ڕزگار محێدین: داوامان له‌ زیاتر له‌ بیست حیزبی سیاسی كردوه‌ له‌ عیراق و كوردستان كه‌ كۆنگره‌ی خۆیان ببه‌ستن

ڕزگار حه‌مه‌ محێدین-جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق

له‌ووتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕزگار حه‌مه‌ محێدین جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق باس له‌چه‌ندین پرسی تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق به‌كه‌ركوك-یشه‌وه‌ ده‌كات.

"داوامان له‌ زیاتر له‌ بیست حیزبی سیاسی كردوه‌ له‌ عیراق و كوردستان كه‌ كۆنگره‌ی خۆیان ببه‌ستن"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی كۆمسیۆن كه‌ پێویسته‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌نی عیراقی و كوردی كۆنگره‌ ببه‌ستن ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مافی به‌شداری كردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان نابێت، ده‌ڵێت" ئێمه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ 45ی ساڵی 2012، یاسای لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان داوا له‌ زیاتر له‌ بیست لایه‌نی سیاسی عیراق به‌كوردستانیشه‌وه‌ كراوه‌ وه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆنگره‌ی خۆیان ببه‌ستن."

ده‌رباره‌ی وه‌ڵامی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌؟ ڕزگار محێدین ده‌ڵێت" وه‌ك ده‌بینرێت ئێستا زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ ئاماده‌كاری بۆ كۆنگره‌، وه‌ ئێمه‌یان ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌كات و شوێنی به‌ستنی كۆنگره‌، ئێمه‌ش بۆمان هه‌یه‌ له‌و واده‌یه‌ی دیاری ده‌كه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ سێ مانگ بۆیان درێژ بكه‌ینه‌وه‌."

"زیاتر له‌ سێ سه‌د حیزب له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراقدا هه‌یه‌"

جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاشیگه‌یاند" ئێستا زیاتر له‌ سێ سه‌د حیزب له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق هه‌یه‌، هه‌ركام له‌و حیزبامه‌ مه‌رجێك له‌مه‌رجه‌كانی به‌پێی یاسا جێ به‌جێ نه‌كرد ئه‌وا لای ئێمه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، وه‌ به‌ستنی كۆنگره‌ش به‌ته‌نها په‌یوه‌ست نیه‌ به‌و حیزبانه‌ی به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ن به‌ڵكو هه‌ر حیزبێك كه‌ له‌فه‌رمانگه‌ی حیزبه‌كان لای ئێمه‌ تۆمار كرابێت ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا سورن له‌سه‌ر جێ به‌جێ كردنی بڕیاره‌كه‌تان ئه‌گه‌ر هه‌ر حیزبێك كۆنگره‌ی نه‌به‌ست ڕێگه‌ی پێنه‌ده‌ن به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكات؟

جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ده‌ڵێت" هه‌ر یاسایه‌ك كه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆمان بێت ئێمه‌ جێ به‌جێیی ده‌كه‌ین جا ئیتر له‌سه‌ر هه‌ر حیزب و لایه‌نێك بێت."

"دڵنیاین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌كه‌ركوك بێ گرفت به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د، ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ڕایگه‌یاند " تا ئێستا بارودۆخی كه‌ركوك له‌بار نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا،ئێمه‌ به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان وتووه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانین به‌پێی به‌رنامه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران "عادل عه‌بدولمه‌هدی" كه‌ده‌بێت دیارده‌ی سه‌ربازی له‌شاره‌كاندا نه‌مێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخێكی ئازادی دروست ببێت به‌پێی ده‌ستور تا خه‌ڵك به‌ ئازادانه‌ ده‌نگ بدات به‌ نوێنه‌ره‌كانیان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان."

به‌ڵام ڕزگار محێدین له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا بارودۆخی كه‌ركوك له‌باره‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان؟ ده‌ڵێت" له‌ 12/5/2019 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌و پارێزگایه‌ش به‌ڕێوه‌چوو ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌وێن چاودێری هه‌موو ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدانیان گرته‌ ئه‌ستۆی خۆیان لایه‌نه‌كانیش ده‌نگی پێویستی خۆیان هێنا و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش ئه‌نجامدرا، "له‌خوا به‌زیادبێت هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منی-ش ڕووینه‌دا."

ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو چه‌ندین كۆبونه‌وه‌مان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌نێویشیاندا كه‌ركوك كه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر توندوتۆڵكردنی لایه‌نی ئه‌منی كرده‌وه‌ هه‌ر دوێنێ له‌گه‌ڵ "به‌ڕێز" وه‌زیری ناوخۆی عیراق كۆبوینه‌وه‌ هه‌نگاوی گرنگماننا، كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ بوو سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی هه‌ڵژاردنی هه‌موو عیراق دیاریكرا كه‌ "لیوا عیماد"ه‌، وه‌ دڵنیاین هه‌ڵبژاردن بێ كێشه‌ و گرفت ده‌بێت كه‌ له‌ پێشوتریش كراوه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ناو شاری كه‌ركوك ئه‌وانه‌ی كه‌ چاودێری ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ن پۆلیسی كه‌ركوك خۆیه‌تی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركوك له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ناو كه‌ركوك پێكهاتوون به‌ بێ جیاوازی."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ڕزگار حه‌مه‌ محێدین Aug8-019