د.بەختیار شاوەیس وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت" فشاری ئێمە وەکو فراکسیۆن و وەکو نەهجی یەکێتی بریتیە لەڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد پێمانوایە ئەگەر ئەمجارەش ڕێکنەکەون وە ئەگەر کێشەکان زیاتریش قوڵببێتەوە، هەردەبێت لەدواجاردا دەرگای گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد چارەسەر ببێت، دەشڵێت" ئەو بڕگەیەی کەدەڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتی ڕادەست نەکرد پارە نەیەت بۆ هەرێم، با هەرێم بەوە ڕازی بێت کەواتە ئەمە گرێی مەسەلەکە دەکاتەوە بیانویەک نامێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی و بۆ لایەنە شیعەکان بۆئەوەی نەیەن دەنگ بەپشکی هەرێمی کوردستان بدەن. شاوەیس ئەوەشی وت"حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر دەیەوێت ڕێکبکەوێت لەگەڵ بەغداد پێویستە ئەو بڕگەیەش جێبەجێ بکات و نەترسێت کە ئەم بڕگەیە ئێستا بۆتە قوڵایی کێشەکە بەڵام بەشێوەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغداد."
"دەکرێت هەردوو دەرگاکە کراوەبێت"
لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتەبێژەکەی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد ڕایگەیاند" لەڕاستیدا هەفتەی پێشتر دواهەمین گۆڕانکارییەکان ئەوەبوو کەڕێککەوتنێک کرابوو لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی سەبارەت بەماددەی (11) لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بەڵام دواکەوت، دواکەوتنی ئەمەش لەڕاستیدا هەر بەتەنها پەیوەندی بەماددەی (11) وە نەبوو بەڵکو کۆمەڵێک کێشەی تریش هەبووە کە لەناو بودجەکەدا هەبووە بەڵام ئەوەی کەپەیوەندی بەکوردەوە هەیە لەسەر ئالیەتی ڕادەستکردن و ڕادەستنەکردنی نەوت هەروەها بڕەکەی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوای پابەندبوون و پابەندنەبوونەوە بووە، هەندێک لەکوتلە شیعییەکان گۆڕانکاریەکیان هەبوو سەبارەت بەماددەی (11)، وە وەفدی کوردیش بەم گۆڕانکارییە ڕازی نەبوون ئەوە بوو کۆتایی دانیشتنەکانیش بوو نزیکەی چەند دانیشتنێک دواکەوتبوو، دانیشتن نەکرابوو بەهۆی ئەم ڕێکنەکەوتنەوە ئەوە هەڵگیرا بۆ هەفتەی داهاتوو."
بەختیار شاوەیس دەشڵێت" لەڕاستیدا لەناو پەرلەمانی عێراقدا ڕووداوی زۆر خێرا ڕوودەدات واتە شتێکی قورسە کەکتوپڕ بڵێین یان بەشێوەیەکی ڕەها لەسەدا سەد بڵێین ڕێکدەکەون یان ڕێکناکەون دەکرێت هەردوو دەرگاکە کراوەبێت دەرگای ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتن، وەفدی هەرێم خۆیان دەڵێن ئێمە سوورین لەسەرئەوەی کە ڕێکبکەوین، وە هەفتەی داهاتووش پێش دانیشتنی پەرلەمان وەفدەکە دەگەڕێنەوە بەغداد بەڵام وەکو ئاماژەم پێکرد لەناو پەرلەمانی عێراق پەرلەمانێکی هەمەڕەنگ و پڕ لەدید و بۆچوونی جیاوازە وە تەحەکومی زۆری بەسەرەوە دەکرێت بەدڵنیاییەوە ناتوانیین بڵێن لەهەفتەی داهاتوو لەڕۆژی شەممە ڕێکدەکەون یان ڕێکناکەون."
"یاسای بودجە 50+1 ی دەوێت، وە ئەمەش ئاسانە بۆ شیعەکان و بۆ سونەکان"
سەبارەت بەوەی پێشبینی دەکەن پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بێ لایەنی کوردی تێپەڕێنرێت؟ لەوەڵامدا بەختیار شاوەیس وتی" ئەوە دەکەوێتەوە سەر لایەنی شیعە و سونە ئایا بەبێ هەرێمی کوردستان دەنگ لەسەر دەدەن چونکە یاسای بودجە 50+1 ی دەوێت، وە ئەمەش ئاسانە بۆ شیعەکان و بۆ سونەکان پێکەوە بتوانن 50+1 لەناو پەرلەماندا کۆبکەنەوە ئەگەر خۆیان بیانەوێت بەڵام ئەگەر نەیانەوێت وەکو ئێستا کە لەڕاستیدا نزیکەی لەدوای 15 ی شوباتەوە چاوەڕێی ئەوەیان کردووە کەڕێککەوتن بکرێت و وەستاون تێیان نەپەڕاندووە، من پێموایە ئەمە دەرفەتێکی باشیش بووە بۆ هەرێم بەڵام بەداخەوە ئەم کێشانە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کەڵەکەبووی چەند ساڵی ڕابردوو کە لەسەر مەسەلەی مامەڵەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ بەغداد چۆن بووە، وە لەهەمانکاتدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای نەوت و گاز لەعێراقدا بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ئەگەر قسە بکەین ئەبووایە ئەم یاسایە لەکاتی خۆی دەربکرایە من پێموایە زۆرێک لەکێشەکانی ئێمە چارەسەر دەبوو."
