانن بۆ خۆیان قسه‌ بكه‌ن و فشار بكه‌ن ئازادن به‌ڵام هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت چونكه‌ من یاسایه‌ك به‌ده‌ستمه‌وه‌یه‌ كه‌یاسای بودجه‌ی عیراقه‌."

به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیان له‌مه‌دا هه‌یه‌ كه‌خۆت ده‌ڵێی به‌شێك له‌وانه‌ كوردن له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ بابه‌تی موچه‌ی خه‌ڵكه‌؟

وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی وتی" من ڕێزم هه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران و په‌رله‌مان به‌ڵام هه‌ندێك جار هه‌ندێكیان نه‌ك هه‌موویان لێدوان ده‌ده‌ن زانیارییه‌كانیان دروست نیه‌، وه‌ هه‌ندێكیان وا نیشان ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ندێكجار موچه‌ دواده‌كه‌وێت بیكه‌نه‌ خه‌تای یه‌كێك كه‌ موچه‌ دێت بیكه‌نه‌ ده‌ست كه‌وتی خۆیان كه‌ ئه‌مه‌ نابێت، نابێت مه‌سه‌له‌ی موچه‌ و بژێوی خه‌ڵك بكرێته‌ سیاسی، به‌ڵام وه‌ك وتم یاسایه‌ك هه‌یه‌ كه‌یاسای بودجه‌یه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردووه‌ به‌شێكی ئه‌و یاسایه‌ تایبه‌ته‌ به‌بودجه‌ و موچه‌ی كوردستان من وه‌ك لایه‌نی جێبه‌جێكار واجبی "وه‌زیفی" و سیاسی و ئه‌خلاقی و یاسایی-م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جێ به‌جێی بكه‌م ئیتر فشار هه‌بێت یاخود نا من جێ به‌جێی ده‌كه‌م. ."

دواكه‌وتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم

وه‌ك لایه‌نی حكومه‌تی عیراقی ئێوه‌ ئاگادارن ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان موچه‌ی مانگی(1) دابه‌شده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بودجه‌ی چوار مانگی هه‌رێم-تان ناردووه‌؟

وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی وتی" ئه‌وه‌ بابه‌تێكی تره‌ چونكه‌ كه‌ بودجه‌ بڕا له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمی كوردستان قۆناغێكی "ته‌قه‌شوف"ی ده‌ستپێكرد، له‌ قۆناغێكی دیاریكراو زه‌حمه‌ت بوو بۆی موچه‌ بدات وه‌ هه‌م موچه‌ دواده‌كه‌وت هه‌م پاشه‌كه‌وت هه‌بوو جا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بوو به‌و دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانی تێدا بوو، واته‌ ئه‌مه‌ تێده‌گه‌م ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ی چه‌ند ساڵبوو هه‌رێمی كوردستانی تێدابوو."

ڕۆژی هه‌ینی له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.ڕێبوار كه‌ریم په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی كورد له‌په‌رله‌مانی عیراق ڕایگه‌یاند" به‌غداد موچه‌ی سێ مانگی هه‌رێمی ناردووه‌ به‌ڵام به‌"تاڵان" براوه‌ و نه‌دراوه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ڵكو دراوه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانمان"

د.فوئاد حسێن له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ی كه‌ وتی به‌غداد پاره‌ی سێ مانگی ناردووه‌ ئه‌وه‌ من وتم و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان دوباره‌یان كرده‌وه‌، وه‌ من له‌به‌غداده‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م وه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی فیدراڵ، ئنجا سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم دۆخه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ ئابوریه‌ی كه‌ تێیدا بوو، وه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی سێ كه‌یاسای بودجه‌مان په‌سه‌ندكرد پێشتر وه‌ك ساڵی ڕابردوو پاره‌مان ناردبوو بۆ هه‌رێم به‌ڵام له‌مانگی سێ له‌گه‌ڵ جێ به‌جێ كردنی یاسای بودجه‌ی عیراقی ئه‌وه‌ی كه‌ممان ناردبوو بۆمانگی یه‌ك و دوو له‌گه‌ڵ مانگی سێ ناردمان واته‌ مانگی سێ و چوار به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا دیاریكراوه‌ پاره‌مان ناردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ ئه‌وه‌ی چۆن ده‌درێت له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و سیاسه‌ته‌" ته‌قه‌شوفه‌"ی هه‌بوو له‌كوردستان وه‌ ئێستا كه‌نه‌ماوه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن چاره‌سه‌ری بكه‌ن به‌ڵام خۆ ناتوانن هه‌موی چاره‌سه‌ر بكه‌ن وه‌ من ناتوانم به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ قسه‌بكه‌م به‌ڵام وه‌ك كه‌سێك كه‌خۆم له‌وێ بوم و ئاگاداربوم له‌دۆخه‌كه‌ ناتوانن هه‌موو شت به‌یه‌كجار چاره‌سه‌ر بكه‌ن."

ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئێوه‌ به‌دواداچون ناكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ینێرن بۆ پارێزگا و هه‌رێمه‌كان له‌عیراق له‌نێویاندا هه‌رێمی كوردستان كه‌بزانن ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن خه‌رج ده‌كرێت؟

د.فوئاد حسێن وتی" دۆخی هه‌رێمی كوردستان جیاوازه‌ له‌شوێنه‌كانی تری عیراق چونكه‌ یاسای خۆی هه‌یه‌، حكومه‌تی خۆی هه‌یه‌ وه‌ په‌رله‌مانی خۆی هه‌یه، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌زانێت كه‌ پاره‌ چووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كاری ئه‌وه‌ به‌دواداچوون له‌وباره‌یه‌وه‌ بكات."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌به‌غداده‌وه‌ به‌شه‌ موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان-تان به‌ پاشه‌كه‌وته‌وه‌ ناردووه‌ بۆ مانگه‌كانی(1,2,3) واته‌ بڕی ( 317) ملیار دینار یاخود به‌بێ پاشه‌كه‌وت وه‌ك له‌یاسای بودجه‌دا هاتووه‌( 522) دینار؟

وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ وتی" پاشه‌كه‌وت په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ ئێمه‌وه‌، مانگی یه‌ك و دوو وه‌ك ساڵی ڕابردوو پاره‌ ڕۆیشت بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام مانگی سێ زیاتر بوو جگه‌ له‌وه‌ی مانگی سێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌یاسای بودجه‌دا هاتبوو نێردرا، هاوكات زیاده‌یه‌كیشی هه‌بوو وه‌ك ته‌واوكاری مانگه‌كانی (یه‌ك و دوو) وه‌ مانگی سێ وه‌ مانگی چوار-یش بودجه‌ به‌ته‌واوی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌یاسای بودجه‌ی عیراقیدا هاتووه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان."

ڕۆژی (11/04/2019 ) له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا لە گه‌ڵ ڕێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا حکومەت بەنیازە پاشەکەوتی موچەکانی فەرمانبەران بداتەوە؟ ڕێباز حەملان وتی" بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجە-شی بڕی دەبوو هەر موچەی بناردایە بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستی کرد بەدانەوەی موچە دەبێت بەشە زۆرەکەی حکومەتی عیراق ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا حكومه‌تی عیراقی ئاماده‌یه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت؟ وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ وتی" مه‌به‌ستی وه‌زیری دارایی هه‌رێم ئه‌و سێ ساڵه‌ی ڕابردووه‌، به‌ڵام لێره‌ش هه‌ندێك له‌به‌رپرسانی عیراقی ده‌ڵێن ئێوه‌ش نه‌وتتان فرۆشتووه‌ خۆی ئه‌وه‌ لایه‌كی بابه‌ته‌كه‌یه‌ به‌ڵام "واقیعه‌كه‌" ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ هه‌بوو، به‌بۆچونی من هه‌رێم ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كاته‌ خاڵێكی گفتوگۆكانی ئه‌و شانده‌ی كه‌دێنه‌ به‌غداد، واته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌دانوستانه‌."

"به‌ڵێ موچه‌ی مانگی 4,3,2,1 له‌به‌غدادوه‌ چووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان"

ڕۆژی هه‌ینی له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا د.ڕێبوار كه‌ریم په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌په‌رله‌مانی عیراق ڕایگه‌یاند" حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی ده‌ستی ده‌كات له‌پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌رنا موچه‌ی ته‌واو له‌به‌غداده‌وه‌ هاتۆته‌ هه‌رێم، دواتر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا قسه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌."


لای خۆیه‌وه‌ د.فوئاد حسێن ده‌ڵێت "هه‌روه‌ك وتم موچه‌ی مانگی یه‌ك و دوو بڕی(317) ملیار دینار نێردرا بۆ هه‌رێم به‌ڵام مانگی سێ له‌گه‌ڵ موچه‌كه‌دا ئه‌و بڕه‌ی كه‌می هه‌بوو له‌مانگی یه‌ك و دوو به‌پێی یاسا زیاده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ نێردرا بۆ هه‌رێم وه‌ مانگی چواریش هه‌روا، ئیتر بابه‌تی پاشه‌كه‌وت لای ئێمه‌ له‌یاسای بودجه‌دا نیه‌ ئێمه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ كارمان كردووه‌، "ئه‌ساسی مه‌سه‌له‌كه‌"ئه‌وه‌یه‌ موچه‌ی مانگی یه‌ك چووه‌ بۆ هه‌رێم به‌ڵێ، مانگی دوو، به‌ڵێ، مانگی سێ به‌ڵێ، مانگی چوار به‌ڵێ، واته‌ پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ مانگه‌كانی 4,3,2,1 به‌ته‌واوی به‌پێی یاساكه‌ نێردرا بۆ كوردستان ئیتر خه‌ڵك و په‌رله‌مانتار چۆن "ته‌فسیری"ده‌كه‌ن كه‌یفی خۆیانه‌، خۆ "قورئانیش" ته‌فسیری جیای بۆ ده‌كه‌ن هه‌ندێك خه‌ڵك، به‌ڵام دۆخی كوردستان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ی سێ ساڵی ڕابردوو ئێستا كه‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ لاچووه‌ هه‌ر دواكه‌وتنی موچه‌كه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئاینده‌دا چاك ده‌كرێت."

ڕاشیگه‌یاند "به‌دڵنیایی "موتابه‌عه‌"ده‌كه‌ین وه‌ پرسیاركردن مافی هه‌مومانه‌ له‌سه‌ر دواكه‌وتنی موچه‌ به‌ڵام دڵنیام ناردنی بودجه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام بێت له‌چه‌ند مانگی داهاتوو دواكه‌وتنی موچه‌-ش نامێنێ، هه‌ر لێپرسینه‌وه‌یه‌كیش كاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌."

"له‌م ڕۆژانه‌دا (68)ملیار دیناره‌كه‌ی چوار مانگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت"

پێشتر له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندبوو" وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق مانگانه‌ بڕی 68 ملیار دینار ده‌نێرێت بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌پێی ڕونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی -ش له‌ڕۆژی هه‌ینی به‌شێك له‌پاره‌ی هاتوو له‌به‌غداد له‌بری ئه‌و 68 ملیار دیناره‌ بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خه‌رج كراوه‌."

د.فوئاد حسێن وتی" كێشه‌یه‌ك هه‌بوو ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر كرا ئێستا من وه‌ك وه‌زیر واژۆم كردووه‌ وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش وه‌ك وه‌زیری به‌رگری به‌وه‌كاله‌ت ڕه‌زامه‌ندی نواندووه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا بڕی ئه‌و 68 ملیاره‌ هی چوار مانگ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت."

"هاوتاكردنی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق"

ده‌رباره‌ی هاوتاكردنی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق؟د.فوئاد حسێن وتی" ئه‌وه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی كه‌هه‌یه‌ مه‌سه‌له‌ی "میلاكاته‌" كه‌وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق له‌گه‌ڵ "میلاكی"وه‌زاره‌ت چۆنه‌ و چۆن نیه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌ پێویسته‌ ڕێكبخرێت، كێشه‌ی دووه‌م، ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ دیاریكراوه‌ جا ئه‌مانه‌ بابه‌تی وردن و پێویسته‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێن و چاره‌سه‌ربكرێن."

"تا من وه‌زیر بم هه‌موو كات ده‌سه‌ڵاتی خۆم به‌كاردێنم هیچ كات ناهێڵم موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببڕدرێت"

د.فوئاد حسێن له‌دوا به‌شی وتووێژه‌كه‌دا وه‌ك په‌یامێك بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند" ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ جیاوازه‌، كه‌سه‌كان جیاوازن، پێویست ناكات به‌وشێوه‌یه‌ بیربكرێته‌وه‌ كه‌ بودجه‌ ده‌بڕردرێت من یاسایه‌ك به‌ده‌ستمه‌وه‌یه‌ كه‌یاسای بودجه‌یه‌ و گرنگه‌، هه‌تا من له‌و پۆسته‌دا بم پابه‌ندی یاسا ده‌بم، ده‌سه‌ڵاتی خۆم به‌كارده‌هێنم هیچ كات ناهێڵم موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببڕدرێت ئه‌گه‌ر منیش له‌و پۆسته‌دا نه‌مام ئه‌وا هه‌ركه‌سی تر بێت خۆ ده‌بێت ئه‌ویش پابه‌ندی یاسا بێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.فوئاد حسێن Apr 22/019