بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان: كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند زۆر گه‌وره‌یه‌ پێگه‌ی كورد له‌ عێراقدا تادێت به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ ده‌چێت

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" ئه‌و چوارسه‌د ملیاره‌ی كه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ بۆ هەرێم نێردرا ته‌نها بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نێردراوه‌ هی مانگی چواره‌ و نابێ بۆ هیچ مه‌به‌ستێكی تر به‌كاربهێنرێت، بڵێسه‌ ده‌شڵێت" مووچه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌هه‌ولێر چی به‌سه‌ر دێت و چۆن خەرج دەکرێت به‌جددی ئیتر ئه‌وه‌ كاری په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمه‌ كه‌ به‌دواداچونی بۆ بكه‌ن. داواكارم په‌رله‌مانی کوردستان به‌ ئیش و ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت و چاودێری ئه‌وه‌ بكات بزانێت ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن و بۆنادرێت بە مووچەخۆران و فه‌رمانبه‌ران؟ بۆ به‌م شێوه‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها وتی" ده‌توانم بڵێم كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ 2020یاسای بودجە‌ نه‌هاته‌ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌گه‌رنا كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌مان ده‌بوو، ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مان ده‌توانی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ 2019 دا ده‌سته‌به‌رمان كرد له‌ پڕۆژه‌یاسای نوێی 2020 ده‌سته‌به‌ری بكه‌ینه‌وه‌ بۆ هه‌رێم " سه‌باره‌ت به‌ده‌نگدانی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی به‌ دكتۆر فوئاد حسێن بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ده‌ڵێت" له‌به‌ر یه‌كڕیزی كورد ده‌نگمان به‌ د.فوئاد دا، ئه‌وانیش ده‌نگیان به‌كاندیدی ئێمه‌دا بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی داد، وه‌ ئێمە هەوێنی یەکڕیزین لە بەغدا نەک بۆ پۆست بۆ مافە دەستوریەکان زیاتر پێویستمان بە یەکدەنگی هەیە. نەک تەنیا یەکێتی و پارتی بەڵکو لەگەڵ هەموو فراکسیۆنە کوردیەکان. "

" كابینه‌ گۆڕین هیچ شتێك له‌دۆخی عیراق ناگۆڕێت "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراقی بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ڕایگه‌یاند" بێگومان ته‌نها كابینه‌ گۆڕین و وه‌زیر گۆڕین و سه‌رۆك وه‌زیران گۆڕین هیچ شتێك له‌ بارودۆخی عێراق به‌گشتی ناگۆڕێت، عێراق ڕووبه‌ڕووی كاره‌ساتی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌، چ له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ ، چ له‌ڕووی نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌، چ له‌ڕووی ئه‌منی و سیاسیی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشەوە. قەیرانی قوڵ و بۆماوەیی رووی لە عیراق کردوە. له‌چه‌نده‌ها ڕووی تره‌وه‌ هه‌تا قه‌یرانی كه‌می ئاوو كاره‌با هەیە. كه‌رتی خزمه‌تگوزاییه‌كان له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت، ئه‌مه‌ به‌ته‌نها به‌گۆڕینی چه‌ند وه‌زیرێك ناكرێت، ده‌بێت دامه‌زراوه‌كان بگۆڕدرێت، شێوازی بەرێوەبردن بگۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها سه‌یرێكی خۆپیشاندانه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری پارساڵ بكه‌ین كه‌ ده‌ستی پێكرد داوای خزمه‌تگوزاریان ده‌كرد، دواتر داواكارییه‌كانیان بوون به‌داواكاری سیاسی، داوای سه‌ره‌تای خۆپیشانده‌ره‌كان نه‌بوون كه‌ داوای دامه‌زراندن،نان، خزمه‌تگوزارییان ده‌كرد. به‌ڵام وای لێهات بێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كابینه‌ بگۆڕدرێت و حكومه‌ت بگۆڕدرێت كه‌ ئه‌مه‌ی ئێستای لێكه‌وته‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتی" عێراق پێویستی به‌ حكومه‌تێكی شەفاف و کارایە. چه‌ند مانگێكی زۆری خایاند حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیشه‌كانی دیاریكراوبوو، بودجه‌ نه‌ده‌درا به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ دراوه‌ خه‌رج بكرێت، بودجه‌ی 2020 تا ئێستا نه‌هاتۆته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌و دیراسەو گفتوگۆی لەبارەوە نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێویستی ده‌كرد كه‌ حكومه‌تێك هه‌بێت كه‌ ئێمه‌ وه‌كو كورد ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌ و داوای مافه‌كانی خۆمانی لێبكه‌ین، وه‌كو په‌رله‌مانی عێراقی چاودێربین به‌سه‌ر كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌، كاری وه‌زاره‌ت ته‌نها خۆی له‌وه‌ ده‌بینیه‌وه‌ كه‌ كاربه‌ڕێكه‌ر بوو. به‌شێكی زۆر كه‌می ده‌توانی ئیشه‌كانی به‌ڕێ بكات، بۆیه‌ به‌نزیكه‌یی هه‌موو ئیشه‌كان وه‌ستا بوون، چ له‌ حكومه‌ت چ كاری په‌رله‌مانی، پێویستی ده‌كرد عێراق حكومه‌تێكی بەرپرسیاری هه‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌نگمان به‌م حكومه‌ته‌ داوه‌، بێگومان كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن و كۆمه‌ڵێك مه‌رجمان بۆی داناوه‌ هیوادارین كه‌ ئه‌وانه‌ بێته‌ دی، ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆی بێنێته‌دی ئێمەش هەوڵدەدەین چاودێر بین بەسەریەوەو داکۆکی لەمافی خەڵکی کوردستان دەکەین."

"كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند زۆر گه‌وره‌یه‌، وه‌ پێگه‌ی كورد له‌ عێراقدا تادێت به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ ده‌چێت "

ده‌رباره‌ی پێشبینی و چاوه‌ڕوانی كورد له‌م كابینه‌ نوێیه‌ی عیراق؟ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" شاراوه‌ نیه‌ كه‌ كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند زۆر گه‌وره‌یه‌، پێگه‌ی كورد له‌ عێراقدا تادێت به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌ره‌تا بكه‌ین كه‌ كورد به‌ چ هێزێكه‌وه‌ له‌وێ بوو. چه‌ند وه‌زاره‌تی هه‌بوو، وه‌ جومگه‌ گرنگه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی عێراقی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئێستا له‌چاو ئه‌وكاته‌دا پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆری كردووه‌ بێگومان گه‌وره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌و هه‌ڵانه‌ بێبه‌ش نیین كه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ماندا هاتووه‌، ئێمه‌ له‌وێین بۆئه‌وه‌ی به‌ ئه‌ركی خۆمان هه‌ستین و هه‌وڵی جددی بده‌ین كه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ به‌تایبه‌تی له‌دابین كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پابه‌ندبین به‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ داومانه‌ كه‌وا سووربین و شه‌ڕی خۆمان بكه‌ین له‌وێ و بۆ ئه‌مه‌ یه‌كڕیزی كورد له‌ به‌غدا زۆر گرنگه‌ بۆیە ئەو ماوەی کەماوە هیوادارم هاوپەیمانێتی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لەبەغدا دروست بکرێت."

"ئه‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌یی ئێستای كورد ته‌نها به‌زیانی كورد ده‌شكێته‌وه‌ "

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" ئه‌م په‌رته‌وازه‌یه‌یی كه‌ تا ئێستاش به‌دی ده‌كرێت ، ته‌نها به‌ زیانی كورد ده‌شكێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ لێره‌ یه‌ك و یه‌كگرتوو بین، ڕاسته‌ كه‌ نابینه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرینه‌ له‌ ناو په‌رله‌ماندا ، به‌ڵام وه‌كو پێکهاتەیەکی سەرەکی و كیانێكی كوردی و سه‌ره‌كی له‌ عێراق، ئه‌و كات ده‌توانیین به‌ڕۆڵی خۆمان هه‌ستین و چاودێربین و پێداگیربین له‌سه‌ر مافه‌كان."

" خۆشبه‌ختانه‌ 2020 بودجه‌ نه‌هاته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا كێشه‌ی زۆر زۆر گه‌وره‌مان ده‌بوو "