"ئەمە قسەیەکە مەنتقی تێدایە .....قوڵایی کێشەکەیە "
هەندێک لەپەرلەمانتارانی کورد دەڵێن هەرێم بۆیە بەو بەندەی کەدەڵێت(حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات) ڕازی نیە چونکە هەرێم نایەوێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات؟
لەوەڵامدا بەختیار شاوەیس دەڵێت" بەڵێ بەدڵنیاییەوە ئەمە قسەیەکە مەنتقی تێدایە تاڕادەیەک ئێمەش وتومانە ئەو بڕگەیەی کەدانراوە من دەتوانم بڵێم قوڵایی کێشەکەیە لەبڕگەی دووەمی ماددە (11) لەحاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەڕادەستکردنی نەوتەکە واتە ئەو 460 هەزار بەرمیلە ئەوا پارە نایەت بۆ هەرێمی کوردستان واتەپشکی هەرێم دەبڕدرێت لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە بۆ هەرێم بەمە ڕازی نییە؟! ئەمە خۆی بۆخۆی نیشانەی گومان و پرسیار دروست دەکات لای لایەنە شیعییەکان و لای کۆی پەرلەمانتاران ئەوانەی کەلەدەرەوەی لایەنە کوردییەکانن."
"هەرێمی کوردستان بابێت ڕێکبکەوێت لەو بڕگەیە نەترسێت "
وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی وت" لەڕاستیدا من قسەم ئەوەیە هەرێمی کوردستان بابێت ڕێکبکەوێت لەو بڕگەیە نەترسێت و ئەو بڕەی کەدیاریکراوە ڕادەستی بەغدادی بکات هەرچەندە بەقەناعەتی من زیانیشە واتە ئەگەر خۆی نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکرێت، سۆمۆ نەوت بفرۆشێت بۆ هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆر زۆر زیاتر دەگەڕێتەوە کەمن پێموایە مانگانە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار زیاتر دەکات لەبەرئەوەی ئەو نەوتەی کە لەڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشێت هەربەرمیلێک 11 دۆلار زیاتر دەکات وە تێچووی گواستنەوە و ئەمانەش هەمووی لەسەر سۆمۆ دەبێت و لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت."
بەختیار شاوەیس زیاتر ڕونیکردەوە" بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان قازانج دەکات ئەوەی ئێمە حسابمان کردووە ئەگەر هەرێمی کوردستان خۆی بەرمیلێک نەوت بە 60 دۆلار بفرۆشێت نزیکەی نیوەی زیاتری بۆ دەمێنێتەوە واتە کرێی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوە، وە هەروەها ئەو پارەیەی کەنرخی نەوت لەلای هەرێمی کوردستان جیاوازە لەوەی سۆمۆ چونکە کۆمپانیا جیهانییەکان بە 11 دۆلار کەمتر لەنرخی سۆمۆ لەهەرێمی کوردستان دەکڕِن واتە نزیکەی ئەگەر بە 60 دۆلار نەوت بفرۆشرێت ئێمە وای دابنێن ئەوا لە30-32 دۆلار پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە لەیەک بەرمیل نەوتدا ئەمە سیاسەتی خۆیانە هەرێمی کوردستان کە دەڵێت ئێمە بەم شێوەیە دەیکەین مادام بژاردەی دووەمیان هەڵبژاردووە و دەڵێن خۆیان نەوتەکە دەفرۆشن پارەکەی دەدەن بەسۆمۆ کەواتە دەبێت خۆی تەحەمولی بەرپرسیاریەتیەکە بکات و خۆی پابەند بێت بەوەوە."
