د.ڕێبوار:پارێزگاری سلێمانی و ھەڵەبجە خاڵی سەرەکی داواکارییان له‌كازمی ئەوە بوو کەموچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانیان ڕاستەوخۆ لەبەغدادەوە بدرێت

د.ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود

د.ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" ئێمه‌ به‌ حكومه‌تی عێراقیمان گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و پارانه‌ی دێته‌ هه‌رێمی كوردستان ناچێته‌ ده‌ستی موچه‌ خۆر، وه‌ له‌هه‌مان كاتدا ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانی خۆمان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌سه‌له‌ی موچه‌ له‌ ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمدا نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستێكی ئه‌مین نییه‌ ده‌ستێكی "تاڵانكه‌ره‌ " ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین له‌گفتۆی یاسای بودجه‌ی 2021 دابه‌ وردی ئیشی تری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ده‌شڵێت " ئه‌وه‌ی كه‌ خۆشبه‌ختانه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌له‌سه‌ردانی به‌ڕێز كازمی دا بۆ پارێزگای سلێمانی داخوازی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌نوسراو كه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ خاڵی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می بریتی بووه‌ له‌وه‌ی كه‌موچه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌به‌غداده‌وه‌ بدرێت به‌ فه‌رمانبه‌رانی ئه‌م پارێزگایانه‌، من داوا ده‌كه‌م كه‌ هه‌موو پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك هه‌موو ناوچه‌كانی تریش هه‌مان داخوازییان بهێنه‌ ڕێكی ئه‌و داخوازیانه‌."

" ئه‌م وه‌ڵامه‌ لای وه‌فده‌ كوردیه‌كه‌ نه‌بووه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.ڕێبوار كه‌ریم وتی " ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌فده‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غداد به‌ته‌واوی ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كازمی كه‌مه‌به‌ستیه‌تی ناپێكێت، زۆر ڕوونه‌ كه‌ده‌ڵێت ئێمه‌ به‌پێی ده‌ستور ده‌مانه‌وێت به‌شێك بین له‌ئیداره‌دانی گومرگی هه‌رێم ئه‌م وه‌ڵامه‌ لای وه‌فده‌ كوردیه‌كه‌ نه‌بووه‌، وه‌ ورده‌كاری ته‌كنیكی داخل بوون كه‌ ئه‌مانه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانێت به‌و شێوازه‌ خزمه‌ت بكات وه‌ هه‌روه‌ها ئایا ئێوه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی نه‌وتی له‌گه‌ڵ به‌غداد ده‌كه‌ن ئه‌م جۆره‌ له‌تێگه‌یشتن و تێڕوانینه‌ وای كردبوو كه‌ وه‌فده‌كه‌ وه‌ڵامی كۆتاییان پێ نه‌بوو ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ نه‌ده‌كرا كازمی بوه‌ستێت. له‌لایه‌كه‌وه‌ فشارێكی زۆر گه‌وره‌ی كردۆته‌ سه‌ر لایه‌نه‌شیعیه‌كان و هه‌تا لایه‌نه‌ سونیه‌كانیش به‌وه‌ی كه‌گومرگ و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان كه‌مده‌كاته‌وه‌ و گومرگه‌كانیان لێده‌سه‌نێته‌وه‌ به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا بێده‌نگ بێت له‌و واقیعیه‌ی تاڵانكاریه‌ی كه‌ له‌ گومرگه‌كانی هه‌رێم دا هه‌یه‌ له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ بابه‌تێكی ده‌ستوری زۆر ڕوون و ئاشكرایه‌ كورد خۆی به‌شێك بووه‌ له‌ نوسینه‌وه‌ی و كوردیش خۆی ده‌نگی پێداوه‌ له‌ساڵی 2005دا."

" په‌یامێكی ڕوونه‌ كه‌ هه‌رێم ده‌بێت له‌مه‌ودوا هه‌موو جۆره‌ ملدانێكی ده‌ستوری په‌یڕه‌و بكات "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ وتیشی" هاتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی ڕوونه‌ كه‌ هه‌رێم ده‌بێت له‌مه‌ودوا هه‌موو جۆره‌ ملدانێكی ده‌ستوری په‌یڕه‌و بكات، ناكرێت به‌هیچ شێوازێك له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ریته‌ كۆنه‌ی مامه‌ڵه‌كردنی به‌رده‌وام بێت وه‌ چوونی بۆ گومرگه‌كان په‌یامێكی ڕوونه‌."

