د.به‌شیر حه‌داد:حكومه‌تی عیراق نزیكه‌ی 20ملیاردۆلار قه‌رزاری هه‌رێمه‌،جگه‌ له‌وه‌ پێویسته‌ عیراق ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمه‌ بیداته‌وه‌

د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق

د.به‌شیر حه‌داد جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت" مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ ئیستحقاق و شایسته‌یه‌كی ده‌ستورییه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق وه‌كو ئه‌ركێك پێویسته‌ له‌سه‌ری بیدات به‌هه‌رێمی كوردستان، ده‌شڵێت" له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا گفتوگۆكان نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێكی ڕێك له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌غداد وه‌كو پێویست نه‌ده‌هاته‌ پێش چونكه‌ به‌غداد هه‌رده‌ڵێت ده‌بێت هه‌موو داهات و نه‌وت و غه‌یره‌ نه‌وتییه‌كانیشم ڕاده‌ست بكه‌یت، من له‌ئێستاوه‌ بڕێكی كه‌مت ده‌ده‌مێ كه‌به‌شی نیو مووچه‌ش ناكات به‌ڵام حسابی ئه‌وه‌ ناكات له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ئه‌وان ئه‌و بودجه‌یان بڕیووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، وه‌ هه‌رێمی كوردستان ناچاربووه‌ قه‌رز بكات له‌كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و له‌شوێنی دیكه‌ قه‌رزی كردووه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانی خۆی و دابه‌شكردنی مووچه‌، ئه‌ی باشه‌ نابێت عێراق ئاماده‌ بێت له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دۆسیه‌كان ئه‌م قه‌رزانه‌ش بداته‌وه‌؟ هه‌روه‌ها ڕایده‌گه‌یه‌نێت" ئێستا به‌ساده‌ترین حسابی ژمێریاری ده‌كرێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش دوای موسته‌حاقاتی زۆر زۆر له‌ به‌غداد بكات، نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلار ئه‌گه‌ر به‌ حسابی قه‌رز بێت به‌غداد قه‌رزاری هه‌رێمه‌. ڕاسته‌ هه‌رێم قه‌رزاری به‌غداده‌ به‌ڵام به‌غدادیش قه‌رزاری هه‌رێمه‌ بابێن حسابی بكه‌ن ئه‌و چه‌ند قه‌رزاره‌ و ئه‌م چه‌ند قه‌رزاره‌ لێكده‌ربێت ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌رزار مایه‌وه‌ بیداته‌وه‌ ئه‌میش قه‌رزار مایه‌وه‌ ده‌یداته‌وه‌. ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی به‌غداد تا ئێستا ڕازی نییه‌ له‌سه‌ری وه‌ ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ ده‌ست به‌ حسابێكی نوێ بكات به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ڕابردوو ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ژێر باریه‌وه‌."

"له‌كۆتایدا هه‌رده‌بێت بژارده‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ به‌كاربێت "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی كورد دوای ده‌رچوونی یاسای قه‌رز وتی" كورد كارتی زۆری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا بیری لێده‌كرێته‌وه‌ پێویسته‌ له‌كاتی هه‌ر كێشه‌یه‌كدا و له‌كاتی هه‌ر ته‌نگه‌ژه‌یه‌كدا پێویسته‌ بیر له‌چاره‌سه‌ری ڕاست و دروست و ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌سوودی بۆ هه‌موولایه‌ك ده‌بێت، وه‌ پێویستی به‌دان به‌خۆداگرتنی هه‌یه‌، هیچ بڕیارێك سه‌ركه‌وتوو نابێت ئه‌گه‌ر وه‌كو په‌رچه‌كردار وه‌ربگیرێت و له‌ حاڵه‌تێكی هه‌ڵچوون و توڕه‌بووندا بدرێت، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رده‌م بڕیاره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵانیه‌ت و دووربینی و به‌رژوه‌ندی هه‌موو لایه‌ك بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ش بژارده‌ هه‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌به‌ڕێگای گفتوگۆ و بره‌ودان و به‌رده‌وام بوون له‌گفتوگۆ وه‌ گه‌یاندنی واقیعی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌موو شێوازه‌كانی یاسایی و سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی بمانه‌وێت ئه‌و مافانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدایه‌ وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و ته‌وافق و هاوسه‌نگی كه‌ ئه‌م سێ بنه‌مایه‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عێراقی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ له‌پاش 2003 وه‌ بگه‌ن به‌مافه‌كانی خۆمان وه‌ هه‌ر ئه‌م بژارده‌یه‌ش له‌كۆتایدا هه‌رده‌بێت بژارده‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ به‌كاربێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی توندو تیژیش بگرێته‌به‌ر هه‌رده‌بێت دیسان بێینه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ جابۆ هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ بژارده‌ی گفتوگۆ نه‌گرێته‌به‌ر."

" مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ ئیستحقاق و شایسته‌یه‌كی ده‌ستورییه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق وه‌كو ئه‌ركێك پێویسته‌ له‌سه‌ری بیدات به‌هه‌رێمی كوردستان "

د.به‌شیر حه‌داد ئاماژه‌ی به‌ زیانی یاسای قه‌رز كرد و وتی" به‌بۆچوونی من له‌دوو لاوه‌ زیانی هه‌بوو، زیانێك كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌رێمی كوردستان زیانێكی گه‌وره‌تر كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌كۆی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌بووه‌ كه‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دواده‌كه‌وێت و ئه‌م یاسایه‌ وایكرد كه‌پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ستیه‌وه‌ به‌ ڕێكه‌وتنی سیاسی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ ئیستحقاق و شایسته‌یه‌كی ده‌ستورییه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق وه‌كو ئه‌ركێك پێویسته‌ له‌سه‌ری بیدات."

"ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراقی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمانبه‌رانی عێراقی حیساب ده‌كات پێویسته‌ چۆن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌سڕه‌و ناسریه‌ ده‌دات به‌هه‌مان شێوه‌ش پێویسته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت "

د.به‌شیر حه‌داد ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراقی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمانبه‌رانی عێراقی حیساب ده‌كات پێویسته‌ چۆن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌سڕه‌و ناسریه‌ ده‌دات به‌هه‌مان شێوه‌ش پێویسته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش بنێرێت به‌ڵام ئه‌و دۆسیانه‌ی كه‌ماوه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غداد ئه‌مه‌ به‌ ڕێگه‌ چاره‌ی سیاسی و به‌ڕێكه‌وتن له‌ڕێگه‌ی دادگای فیدڕاڵی ده‌كرێت چاره‌سه‌ربكرێت ئه‌مه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌په‌یوه‌ندی به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ زیانه‌ گه‌وره‌كه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌هه‌موو عێراقه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ و چه‌ندین یاسای دیكه‌ كه‌ له‌ڕابردوودا به‌زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ تێپه‌ڕێنرا ئه‌مه‌ زیانی له‌و بنه‌مایانه‌ كه‌عێراقی له‌سه‌ر بنیادنراوه‌ پاش ساڵی 2003 ئه‌ویش كه‌ ته‌وافوق و هاوسه‌نگی و هاوبه‌شی بوونه‌، بۆیه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ گه‌وره‌تره‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئاوابێت كه‌واته‌ كۆی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌یه‌، بۆیه‌ نیگه‌رانی ئێمه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی به‌سته‌وه‌ به‌ڕاده‌ستكردنی نه‌وت كه‌ ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا له‌ڕێكه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌دا هه‌یه‌، نیگه‌رانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ته‌وافوقه‌ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا هه‌بێت."