" گرێی مەسەلەکە دەکاتەوە بیانویەک نامێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی و بۆ لایەنە شیعەکان "
بەختیار شاوەیش دەشڵێت" ئەو بڕگەیەی کەدەڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتی ڕادەست نەکرد پارە نەیەت بۆ هەرێم، باهەرێم بەوە ڕازی بێت کەواتە ئەمە گرێی مەسەلەکە دەکاتەوە بیانویەک نامێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی و بۆ لایەنە شیعەکان بۆئەوەی نەیەن دەنگ بەپشکی هەرێمی کوردستان بدەن. "
"حکومەتی هەرێم پێی وایە ڕادەستکردنی نەوت بەبەغذاد پەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە"
وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لەوەشکرد" هەرێمی کوردستان خۆی بۆخۆی حکومەت دەیەوێت نەوت لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت و ڕادەستی بەغدادی نەکات، پێیوایە ئەمە پەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە هەروەها هەرێم پێیوایە ڕادەستکردنی نەوت بەبەغداد دواتر ڕادەستکردنی شتی تری بەدوادا دێت نایەوێت خۆی ڕادەست بکات بەڵام لەلایەکی تریشەوە بژێوی خەڵک و ژیانی خەڵک و قوتی خەڵک، برسێتی، نەبوونی و نەداری ئەمانە هەرهەمووی کەڵەکەبوون لەهەرێمی کوردستاندا پێویستە حکومەت وەکو چۆن نایەوێت نەوت ڕادەست بکات لەهەمانکاتدا نابێت ژیانی هاوڵاتیانیش لەبەرچاو نەگرێت وە نابێت مووچەی مووچەخۆرانیش دوابکەوێت و نابێت لێبڕین بمێنێت. "
" لەدوای ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدادەوە پێویستە شتێک نەمێنێت پێی بوترێت پاشەکەوت و شتێک نەمێنێت پێی بوترێت لێبڕینی مووچە "
وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاشیگەیاند" ئێمە جەختمانکردۆتەوە کەلەدوای ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدادەوە پێویستە شتێک نەمێنێت پێی بوترێت پاشەکەوت و شتێک نەمێنێت پێی بوترێت لێبڕینی مووچە ئەمانە هەرهەمووی هەرێمی کوردستان وەک چۆن ئامادە نییە نەوتەکە ڕادەستبکات و دەیەوێت لەڕێگەی خۆیەوە بیفرۆشێت و ڕێککەوتنیش بکات لەهەمانکاتدا لەهەمووی گرنگتر بریتیە لەوەی کەژیانی خەڵک و مووچەی خەڵک لەکاتی خۆیدا بدرێت بەبێ لێبڕین. "
" بەدڵنیاییەوە لەقازانجی هەرێمی کوردستانە "
بەختیار شاوەیس جەختی لەوەکردەوە بڕگەی ( حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات ) لەقازانجی هەرێمی کوردستانە لەوڕووەوە دەڵێت"بەڵێ بەدڵنیاییەوە لەقازانجی هەرێمی کوردستانە مەرج نییە کەبەو مەرجە ڕازی نەبن و ئامادەی ڕێککەوتن نەبن، من پێموایە ئەم چەند ڕۆژەی کەدرا بەهەردوولایەن هەتا ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەوڵدانێکە بۆئەوەی ئەم بڕگەیەش چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە وە ئومێدمان وایە نوێنەرانی کورد بەبێ جیاوازی سیاسی و ئینتیما، ئێمە وەکو نوێنەری خەڵک کەخەڵک لەلای ئێمە زەرورە ئومێدمان هەیە کەهەتا ڕۆژی شەممە ئەم کێشەیەش چارەسەر بکرێت، وە ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت."
ئایا خۆت کە لەفراکسیۆنی یەکێتی-ت قسەت لەگەڵ شاندەکەی حکومەتی هەرێم کردووە کەسەرۆکی شاندەکە و زۆرینەی ئەندامەکانی لەحیزبەکەی خۆتن لەوبارەیەوە؟ لەوەڵامدا بەختیار شاوەیس وتی" لەڕاستیدا ئەم بڕگەیە لەدواساتەکانی ئەو ڕۆژەی کەلەوێ بووین هاتە پێشەوە، وەلایەنە شیعەکان بەشێوەیەکی کتوپڕ چەند کاتژمێرێک پێش دانیشتنەکە ئەمەیان هێنا بەدڵنیاییەوە ئەمە پرسیارە من ئومێد دەکەم هەتا ڕۆژی شەممە وەڵام بدرێتەوە."