"به‌دڵنیاییه‌وه‌ پشكی هه‌رێم و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم وه‌ پێگه‌و كیانی هه‌رێم له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌ "

ده‌رباره‌ی هۆكاری واژۆنه‌كردنی ڕێككه‌وتننامه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ هه‌رێم؟ د.ڕێبوار كه‌ریم ده‌ڵێت" ڕێكه‌وتنه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌و قوڵاییه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌رێم لێیتێگه‌یشتووه‌، بابه‌ته‌كه‌ زۆر ڕوونه‌، هه‌رێم پاره‌ی ده‌وێت به‌غداد بۆی بنێرێت ئه‌وه‌ مافه‌ له‌به‌رامبه‌ردا واجبی ده‌ستوری و ئه‌رك هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت جێبه‌جێی بكات تا ئێستا جێبه‌جێینه‌كردووه‌، ئێستا ده‌توانێت جێبه‌جێی بكات یاخود نا، ئه‌مه‌ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ بڕوات و ده‌یان جار گفتوگۆ بكات چونكه‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م یاسای بودجه‌ی 2020 و2021 و هه‌تا ساڵه‌كانی تریش داین چونكه‌ به‌پێی یاسای ئیداره‌ی دارایی عێراقی ده‌كرێت بۆ ساڵه‌كانی تریش به‌خه‌مڵێنراوی ئیش بكرێت. بۆیه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م یاسایه‌دایه‌ كه‌ ده‌بێت پشكی هه‌رێم دیاری بكرێت، وه‌ دیاری كردنی پشكی هه‌رێمیش به‌و شێوازه‌ نابێت كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ئیشی پێ كراوه‌، واجباتی ده‌ستوری هه‌یه‌ ده‌بێت جێبه‌جێی بكات له‌به‌رامبه‌ریشدا مافی خۆی وه‌رده‌گرێت."

د.ڕێبوار كه‌ریم ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر هه‌رێم به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌تی ڕابردوو كه‌هه‌ر بێنه‌ و هیچ ناده‌م كار بكات به‌دڵنیاییه‌وه‌ پشكی هه‌رێم و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم وه‌ پێگه‌و كیانی هه‌رێم له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌."

"ئه‌و پاره‌یه‌ دێت، ڕه‌نگه‌ له‌چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می داهاتوودا بگات "

سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆی ناردنی بڕه‌پاره‌یه‌ك له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان؟ د.ڕێبوار كه‌ریم ده‌ڵێت" ئه‌و پاره‌یه‌ 3 جار ده‌درێت جارێك دراوه‌، دووجاری ماوه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا وه‌كو نیاز پاكیه‌كی تری حكومه‌تی كازمی دوای ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ی كه‌ تاڵانیان كرد پاره‌ ده‌نێردرێت به‌ڵام هێشتا كاتی نه‌هاتووه‌ جاری دووه‌م بنێردرێت وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌سه‌له‌ی هاتنی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بۆ گومرگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان."

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" ئه‌و پاره‌یه‌ دێت، ڕه‌نگه‌ له‌چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می داهاتوودا بگات ئه‌گه‌ر هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جێی نیگه‌رانییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای هاتنی ئه‌و پاره‌یه‌ش حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ر به‌ته‌مایه‌ به‌لێبڕینه‌وه‌ و به‌دواكه‌وتنه‌وه‌ مووچه‌ دابه‌ش بكات، ئه‌مه‌ ته‌واو به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونه‌ كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كه‌ی ڕووی كردۆته‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌ به‌هیچ شێوازێك ئاماده‌نییه‌ بارودۆخی مووچه‌ و ژیانی خه‌ڵك چاك بكات وه‌ دڵنیای خه‌ڵك ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ر جۆره‌ پاره‌یه‌ك بێته‌ ده‌ست ئه‌مانه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن."

" ئێمه‌ به‌ حكومه‌تی عێراقیمان گه‌یاندووه‌ كه‌ئه‌و پارانه‌ی دێته‌ هه‌رێمی كوردستان ناچێته‌ ده‌ستی موچه‌ خۆر "

د.ڕێبوار كه‌ریم ئاشكراشیكرد" ئێمه‌ به‌ حكومه‌تی عێراقیمان گه‌یاندووه‌ كه‌ئه‌و پارانه‌ی دێته‌ هه‌رێمی كوردستان ناچێته‌ ده‌ستی موچه‌ خۆر."

ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رانی كورد كارده‌كه‌ین به‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌غداد سۆراغی ئه‌و پارانه‌ بكات له‌هه‌رێمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پاره‌كانی تری هه‌رێم خۆی ده‌بێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌زگایه‌ك نییه‌ نه‌بۆ چاودێری كردن نه‌ بۆ ملكه‌چكردنی ئه‌م حكومه‌تی هه‌رێمه‌ بۆ دروستكردنی ژیانێكی باش بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ خۆمان له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ هه‌م وه‌كو په‌رله‌مان و هه‌م وه‌كو حكومه‌تی عێراق چاودێری وردی ئه‌و پارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت هه‌رجۆره‌ لێبڕینێك و هه‌رجۆره‌ ده‌ستكارییه‌ك به‌تایبه‌ته‌ی له‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌ی 2021 دێته‌ پێش، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ بێ ده‌نگ نابین، وه‌ له‌هه‌مان كاتدا ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانی خۆمان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌سه‌له‌ی موچه‌ له‌ ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمدا نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستێكی ئه‌مین نییه‌ ده‌ستێكی تاڵانكه‌ره‌ ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین له‌گفتۆی یاسای بودجه‌ی 2021 دابه‌ وردی ئیشی تری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین."