" من نازانم چۆن لێكی بده‌مه‌وه‌ كه‌ ئایا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ویستیان كێشه‌ بۆ حكومه‌ت دروست بكه‌ن یا ئایا ویستیان ئه‌م شته‌ دروست بكه‌ن "

جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو" كاتێك حكومه‌تی عیراقی ئه‌و یاسایه‌ی (یاسای قه‌رز) كه‌ناردبوو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ڕێكو پێكهاتبوو وه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ی كه‌په‌یوه‌ندی هه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك هاتبوو به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غداددا هه‌یه‌، به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌و 320 ملیار دیناره‌ ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق گوێیان نه‌دا به‌و ڕێكه‌وتنه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت گوێیان نه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌حكومه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌وان دوای گۆڕینی ئه‌و مادده‌یان كردوو و ئه‌و مادده‌یان لابرد و مادده‌یه‌كی دیكه‌یان له‌شوێنی ئه‌و دانا ئێمه‌ زۆر داوامانكرد هه‌مان مادده‌ی حكومه‌ت بڕوات چونكه‌ حكومه‌ت بۆ خۆی ده‌زانێت چۆن ڕێكه‌وتنی كردووه‌ داوامان كرد هه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌ی بڕوات ئه‌وه‌ بوو قبوڵ نه‌كرا، وه‌ داواشمان كرد دوابخرێت هه‌ر بۆئه‌وه‌ی زیاتر گفتوگۆی له‌سه‌ربكرێت هه‌ر قبوڵیان نه‌كرد، من نازانم چۆن لێكی بده‌مه‌وه‌ كه‌ ئایا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ویستیان كێشه‌ بۆ حكومه‌ت دروست بكه‌ن یا ئایا ویستیان ئه‌م شته‌ دروست بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی ببێت به‌بارگرژیه‌ك له‌نێوان هه‌ردوولا به‌ڵام وه‌كو لایه‌نی یاسایی كه‌شتێك له‌حكومه‌ته‌وه‌ دێت په‌رله‌مان بۆی هه‌یه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێنێت له‌په‌رله‌ماندا."

"بژارده‌ی كشانه‌وه‌ی كورد له‌به‌غداد جارێ له‌ئارادا نییه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌غداد؟ د.به‌شیر حه‌داد وتی "هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بژارده‌یه‌ جارێ له‌ ئارادا نییه‌ به‌ڵام گریمان ئه‌وه‌ به‌كارهات بێگومان كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی بوونی كورد ئێستا له‌به‌غداد وه‌كو لایه‌نێكی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدایه‌ چونكه‌ ده‌بینیین وه‌كو لایه‌كی هاوسه‌نگ و پارسه‌نگ ڕاگرتنی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌لایه‌ن كورده‌وه‌یه‌ له‌ به‌غداد، كورد هه‌رده‌م به‌شێك بووه‌ له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق و هۆكارێك بووه‌ بۆ زیاتر سه‌قامگیری بارودۆخی عێراق."

"له‌وانه‌یه‌ له‌م نزیكانه‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یان شاندێكی هونه‌ری بۆ بودجه‌ و نه‌وت بچنه‌ به‌غداد بۆئه‌وه‌ی كه‌به‌په‌له‌ ئه‌م بارودۆخه‌ چاك بكه‌نه‌وه‌. "

حه‌داد ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "پێرێ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم بوو پاشان وتاری سه‌رۆكی هه‌رێم بوو له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌تاكه‌ بژارده‌ هه‌ر ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ یه‌، وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌م نزیكانه‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یان شاندێكی هونه‌ری بۆ بودجه‌ و نه‌وت بچنه‌ به‌غداد بۆئه‌وه‌ی كه‌به‌په‌له‌ ئه‌م بارودۆخه‌ چاك بكه‌نه‌وه‌. "

"چاوه‌ڕوانی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانین، ئه‌وان چ بڕیار بده‌ن ئێمه‌ش ده‌بینه‌ به‌شێك له‌و بڕیاره‌"

ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی یاسای قه‌رز له‌نێێوان هه‌رێم و به‌غداد؟ د.به‌شیر حه‌داد وتی "ئه‌مه‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌په‌رله‌مان به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌ ، ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنێكی سیاسی بكرێت له‌گه‌ڵ لایه‌ن سیاسیه‌كانی عێراقی به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌حكومه‌ت بتوانێت پرۆژه‌ یاسایه‌ك بنێرێت یان سه‌رۆك كۆمار پرۆژه‌ یاسایه‌ك ده‌نێرێت، به‌گوێره‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ بارودۆخه‌كه‌ چاكترده‌بێته‌وه‌. "

ده‌رباره‌ی پلانی نوێنه‌ره‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غداد حه‌داد ده‌ڵێت " پلانه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانین، ئه‌وان چ بڕیار بده‌ن ئێمه‌ش ده‌بینه‌ به‌شێك له‌و بڕیاره‌."