"خۆی ئەم بڕگەیە کێشەی دروستکردووە، هەرچەندە ئەوان شێوازی ڕادەستکردنی داهاتی 460 هەزار بەرمیل نەوتەکە گۆڕانکاریەکیان بەسەردا هێناوە بەڵام لەدواجاردا وەکو ئەو برادەرانە لەلیژنەی دارایی ڕوونیانکردۆتەوە بەنزیکەیی وەکو ڕێککەوتنەکەی شەوی پێشووترە بەڵام ئەوەی کە ماوەتەوە ئەم بڕگەیە لەوەی ڕێککەوتنی پێشووتردا ئەگەر پاپەندبوون نەکرا، ئەوا کار بەیاسای ئیدارەی دارایی دەکرێت واتە دەکرێت بەشێک لەپارە بۆ هەرێمی کوردستان بێت هاتوون ئەمەیان لابردووە و کردوویانە بەوەی کە لەیاسای قەرزەکەوە نزیکە، واتە هیچ نەیەت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە تاڕادەیەک کێشەی دروستکردووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە شیعەکان و سونەکانیش هەندێک کێشەیان لەناو خۆیاندا هەیە."بەختیار شاوەیس وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق وایوت"
" ڕەنگە لەدوای ڕێککەوتنەکەوە ترسی ئەوەیان هەبێت بۆیان جێبەجێ نەکرێت "
بەختیار شاوەیس ئەوەشی وت" من پێموایە ئەم بڕگەیە لەزیانی هەرێمی کوردستان نییە بەڵام شاندی هەرێم و هەرێمی کوردستان ڕەنگە لەدوای ڕێککەوتنەکەوە ترسی ئەوەیان هەبێت بۆیان جێبەجێ نەکرێت نەک خۆیان جێبەجێی نەکەن واتە گۆڕانکارییەکانی دەرهێنانی نەوت ، بۆنموونە ئەو بڕەی کە دیاریکراوە بۆیان جێبەجێ نەکرێت و داهاتی نەوت ئەوەندە نەبێت کەداوای دەکەن ڕەنگە ترسی ئەمەیان هەبێت، بەهەرحاڵ ئەوان دەبێت خۆیان وەڵامی ئەوە بدەنەوە بۆچی ئەمە ناکەن؟ بەڵام بەرای ئێمە هەرشتێک بەتایبەتی ئەم بڕگەیە، هەر کێشەیەک لەناو ئەم ڕێککەوتنەدا هەبێت پێویستە چارەسەربکرێت."
" ئێمە گومانمان هەیە لایەنی تر تائێستا باوەڕی بەڕێککەوتن لەگەڵ بەغدادا نەبووبێت "
بەختیار شاوەیس ئەوەشی ڕاگەیاند" ئێمە وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پاڵپشتی وەفدی کوردیمان کردووە، پاڵپشتی ڕێککەوتنمان کردووە، لەبنەڕەتدا بەشێک لەو هەوڵانەی لەدوو مانگی ڕابردوو تیمی یەکێتی لەحکومەت کەزۆربەیان سەرکردایەتی ئەم وەفدەیان کردووە لەسەر ڕاسپاردەی هاوسەرۆکانی یەکێتی و سەرکردایەتی یەکێتی ئەم ئیشە هاتۆتە پێشەوە چونکە ڕەنگە لایەنی تر هەبووبێت لەبنەڕەتدا باوەڕی بەڕێککەوتن نەبووبێت لەگەڵ بەغداد، ئێمە گومانمان هەیە لایەنی تر تائێستا باوەڕی بەڕێککەوتن لەگەڵ بەغدادا نەبووبێت بەڵام ئەوە گوشارەکانی ئێمەیە و فشاری ئێمەیە زۆر بەڕوونی وتراوە کەئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت لەگەڵ بەغداد ئەوا یەکێتی تەحەمولی دەرهاویشتەکانی دوای ئەوە ناکات. "
"فشاری ئێمە وەکو فراکسیۆن و وەکو نەهجی یەکێتی بریتییە لەڕێککەوتن"
شاوەیش ئەوەشی وت" ئێمە پێمانوایە هەرێم بێت و بەغداد بێت گرنگ ڕێککەوتنە ئەوە خۆیان حکومەتن و کێشە لەنێوان خۆیاندایە چۆن ڕێکدەکەون ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە بەڵام ئێمە دەڵێن دەبێت ڕێککەوتن بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەدا دیاری بکرێت.
هەروەها وتیشی" ئێمە لەگەڵ ڕێککەوتنیین، دەڵێین و وتومانە فشاری ئێمە وەکو فراکسیۆن و وەکو نەهجی یەکێتی بریتیە لەڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد پێمانوایە ئەگەر ئەمجارەش ڕێکنەکەون وە ئەگەر کێشەکان زیاتریش قوڵببێتەوە، هەردەبێت لەدواجاردا دەرگای گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد چارەسەرە."
"ئەگەر هەرێم دەیەوێت ڕێکبکەوێت لەگەڵ بەغداد دەبێت ئەم بڕگەیەش جێبەجێ بکات "
لەکۆتایی وتووێژەکەدا بەختیار شاوەیس وتی" من پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر دەیەوێت ڕێکبکەوێت پێویستە ئەم بڕگەیەش جێبەجێ بکات بەڵام بەشێوەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغداد."
Your browser doesn’t support HTML5