ده‌رباره‌ی كێشه‌ی بودجه‌ و موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عیراق، بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ده‌ڵێت" بودجه‌ی ساڵی 2019 كه‌ هاته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ و بڕیاری له‌سه‌ردرا، به‌شێكی باشی مافه‌كانی گه‌لی كوردستانی تێدابوو ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو بۆ په‌رله‌مانتاران ،بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ توانرا له‌ بودجه‌ی 2019 دا هه‌تا به‌شی پارێزگاكان و زۆر شتی تر له‌ناو بودجه‌دا ده‌ستەبەر بكرێت . ڕاسته‌ كه‌ به‌شێكیان وه‌كو گه‌نمی جوتیاران و هه‌تا موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ تاوه‌كو ئێستاش جێبه‌جێنه‌كراوه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌ بوو ، وه‌كو یاسا، له‌ یاسای 2019 دا بوو، ده‌توانم بڵێم كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ 2020 بودجه‌ نه‌هاته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌مان بۆ دروست ده‌بوو. ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مان ده‌توانی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ 2019 دا ده‌سته‌به‌رمان كرد، 2020 ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندنه‌بوو به‌ناردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ له‌ بودجه‌دا هاتبوو، كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر درابوو و ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر درا بوو، كه‌ هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو به‌وه‌وه‌، ئێمه‌ 2020 نه‌مانده‌توانی ئه‌و مافانه‌ بچه‌سپێنیین، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م كێشانه‌ی كه‌ ڕوویدا وا ده‌كرێت ئێستا هه‌ر به‌ بڕیاری بودجه‌ی 2019 ، 2020 یش به‌ڕیوه‌ ده‌چێت. ئه‌مه‌ به‌جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ زیانی زۆرمان ده‌كرد به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ساڵی 2020 یشدا، هێشتا هه‌ر یاسای 2019 له‌ بودجه‌دا جێبه‌جێده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌ قازانجی کوردستانە به‌و شێوه‌یه‌یه‌ی كه‌ له‌ 2019 دا هاتووه‌."

ڕاشیگه‌یاند" گرفتی ئێمە کورت ناکرێتەوە لەمووچە لەعیراق پێویستمان بەخەباتە بۆ تێگەیاندنی لایەنەکانی تر کە مافمان بەسەر ئەم دەوڵەتەوە هەیە لەناو ئەم وڵاتەدا جینۆساید کراوە کورد "ترحیل و تەعریب" بکراوە راگوێزراوە. خاکمان سوتماک کراوە هەزاران گوندمان رووخێنراوە. هێشتا قەرەبووی هەڵەبجەو ئەنفال و خەڵکە قوربانیەکە نەکراوەتەوە، ئێسک و پروسکی گەلەکەمان بە هەزاران هێشتا له‌بیابانه‌كانی باشورن، مافە دەستوریە سیایەکانمان نەدراوە. کێشەی کورد لە عیراقدا بونیەوی و ئەزەلیە. ئەرک و بوونی کورد لەبەغدا پێویستی بەعەقڵێکی نیشتمانی و دەستوری قوڵ هەیە."

" مووچه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت ، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ له‌هه‌ولێر چی به‌سه‌ر دێت ، به‌جددی ئیتر ئه‌وه‌ كاری په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمه‌ كه‌ به‌دواداچونی بۆ بكه‌ن"

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" نابێ بابەتی مووچەو قوتی خەڵک ببێتە بەشێک لەململانێی نێوان لایەنەکان. مووچە مافە نابێ بەسیاسی بکرێت. بەداخەوە بابەتی مووچە بە سیاسی کراوە. ده‌بێت به‌هه‌ر شێوازێك بێت، هه‌ر هۆیه‌ك، هه‌ر شتێك بێته‌ پێشه‌وه‌ ، عێراق پابه‌ندبێت به‌ پێدانی مووچه‌وه‌ ، مووچه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت ، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ له‌هه‌ولێر چی به‌سه‌ر دێت ، به‌جددی ئیتر ئه‌وه‌ كاری په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمه‌ كه‌ به‌دواداچونی بۆ بكه‌ن و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بده‌نه‌وه‌."

بڵێسه‌ ئاماژه‌ی به‌ناردنی بڕی چوارسه‌د ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غداد بۆ هه‌رێم كرد و وتی" وه‌كو یاسا، وه‌كو ماف، ئه‌مه‌ ته‌نها مافی مووچه‌یه‌ ده‌بێت ته‌نها بۆ مووچه‌ خه‌رج بكرێت، بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هی مانگی چوار، نابێت بۆ بابەتی تر خەرج بکرێت. ئه‌مه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هاتووه‌، راستی ئەوەیە له‌ هه‌رێمیش به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش بكرێت. به‌ڵام وه‌كو وتم كه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێم ، له‌ هه‌رێم به‌شێوازێكی تر دابه‌ش ده‌كرێت یان ناكرێت و ڕاده‌گیرێت، ئه‌مه‌یان -بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی كاری چاودێری یه‌كتری نه‌كه‌ین- ئه‌مه‌ ئیشی چاودێری په‌رله‌مانی كوردستانه‌ كه‌ به‌دوایدا بچێت و به‌دواداچوونی بۆ بكات، بۆیه‌ من نامه‌وێت لێره‌وه‌ زۆر ته‌ده‌خولی ئه‌وه‌ بكه‌م ، به‌ڵام وه‌كو وتم ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ مووچه‌یه‌ و ده‌بێت بۆ مووچه‌ بدرێت."

