فاروق بابان : ئەمریکا و هاوپەیمانان بەرپرسیارن لەم دۆخەی عێراق

دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای ڕێکەوتنی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق دواخرا. هەرچی لەو کاندیدانەی دەستنیشان کرابوون، لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە رەدکراوەتەوە.

وەک زۆرێک لە چاودێران رایان وایە کە حکومەتی عێڕاقی لە دەرچەیەک دەگەڕێت، تاوەکو بتوانێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر بهێنێت.

لەم راپۆرتەی دەنگی ئەمریکا کە رای چەند خۆپیشاندەرێک وەرگیراوە، هەروەها وتوێژیش لەگەڵ شیکەرەوەی سیاسی فاروق بابان کراوە.

فاروق بابان پێی وایە کە هێشتا خۆپیشاندەران رازی نەبوون بەو کاندیدانەی دانراون، دەشڵێت "هەر کاندیدێک پێشتر بەرپرسیار بوبێت لەو حکومەتە، لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە رەد دەکرێتەوە، بەڵام حکومەت بەردەوامە لە سەرکوت کردنی دەنگە نارازییەکان و گرتن و فڕاندنیان و ئیغتیال کردنیان، ئەوان کات دەکوژن".

بە پێی هەندێ زانیاری تایبەت گوایە خۆپیشاندەران 3 ناویان داوەتە یۆنامی کە رەزامەندن سەرۆک وەزیرانی عێڕاق لەوانە بێت، بەڵام بەرای ئەم چاودێرە کە خۆشی یەکێکە لە چالاک وانەکانی گۆڕەپانی تەحریرئەو زانیارییە وەها نییە، بابانی دەشڵێت "یەک کەسیش لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دیاری نەکراوە، ئەو ناوانەش کە دەبینرێن و وێنەکانیان بەرز کراوەتەوە، کاری هەندێ حیزبی دەسەڵاتە یان هەندێک خەڵکی سەر بەوان، ئەوانەش کە ناویان هاتووە هەندێکیان خەڵکی باشن، هەندێ دەستی دەرەکیش ناو لە بەرژەوەندی خۆیان فڕێ دەدەنە نێو خۆپیشاندەرانەوە."

ئەم چاودێرە هەموو گەندەڵی حکومەت و ئەو دۆخەی عێڕاقی تێ کەوتووە دەخاتە ئەستۆی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کە لە 2003 ەوە بە رای ئەو، ئەو حکومەتە گەندەڵەیان دروست کردووە، دەشڵێت "لەسەر دەبابەی ئەمریکا هاتن و دەسەڵاتیان پێ دان، حکومەتێکی بەش بەشێنەیان پێک هێناو کێکەیان بەش کرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرپرسیارن لەو هەموو گەندەڵییەی کەوتووەتەوە، شانزە ساڵە هەموو متمانەیەکیان بەم بەرپرسە گەندەڵانە سپاردووە."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ فاروق بابان