بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان: له‌هه‌رێم و به‌غداش حیزب و كه‌سایه‌تی و لایه‌ن هه‌ن نایانه‌وێت په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غداد ئاسایی بێته‌وه‌

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ بڵێسه‌ جه‌بار فرمان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باس له‌ هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداد وه‌ چه‌ندین پرسی تر ده‌كات."

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

" ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ دیاریكراوه‌ ڕاده‌ستی به‌غدادی بكردایه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" یاسای بودجه‌ی عیراقی بۆ ساڵی 2019 كۆمه‌ڵێك بڕگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت یه‌كێك له‌و بڕگانه‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ كه‌ ئه‌مه‌ "زامن كرا " له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌ وه‌كو نیه‌ت پاكیه‌ك بۆ هه‌رێم و فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ دیاریكراوه‌ ڕاده‌ستی به‌غدادی بكردایه‌، ڕاسته‌ هه‌ندێك له‌وه‌ پاره‌ی كۆمپانیاكان و هه‌ندێك شتی تره‌ به‌ڵام به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ له‌یاساكه‌دا هاتووه‌ ده‌بووایه‌ هه‌ردوو لا ( هه‌رێم و به‌غداد) پابه‌ند بن،ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی عیراقدا لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان واژۆ كۆده‌كرێته‌وه‌ دژی ئه‌وه‌و ده‌ڵێن ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌و یاسایه‌ ڕابگرین وه‌ دووباره‌ پێیدا بچینه‌وه‌."

" ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم نیه‌ت پاكی خۆی پیشان نه‌دات به‌رامبه‌ر به‌غداد ئه‌وا 2020 بۆ ئێمه‌ نوێنه‌رانی كورد زۆر زۆر قورس ده‌بێت "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئه‌وه‌شی وت"كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانگی( 10) پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020 دێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بێت شه‌ڕی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكه‌ین له‌ ساڵی 2020 دا ئێمه‌ چۆن بتوانین ئه‌و شه‌ڕه‌ بكه‌ین بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م نیه‌ت پاكیه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ نه‌وته‌كه‌ ڕاده‌ست ده‌كات به‌به‌غداد ؟."

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ ده‌بێت بڕیار بده‌ین كه‌ سه‌ر به‌عیراقین و به‌وشێوه‌یه‌ بین كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌وێوه‌ دێت و ئێمه‌ش نه‌وته‌كه‌یان بده‌ینێ یاخود ئازادی ئابوری خۆمانمان هه‌یه‌ و وه‌خۆمان نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشین و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی لێده‌ده‌ین ده‌ركه‌وت كه‌ له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوین وه‌ نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ جێ به‌جێ بكه‌ین بۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ هاوڵاتیان كه‌وا ئه‌م كێشانه‌ بزانن كه‌ 2020 بۆ ئێمه‌ی نوێنه‌رانی كورد زۆر زۆر قورس ده‌بێت كه‌ بتوانین ئه‌و ئیستحقاقانه‌ی كه‌ هی گه‌لی كورده‌ له‌به‌غداد ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت."

" به‌هۆی سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئێستا هه‌ر باسی موچه‌یه‌ و باسی مافه‌كانی ترمان ناكرێت "