" ئه‌مه‌ وانییه‌ كه‌ ئێستا له‌ شه‌قامی عێراقی و له‌ شه‌قامی كوردستانیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ست ناكات بۆیه‌ به‌غداد مووچه‌ نانێرێت "

"به‌لای منه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد هه‌یه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی نه‌وت نییه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ نییه‌ كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ی گرنگ له‌و باره‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌هه‌ڵواسراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاره‌سه‌ربكرێت ، وه‌ ده‌یان شاندنی هه‌رێمی كوردستان چ شاندی سیاسی چ شاندی هونه‌ری هاتۆته‌ به‌غداد به‌ڵام من ئاگاداری ئه‌وه‌م كه‌ له‌ زۆر له‌و ڕێكه‌وتنانه‌ له‌زۆر له‌و شاندانه‌ حكومه‌تی به‌غداد هیچ گرنگیه‌كی نیشان نه‌داوه‌ یان ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی نیشان نه‌داوه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنانه‌ واژۆ بكات له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆ چه‌ندین شاند هاتن و ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیان نیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئیلتیزاماتی خۆیان كه‌ به‌پێی ده‌ستور چ ئیلتزامات و ئه‌ركێكی له‌سه‌ره‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ جێبه‌جێی بكات به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراقیش هه‌موو ئیلتزاماته‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات."د.به‌شیر حه‌داد وای وت"

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌" ئه‌مه‌ وانییه‌ كه‌ ئێستا له‌ شه‌قامی عێراقی و له‌ شه‌قامی كوردستانیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ست ناكات بۆیه‌ مووچه‌ نانێرێت من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كاتێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیكرد به‌ناردنی نه‌وت ڕاسته‌خۆ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ عێراق مووچه‌ی بڕی ئینجا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی كرد به‌ناردنی نه‌وت، كاتێك له‌سه‌رده‌می "به‌ڕێز" نوری مالیكی كه‌ بودجه‌ و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی خۆ ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی ڕاده‌ست ده‌كرد، هه‌موو داهاته‌كانی خۆی ڕاده‌ست ده‌كرد چه‌ند مانگێك دوای بڕینی بودجه‌ له‌ به‌غدادوه‌ ئینجا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ناچاری ده‌ستیكرد به‌وه‌ كه‌نه‌وته‌كه‌ بفرۆشێت."

" ده‌بێت قه‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش عێراق بیداته‌وه‌ "

جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ڕاشیگه‌یاند" له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا گفتوگۆكان نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێكی ڕێك له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌غداد وه‌كو پێویست نه‌ده‌هاته‌ پێش چونكه‌ به‌غداد هه‌رده‌ڵێت ده‌بێت هه‌موو داهات و نه‌وت و غه‌یره‌ نه‌وتییه‌كانیشم ڕاده‌ست بكه‌یت، من له‌ئێستاوه‌ بڕێكی كه‌مت ده‌ده‌مێ كه‌ به‌شی نیو مووچه‌ش ناكات به‌ڵام حسابی ئه‌وه‌ ناكات له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ئه‌وان ئه‌و بودجه‌یان بڕیوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، وه‌ هه‌رێمی كوردستان ناچاربووه‌ قه‌رز بكات له‌كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و له‌ شوێنی دیكه‌ قه‌رزی كردووه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانی خۆی و دابه‌شكردنی مووچه‌، ئه‌ی باشه‌ نابێت عێراق ئاماده‌ بێت له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دۆسیه‌كان ئه‌م قه‌رزانه‌ش بداته‌وه‌."

"نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلار ئه‌گه‌ر به‌ حسابی قه‌رز بێت به‌غداد قه‌رزاری هه‌رێمه‌ "

د.به‌شیر حه‌داد ئه‌وه‌شی وت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت قه‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش عێراق بیداته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆچی دوچاری قه‌رز بووه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كه‌عێراق بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌، شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی نه‌ناردووه‌ بۆیه‌ دوچاری قه‌رز بۆته‌وه‌، ئێستا به‌ساده‌ترین حسابی ژمێریاری ده‌كرێت نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلار ئه‌گه‌ر به‌ حسابی قه‌رز بێت به‌غداد قه‌رزاری هه‌رێمه‌. ڕاسته‌ هه‌رێم قه‌رزاری به‌غداده‌، به‌ڵام به‌غدادیش قه‌رزاری هه‌رێمه‌ بابێن حسابی بكه‌ن ئه‌و چه‌ند قه‌رزاره‌ و ئه‌م چه‌ند قه‌رزاره‌ لێكده‌ربێت ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌رزار مایه‌وه‌ بیداته‌وه‌ ئه‌میش قه‌رزار مایه‌وه‌ ده‌یداته‌وه‌. ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی به‌غداد تا ئێستا ڕازی نییه‌ له‌سه‌ری وه‌ ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ ده‌ست به‌ حسابێكی نوێ بكات به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ڕابردوو ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ژێر باریه‌وه‌."

"ئه‌م دوو مووچه‌یه‌ی كه‌ له‌عێراق ده‌درێت باوه‌ڕناكه‌م به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بدرێت "

د.به‌شیر حه‌دید ده‌شڵێت" بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی پێدانی دوو مووچه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی عیراق ئه‌م كاره‌ی كه‌ كرا له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ زیان گه‌یاندن بێت به‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وروژاندنی شه‌قامی هه‌رێمی كوردستان بێت چونكه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌ ململانیه‌كی سیاسییه‌ له‌عێراقدا ڕوو ده‌دا ئه‌م دوو مووچه‌یه‌ی كه‌ له‌عێراق ده‌درێت باوه‌ڕناكه‌م به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بدرێت به‌ڵكو مووچه‌یه‌ك ده‌درێت پاش ماوه‌یه‌كی دیكه‌ مووچه‌ی مانگی یانزه‌ش ده‌درێت بێگومان ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌قامی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 60 ڕۆژه‌ مووچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌ و ئه‌وانیش دوو مووچه‌ وه‌ربگرن ئه‌مه‌ به‌ڕاستی كاریگه‌ری ده‌بێت ئه‌مه‌ واپێویست ده‌كات كه‌ حكومه‌ت به‌ شه‌فافانه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌ وه‌ ئێمه‌ش پێویسته‌ واقیعه‌كه‌ چۆنه‌ ئاوا باسی لێوه‌بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان وانه‌زانن كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی هه‌یه‌ و به‌ئه‌نقه‌ست دابه‌شی ناكات."

هه‌روه‌ها وتیشی" له‌لایه‌كی دیكه‌ش پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم په‌له‌ بكات له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی، ئه‌و یاسای چاكسازیه‌ی كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر درا ، پێویسته‌ حكومه‌ت به‌ جورئه‌ته‌وه‌ و به‌ ئازایانه‌ ده‌ستی بۆ به‌رێت، بێگومان له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك و چه‌ند لایه‌نێك زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن به‌ڵام هه‌تا ئه‌م زه‌ره‌رمه‌ندیه‌ نه‌بێت چاكسازیه‌كه‌ ناكرێت هه‌تا چاكسازی ته‌واو و ڕیشه‌یش نه‌كرێت ئێمه‌ ناتوانیین ئه‌و شه‌فافیه‌ته‌ له‌هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێبكه‌ین و خه‌ڵكی خۆمانی پێ ڕازی بكه‌ین."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.به‌شیر حه‌داد NOV 17/020