د.ڕێبوار كه‌ریم وتیشی" ئه‌وه‌ی كه‌ خۆشبه‌ختانه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌له‌سه‌ردانی به‌ڕێز كازمی دا بۆ پارێزگای سلێمانی داخوازی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌نوسراو كه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ خاڵی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می بریتی بووه‌ له‌وه‌ی كه‌موچه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌به‌غداده‌وه‌ بدرێت به‌ فه‌رمانبه‌رانی ئه‌م پارێزگایانه‌، من داوا ده‌كه‌م كه‌ هه‌موو پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك هه‌موو ناوچه‌كانی تریش هه‌مان داخوازییان بهێنه‌ ڕێكی ئه‌و داخوازیانه‌، وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا بتوانیین خواستی ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ جێبه‌جێ بێت ، وه‌ موچه‌كانیان بێت چونكه‌ موچه‌ كه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ دێت ڕاسته‌خۆ دێته‌ حیسابێكی بانكی و ده‌درێته‌ فه‌رمانبه‌ر."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو" هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی عێراق حیسابی بانكی-یان نه‌بوو، هه‌موویان بۆیان دروستكرا ، هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی عێراقبه‌ مه‌ده‌نی و به‌ سه‌ربازی یه‌وه‌ له‌ حیسابی بانكی پاره‌ وه‌رده‌گرن ، هیچ كێشه‌یه‌كی تێدانییه‌."

"من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ من ده‌ڵێت خۆی هیچ سنورێكی خیانه‌ت نه‌ماوه‌ كه‌ نه‌یبه‌زاندبێت به‌بۆچوونی من نه‌ته‌وه‌ په‌رستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌هێڵیت میلله‌ته‌كه‌ت برسی بێت، له‌یه‌ككاتدا ده‌كرێت میلله‌ت برسی بێت كه‌ خۆشت وه‌كو حاكم برسی بیت، كاتێك ده‌سه‌ڵاتدار تێر و له‌وپه‌ڕی لوتكه‌ی ڕه‌فاهیه‌تدا بژی و میلله‌ت برسی بێت ئه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌ی له‌ كوێ دایه‌؟ نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك برسی نه‌بێت و نه‌هێڵێت میلله‌ته‌كه‌ی برسی بێت داهاته‌كه‌ی ده‌دزێت، پاره‌ وسه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی و نه‌وت وگومرگه‌كانی تاڵان ده‌كات، ڕێگه‌ ناده‌یت ئێمه‌ بگه‌ڕێن به‌شوێن ده‌روازه‌یه‌كی تردا تا موچه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ په‌یداببێت، ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ له‌هه‌موو خیانه‌ته‌كان گه‌وره‌تربێت كه‌گه‌یشتبێتنه‌ بڕینی نانی خه‌ڵك."د.ڕێبوار كه‌ریم وای وت"

" كازمی به‌ڕاستیه‌تی "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" به‌كورتی كازمی به‌ڕاستیه‌تی وه‌ هه‌نگاوه‌كانی هه‌نگاوی جددین كازمی پیاوی ڕێكه‌وتنی بازرگانی نییه‌ لانی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ئێمه‌ ده‌یناسین، ئه‌وه‌ی كه‌ ترسی له‌سه‌ر هه‌موو هێزه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی عێراق به‌هه‌موو پێكهاته‌كانی كورد و شیعه‌ و سوننه‌ دروستكردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ڕاستگۆیی كازمییه‌، وه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌هه‌ڵیگرتووه‌، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌تی چونكه‌ به‌رنامه‌كه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گه‌نده‌ڵكارانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، پێگه‌یان لاوازده‌كات بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ترسیان له‌ كازمی ئه‌مه‌یه‌، كازمی داخوازی خه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌، چۆته‌وه‌ به‌غداد ئیش له‌سه‌ر ئه‌و داخوازیانه‌ ده‌كات، ئێمه‌ش وه‌كو نوێنه‌رانی كورد فشاری لێده‌كه‌ین كه‌ئه‌و داخوازیانه‌ كه‌ وێنه‌ی بۆ ئێمه‌ هاتووه‌ له‌و داخوازیانه‌ به‌زووترین كات ئه‌و داخوازیانه‌ جێبه‌جێ بكات، پێم وایه‌ ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی جیاواز پێشكه‌ش بكات."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی د.ڕێبوار كه‌ریم مه‌حمود Sep 14/020