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ڕونیكرده‌وه‌" هه‌ندێك كێشه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكجار وه‌زیری دارایی بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ پرسیاركردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی ناردنی موچه‌ وه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی له‌یاساكه‌دا دیاریكراوه‌ به‌وشێوازه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ نه‌نێردراوه‌ بۆیه‌ ئه‌و گرفتانه‌ی دروست كردووه‌، ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ هه‌م وه‌ك هه‌رێمی كوردستان وه‌ هه‌م وه‌ك هاوڵاتیانی عیراق مافی زۆرمان هه‌یه‌ كه‌ده‌بێت شه‌ڕی زۆری له‌سه‌ر بكه‌ین له‌وانه‌ ته‌نها موچه‌ نیه‌ به‌ڵكو پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران و قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی شه‌ڕی داعش و زیانلێكه‌وتووانی لافاو و كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كانه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌لای به‌غدادن وه‌ ئێمه‌ ده‌مانویست چۆن قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو لادێیه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نفالدا تێداچوون كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ده‌ستوردا هاتووه‌ و ده‌بێت بدرێت به‌ گه‌لی كورد به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا به‌داخه‌وه‌ له‌ شوێنێكداین كه‌ته‌نها هاواری موچه‌ ده‌كه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی هه‌رێم به‌شێوازێك بووه‌ كه‌ ئه‌وانی تر هه‌مووی په‌راوێز خراون ئێمه‌ ناتوانین شه‌ڕی ئه‌وانه‌ بكه‌ین تا موچه‌ له‌ مه‌ترسیدا بێت واته‌ هه‌موو خه‌وی ئێمه‌ بووه‌ به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێكی ڕه‌وای ئابوری په‌یڕه‌و بكه‌ین به‌سیاسه‌ته‌كانی خۆماندا به‌رامبه‌ر به‌غداد بچینه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌توانین زۆر مافی تر كه‌ لای به‌غداد هه‌یه‌ ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین بۆ نمونه‌ له‌ به‌شی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌رێمی كوردستان له‌ ماسته‌ر و دكتۆرا به‌شی خۆی هه‌یه‌ به‌ڵام هیچ له‌وانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆیه‌ هیوادارین كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه‌ به‌ته‌نها خه‌می موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی نه‌بێت به‌ڵكو خه‌می وه‌رگرتنی ئه‌و مافانه‌ی تر و پاره‌ی جوتیارانیشی بێت."

" چاره‌نوسی پاره‌ی جوتیاران "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی چاره‌نوسی پاره‌ی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان به‌كوێ ده‌گات؟ بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌یاسای بودجه‌دا هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه‌ موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ زیاد بكرێت و بچێته‌ سه‌ر به‌غداد، به‌ڵام ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ پیشاندانی نیه‌ت پاكی له‌لایه‌ن هه‌ردولاو و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌ردولاوه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ هیواداربوین له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداد بچێته‌وه‌ هه‌نگاوی نوێ بنێت وه‌ لاپه‌ڕه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌ڵبداته‌وه‌، هیوادارین حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌م مانگی نۆیه‌دا بنێت تا به‌هه‌نگاوێكی باشتر به‌ره‌و بودجه‌ی 2020 هه‌نگاو بنێن، ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌ تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وت به‌ به‌غداد به‌پێی ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ له‌یاسای بودجه‌دا هاتووه‌. "

"له‌هه‌رێم و به‌غداش حیزب و كه‌سایه‌تی و لایه‌ن هه‌ن نایانه‌وێت په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غداد ئاسایی بێته‌وه‌."

ڕاشیگه‌یاند" به‌ڕێگای ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ حكومه‌تی هه‌رێم-مان له‌مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌تایبه‌ت بۆ ساڵی 2020 ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌حاڵه‌تی نه‌ناردنی بڕی نه‌وتی دیاریكراو به‌ به‌غداد چ مه‌ترسیه‌ك دروست ده‌بێت، وه‌ وه‌زیری دارایی عیراقیش كه‌ خۆی كورده‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ ئه‌ویش ئاگاداری ئه‌و مه‌ترسییانه‌یه‌، بێگومان هه‌موو خه‌تاكان هی حكومه‌تی هه‌رێم نیه‌ وه‌ ده‌ستی تۆمه‌تیشمان هه‌میشه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم درێژ نه‌كردووه‌ بێگومان به‌غداش له‌سیاسه‌تی خۆیدا به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵه‌ی زۆر و پێشێلكاری زۆریشی كردووه‌ ڕاسته‌ سه‌ره‌تا هه‌ردوو لا ئاماده‌یی خۆیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌ولێر و به‌غداد ده‌ربڕی بوو به‌ڵام بێگومان ئه‌مه‌ش كاتی ده‌وێت وه‌ "حه‌تمه‌ن" له‌هه‌ردوو لاش كه‌سایه‌تی و حیزب و لایه‌ن هه‌ن كه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غداد-ییان ناوێت، ئه‌مه‌ش ئیشی ده‌وێت لیژنه‌كانیش له‌كاری خۆیان به‌رده‌وامن."

" هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر قوتی خه‌ڵك یه‌كڕیزین "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی وت" هه‌موو فراكسیۆن و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌به‌غداد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی قوتی خه‌ڵك تا ئێستا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ڕیز بوون به‌ڵام ئه‌وه‌ی تر ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ تاچه‌ند هه‌ماهه‌نگ و هاوكارمان بێت له‌وه‌دا."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ بڵێسه‌ جه‌بار فرمان Aug 29-019