"ئێمه‌ چاوه‌ڕێین بزانیین لێره‌ وه‌ڵامه‌كانیان چیه‌؟ وه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی چی ده‌بێت ؟بۆ ئه‌وه‌. بێگومان ئێمه‌ نامه‌نه‌وێت له‌به‌غداد هیچ شتێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ وه‌كو كیانێك، ئێمه‌ بیجوڵێنیین . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو وتم په‌رته‌وازه‌یی كورد له‌وێ زۆر به‌زیانی ئێمه‌ ده‌شكێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ خۆمان له‌و لێدوانانه‌ ده‌پارێزین كه‌وا ئێمه‌ بڵێن له‌ به‌غدادوه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌مه‌ دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، بۆیه‌ داواكارم په‌رله‌مانی هه‌رێم به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت و چاودێری ئه‌وه‌ بكات بزانێت ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن؟ بۆخه‌رج ناكرێت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران؟ بۆ به‌م شێوه‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌.؟" بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان وایوت"

" له‌به‌ر یه‌كڕیزی كورد ده‌نگمان به‌ د.فوئاد دا، ئه‌وانیش ده‌نگیان به‌كاندیدی ئێمه‌ دا"

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند" ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئیش ده‌كه‌ین كه‌ ده‌مانه‌وێت ماڵی كوردی له‌ به‌غداد یه‌كڕیز ده‌ركه‌وێت، یه‌كڕیزبێت، به‌ڕێز دكتۆر فوئاد حسێن" ته‌نها كاندیدی پارتی بووه‌، ئه‌وان دانوستانیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستادا له‌گه‌ڵ "به‌ڕێز كازمی" دا . گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و بێت، هه‌روه‌ها كازمی و كوتله‌كانی تریش پێی ڕازی بوون بێگومان ئێمه‌ نه‌مان ویستووه‌ له‌وێدا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ركه‌وین كه‌وا یه‌كڕیزی ماڵی كورد تێك بده‌ین، ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌نگمان پێداوه‌ چونكه‌ كازمی پێش ئه‌وه‌ "سیڤی" كاندیده‌كانی ناردووه‌ بۆ په‌رله‌مان، بۆ ئه‌و پۆسته‌ ته‌نها كاك فوئاد بووه‌، واته‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری ڕازی بوون و كازمی خۆی له‌سه‌ری ڕازی بووه‌ ،بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌مان ویستووه‌ له‌وێدا یه‌كڕیزی نێو ماڵی كورد تێكبده‌ین، وه‌ ده‌نگی زۆرینه‌ هه‌ر سه‌ری ده‌گرت، ئه‌وانیش ده‌نگیان به‌كاندیده‌كه‌ی ئێمه‌ دا بۆیه‌ ئێمه‌ له‌وێدا ده‌نگمان به‌كاك فوئاد داوه‌."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" دۆخی عیراق زۆر ئاڵۆزەو بەم شێوازی بەڕێوەبردنە ئاسان نیە مافەکانی کوردستان دەستەبەر بکرێت. بەڵام دواجار بەغدا سەنگەرێکی گرنگی شەڕی دیموکراسی و شەڕی مافە دەستوریەکانمانە، نابێت لەدورەوە دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیی فڕێ بدرێت، خەبات بۆ بەدیهێنانی دروشمەکان لەبەغداده‌وە کاریگەری زیاترە، واقعی سیاسی ئەم سەردەمە لەبەرچاو بگرین و پێکەوە بتوانین رێ لەهەر پیلانێک بگرین دژ بە مافی خەڵک و خاکەکەمان، ئێمە بۆ مەسەلەیەکی نیشتمانی و مێژوویی چوینەتە بەغداو کاری بۆ دەکەین. راپەڕاندنی ئەرکەکانیش بە هەماهەنگی و یەک دەستی لایەنە کوردستانیەکان دەکرێت، گەر یەکگرتوو بین پێمان دەکرێت، گەر وەک ئێستاش بین زەحمەتە بەدیهێنانی ئامانجەکانمان."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتوێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان Jun 11/020