محەمەد عەلاوی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەرقاڵی گفتووگۆ و دانوستانە بۆ پێکهێنانی حکومەتە کاتیەکەی، لەکاتێکدا خۆپیشاندەران ڕەتیدەکەنەوە و کوتلەکانیش هەڕەشە و پەیامی جۆراو جۆری بۆ دەنێرن.
ڕاسپاردنی عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەکاتێکدایە عێراق لە ئاڵۆزترین دۆخدایە و پردی پەیوەندی نێوان خەڵک و کوتلە سیاسیەکان بەتەواوەتی بچڕاوە، ناوبراویش بەتەنها و بێ پشتیوان، دەیەوێت لە رێگەی "بەڵێنی گەورەوە" دۆخەکە هێور بکاتەوە.
محەمەد عەلاوی بەڵێنی پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆ و بێ لایەنی داوە، لەکاتێکدا متمانەدان بە حکومەتەکەی، پێویستی بەدەنگی پەرلەمانتارانی سەربە کوتلە سیاسیەکان هەیە،بۆیە بەشێک لە پەرلەمانتاران، قسەکردنی کاندیدی ڕاسپێردراویان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی سەربەخۆ بە"خەیاڵ پڵاوی" وەسفکردووە.
رێبوار هادی سەرۆکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"دەبێت کابینەی نوێی حکومەت و بەرنامەکەشی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، پەرلەمانیش لە نوێنەری کوتلەکان پێکهاتووە."
محەمەد عەلاوی کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردراوە، دەبێت لەماوەی 30 ڕۆژدا کابینەی حکومەتەکەی پێکبێنێت و رەوانەی پەرلەمانی بکات، کە متمانە وەرگرتنی، پێویستی بەدەنگی 166 پەرلەمانتاری عێراق لەکۆی 329 پەرلەمانتار هەیە.
هەرچەندە کوتلەکان لەژێر فشاری دۆخی ئاڵۆزی عێراق دا، ناچارن هەندێک تەنازولات بکەن و دەستبەرداری بەشێک لە خواستەکانیان بن، بەڵام پێناچێت بە بێ پێدانی پشکی سیاسی پێ یان، ڕازی بن بە متمانەدان بەکابینەی نوێی حکومەت.
رێبوار هادی، وتی"ئاسان نیە عەلاوی بتوانێت لە دەرەوەی کوتلە سیاسیەکان حکومەت پێکبێنێت و لەپەرلەمان متمانە وەربگرێت."
محەمەد عەلاوی هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی دەست لەکارکێشاوەی حکومەت، بێ کوتلە و بێ پشتیوانە، بۆیە عەبدولمەهدی دوای ڕاسپاردنی عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەت، هیوای خواست حکومەتەکەی هاوشێوەی ئەو، نەبێتە قوربانی گەندەڵی و پشک پشکێنەی سیاسی.
گیرۆدەبوونی عەلاوی لەنێوان بەرداشی خۆپیشاندەران و کوتلە سیاسیەکان، لەکاتێکدایە خۆپیشاندەران وەکو کاندیدی ڕەوتی سەدر لێیدەڕوانن، سەدریەکانیش هەڕەشەی شکست پێهێنانی لێدەکەن، گەر کاندیدەکانی بۆ وەزارەتەکان نزیک بن لەکوتلەکانەوە.
حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، پێیوایە شەقامی عێراقی داوای کابینەیەکی حکومی سەربەخۆ و بێ لایەن دەکەن، وتی"ئایا کوتلەکان دەنگ بەم جۆرە کابینە دەدەن، ئەمە گرفتە گەورەکەیە."
گیرۆدەبوونی محەمەد عەلاوی لەنێوان شەقام و کوتلە سیاسیەکاندا، تێڕوانینی ئەوەی دروستکردووە کە حکومەتەکەی بە "مردوویی"لەدایک بووە، بۆیە لە حاڵەتی شکست هێنانی ئەرکەکەیدا، مەترسی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق لە ئارادایە.
Your browser doesn’t support HTML5