عێراق لە بەردەم کێشمەکێشی قورس و گەورەدا

جادەی فەڵەستین لە بەغدای پایتەختی عێراق

کێشمەکێشی نێوان حکومەتی عێراق و گروپە چەکدارە شیعەکان، خەریکە دۆخی ئەمنی عێراق ئاڵۆزدەکات، چاوەڕوانی ئاڵۆزتربوونی زیاتری دۆخەکەش دەکرێت، بەو پێیەی حکومەتی عێراق هەوڵی خۆ بەهێزکردن و لاوازکردنی گروپە چەکدارەکان دەدات، ئەوانیش مل بۆ خواستەکانی حکومەت نادەن.

ناکۆکی نێوان حکومەتی عێراق و گروپە چەکدارەکان، چەندین ڕووداوی دەستگیرکردن و هێرشکردنە سەر یەکتری لێکەوتەوە، تا دواجار شەوی ڕابردووش، هیشام هاشمی شارەزای بواری ئەمنی لەنێو بەغداددا تیرۆرکرا، زۆرێک لە شارەزایان کوشتنەکەی بە ناردنی پەیام بۆ حکومەتی عێراق لێکدەدەنەوە.

بەشێک لە بەرپرسانی عێراق پێیانوایە، ڕووداوی دەستگیرکردنی چەکدارانی حیزبوڵـڵا و جم و جۆڵی ئەو هێزانە لەگەڵ ڕووداوی تیرۆرکردنی چالاکوانان، سەرەتای دەستپێکردنی کۆمەڵێ سیناریۆن، ڕەنگە ئەو سیناریۆیانە بە ناکۆکی گەورە لە نێوان حکومەت و گروپە چەکدارەکان کۆتاییان بێت.

دکتۆر ئەمین بەکر ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"کۆمەڵێک گروپی چەکدار هەن خۆیان لە حکومەت پێ کەمتر نیە، بۆیە ڕازی نابن دەست بۆ هێز و بەرژەوەندیەکانیان ببرێت."

وتیشی"ئێستا شەڕێکی ڕانەگەیەنراو لە نێوان هێزە فەرمیەکانی حکومەت و ئەو گروپە چەکدارانەدا هەیە."

یەکێک لە دروشمەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، گێڕانەوەی چەکە بۆ دەستی دەوڵەت، هەندێک هەنگاویشی دژی گروپە چەکدارەکان هاویشتووە، هەر لە دەستگیرکردنی گروپێکی چەکداری حیزبوڵـڵا لە کاتی ئامادەکردنی موشەک و ساغکردنەوەی پشێویە ئەمنیەکانی عێراق بەسەر ئەو گروپەدا، تا دەگاتە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنووریەکان و وشککردنی سەرچاوەی ئابووری ئەو گروپانە.

گروپە چەکدارەکان توڕە و نیگەرانن، هەنگاوەکانی کازمی بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان لێکدەدەنەوە، دەیانەوێت دۆخەکە بە شێوەیەک ئاڵۆزببێت، کازمی نەیپەرژێتە سەر دەستبردن بۆ بەرژەوەندیەکانیان، کە ئەوان پێیانوایە کازمی لە ژێر رێنمایی ئەمەریکاییەکاندا، ئەو هەنگاوانە دەهاوێژێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداوە بە دەنگی ئەمەریکای وت"گروپە چەکدارە شیعەکان تێگەیشتوون لەوەی هەوڵی نینۆک کردنیان دەدرێت، بۆیە دەیانەوێت هەر چۆنێک بێت بەر بەو هەوڵانە بگرن."

وتیشی"هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەو هێزانە بە تەواوەتی لاواز بکرێن و هێزی نوێ بهێنرێنە پێشەوە."

بەپێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بۆچوونێکی وا لەنێو سیاسیەکانی عێراقدا دروستبووە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە کورد، کازمی و عەمار حەکیم لە شیعە، ڕافیع عیساوی سیاسەتمەداری دیاری سوننەکان کە پێشتر بڕیاری گرتنی هەبوو، تازە بۆ عێراق گەڕاوەتەوە، لەهەوڵدا بن بۆ پێکهێنانی لیستێکی نیشتیمانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و تێپەڕاندنی قۆناغی تایەفەگەرێتی، بەڵام تائێستا هیچ لایەکیان بە فەرمی ئەمەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەو پێیەی هەڵبژاردنی داهاتوو، زۆری ماوە.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئاماژە بەوەشدەکەن سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی کازمی بۆ ئەمەریکا گروپە شیعەکانی ترساندووە، هەندێکیان بێدەنگن، بەڵام هەندێکی تریان دەترسن سەردانەکە پلانێکی گەورەی لەدژی ئەوان لێبکەوێتەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن نوێنەریان لە شاندەکەدا هەبێت.

دکتۆر شۆڕش حەسەن مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، پێیوایە گروپە چەکدارەکان دەترسن سەردانەکانی کازمی بۆ ئەمەریکا و جم و جۆڵەکانی، هەژموونیان بەسەر عێراق دا کەمبکاتەوە.

مەترسی گروپە چەکدارەکان بۆ لاوازکردنی پێگەیان و ئەگەری دروستکردنی پشێوی، خەریکە جارێکی تر دۆخی عێراق تێکدەداتەوە، تەنانەت هەندێک لە بەرپرسانی عێراق مەترسی خۆشیان بۆ سەرهەڵدانی شەڕی "ئەهلی" نەشاردووەتەوە.

گرفتی گەورەی چەکدارە شیعەکان لەوەدایە، پاڵپشتی شەقامیان لەدەستداوە و شەقامی عێراق هاوڕایە لەگەڵ کازمیدا بۆ لاوازکردنیان، هەروەک نەوەی دووەمی سیاسیە شیعەکانیش، دژی دۆخی ئێستای عێراقن و ئەو گروپانە بەبەرپرسیار دەزانن.

دکتۆر شۆڕش حەسەن، ڕوونیکردەوە گەر حکومەتی عێراق پاڵپشتی نەکرێت لەلایەن ئەمەریکا و بەهێزنەکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی عێراق، مەترسی سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی لە عێراق لە ئارادایە، چونکە حکومەتی لاواز ناتوانێت ئیدارەی دۆخەکە بدات.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەشێکی تر لە مەترسی گروپە چەکدارەکان لە پاڵ جم و جۆڵەکانی کازمی ، جوڵەی ئەمەریکا و جێگیرکردنی سستمی دژە موشەکە، کە ئەوان پێیانوایە دوای خۆ بەهێزکردنی ئەمەریکا لە عێراق لە ڕووی بەرگریەوە، گورزیان لێدەوەشێنێت.

لە پاڵ کێشمەکێشی نێوان حکومەتی عێراق کە ئەمەریکا بە پاڵپشتیکاری تەماشادەکرێت، هەروەها گروپە چەکدارەکان کە ئێران پشتیوانیانە، تا ئێستا ئێران هەڵوێستی یەکلاییکەرەوەی نیشان نەداوە، گەرچی جوڵەکانی کازمی بە زیان بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیشی لێکدەدرێتەوە.

بەرپرسانی عێراق، پێیانوایە ئێران نایانەوێت وروژاندن لە عێراق دروست بکات، چاوەڕوانی کشانەوەی ئەمەریکا و ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە، هەرچەندە یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کازمی لەسەردانەکەیدا، مانەوەی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا تاوتوێ بکات.

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"وەفدی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بەجیا لەگەڵ لیژنە پەرلەمانیەکاندا دانیشتوون، ڕاشکاوانە پێیانوتوون: گەر ئەمەریکا لە عێراق بڕواتە دەرەوە، ئێمەش عێراق جێدەهێڵین."

سەرچاوەکە وتیشی"ئەمەریکا پێداگیر نیە لەسەر مانەوە لە عێراق، بەڵام چوونە دەرەوەی کێشە بۆ عێراق دروست دەکات."

کێشمەکێشە نێوخۆییەکان، دۆخی عێراقی گەیاندووەتە ئاستێک، کە ڕەنگە وڵات گەیشتبێتە کۆتایی ڕێگەکە و چیتر گروپە چەکدارەکان و حکومەتی عێراقیش بەرامبەر یەکتری دەستەوەستان نەبن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر