جەبار یاوەر: داعش ته‌واو نه‌بووه‌ و کۆتایی نه‌هاتووه‌ ورده‌ ورده‌ خۆی ڕێکده‌خاته‌وه‌ شانه‌ نوستووه‌کانی زیندووکردۆته‌وه‌

فه‌ریق ڕوكن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

فه‌ریق ڕوکن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دەڵێت" داعش وه‌کو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌واو نه‌بووه‌ و کۆتایی نه‌هاتووه‌ ورده‌ ورده‌ خۆی ڕێکده‌خاته‌وه‌ ڕێگاکانی هاتوچۆوکردنه‌کانی به‌تایبه‌تی له‌نێوان عێراق و سوریا ده‌روازه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ده‌توانێت جوڵه‌ بکات شانه‌ نوستووه‌کانی زیندوو کردۆته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت فشارێکی زیاتر بکات له‌به‌رئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت که‌ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هه‌رماوه‌."

"...له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ لێپرسراوانی باڵای هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داوای چالاککردنی ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ی تر ده‌که‌ن که‌ پێشتر کراوه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بەپێکهێنانی هێزی هاوبەش لەنێوان عێراق و هەرێم بۆ ڕوبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی داعش، ڕایگەیاند" یه‌کێک له‌ بڕیاره‌کانی کۆبوونه‌وه‌کانی پێشتری نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق بوو که‌ ده‌بێت له‌هه‌موو ناوچه‌کانی ناکۆکی به‌تایبه‌تی سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ که‌رکوک و هه‌ولێر و موسڵ هێڵی هاوبه‌شی به‌رگری هه‌بێت له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، هێزی هاوبه‌شیش هه‌بێت بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڵام هه‌نگاو نه‌نراوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ لێپرسراوانی باڵای هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داوای چالاککردنی ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ی تر ده‌که‌ن که‌ پێشتر کراوه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌و لیژنانه‌ بۆئه‌وه‌ی جێبه‌جێ بکرێت له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه‌، ئێمه‌ دوێنێ وه‌کو لیژنه‌ی باڵا به‌شداریمان له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی باڵای حکومه‌تی عێراق کرد به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز کازمی سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران که‌ هه‌موو لێپرسراوانی داموده‌زگا ئه‌منی و لێپرسراوانی سه‌ربازیه‌کانی بانگهێشت کردبوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌ش وه‌کو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دیسان جه‌ختکرایه‌وه‌ هه‌نگاوی په‌له‌ بنرێت بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره‌ و چاوه‌ڕێی هه‌نگاوی عه‌مه‌لین له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه‌."

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەوەشی وت" باسکردن لەپێکهێنانی هێزی هاوبەش هیچ په‌یوه‌ندی به‌و هێرشه‌وه‌ نییە بەتەنها کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کرایە سەر پێشمەرگە ئێمه‌ له‌ 2019 وه‌ که‌ دکتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و کاته‌ فه‌رمانێکی ده‌رکرد له‌فه‌رمانه‌که‌یدا وادیاریده‌کات ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هێزی سه‌ربازی و ئه‌منی له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دابمه‌زرێنرێت، ناوه‌ندی هێزی هاوبه‌ش دابمه‌زرێنیین و به‌یه‌که‌وه‌ پرۆسه‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین، داوایکردووه‌ له‌ماوه‌ی مانگێک ئه‌و پرۆسه‌یه‌ جێبه‌جێ بێت له‌کانونی یه‌که‌می ساڵی 2018 بوو ئه‌و فرمانی ده‌رکردووه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌مانگی پێنجی ساڵی 2021 داین واته‌ سێ ساڵه‌ ئه‌و فرمانه‌ ده‌رکراوه‌ دوای ئه‌وه‌ش دیسان "به‌ڕێز کازمیش" ئەو فرمانه‌ی دوباره‌ی کردۆته‌وه‌ به‌ڵام کارا نه‌بووه‌ لایه‌نی حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین که‌ هه‌نگاوی جدیترین پاش ئه‌و کۆبونه‌وه‌یەی پێرێ کرا."

"لایەنی عێراقی جددی نەبوون "

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەوەشی وت" لایه‌نی حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی و ئه‌منی پێشتر جدی نه‌بوون به‌هۆی بوونی کێشه‌ له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراقی به‌هۆی ئه‌وه‌ی کێشه‌ی سیاسی له‌ناو خودی عێراقدا هه‌یه‌، بابه‌ته‌ سه‌ربازییه‌کان به‌لارێدا ده‌برا فشاری سیاسی هه‌بوو له‌عێراق که‌ ئه‌مه‌ جێبه‌جێ نه‌کرێت ده‌بێت ئه‌و فشاره‌ سیاسیه‌ لاببرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش هه‌یه‌، کاروباری ئه‌منی و سه‌ربازی جیابکرێته‌وه‌ له‌کاروباری سیاسی."

" داعش وه‌کو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌واو نه‌بووه‌ و کۆتایی نه‌هاتووه‌ "

فه‌ریق ڕوکن جه‌بار یاوه‌ر جەختیکردەوە "هه‌ڕه‌شه‌ی داعش هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر به‌رده‌وامبووه‌ و جدی بووه‌ ته‌نانه‌ت دوای کۆتایی هێنان به‌ ئیماره‌ی ئیسلامی داعش له‌ناوچه‌کانی موسڵ و له‌شامیش واته‌ له‌سوریاش هه‌رماوه‌ چونکه‌ داعش وه‌کو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌واو نه‌بووه‌ و کۆتایی نه‌هاتووه‌ به‌ڵام شێوازی کاری تیرۆریستی گۆڕیووه‌ ده‌وڵه‌تی هه‌بووه‌ ئێستا به‌شێوازی گروپی بچوک بچوک و په‌لاماردان به‌هه‌ردوو شێوازه‌که‌ هه‌م به‌شێوازی فیکری تیرۆریستی له‌ سۆشیال میدیاوه‌ هه‌م له‌ڕێگه‌ی چه‌که‌وه‌ به‌رده‌وام بووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی داعش کۆتایی نه‌هاتووه‌ له‌سه‌ر عێراقه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانه‌ له‌سه‌ر سوریایه‌ له‌سه‌ر لیبیایه‌ له‌سه‌ر یه‌مه‌نه‌ له‌سه‌ر میسره‌ له‌سه‌ر ئه‌وروپایه‌ له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی دنیا خۆ کۆتایی نه‌هاتووه‌ گروپی تیرۆریستی داعش."

" وردە وردە داعش خۆی ڕێکده‌خاته‌وه‌ "

دەربارەی هۆکاری خۆ ڕێکخستنەوەی داعش وەک لەوەڵامەکانیدا ئاماژەی پێکرد؟ ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وتی" بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ورده‌ ورده‌ داعش خۆی ڕێکده‌خاته‌وه‌ ڕێگاکانی هاتوچۆوکردنه‌کانی به‌تایبه‌تی له‌نێوان عێراق و سوریا ده‌روازه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ده‌توانێت جوڵه‌ بکات شانه‌ نوستووه‌کانی زیندووکردۆته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت فشارێکی زیاتر بکات له‌به‌رئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت که‌ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هه‌رماوه‌ و ده‌توانێت زیان بدات له‌به‌رئه‌وه‌ جارجار کاره‌ تیرۆریستیه‌کانی زیاد ده‌کات. "

ئاماژەت بەوەکرد داعش وردە وردە خۆی ڕێکدەخاتەوە ئایا دەگاتەوە ئەوەی وەک ساڵی 2014 یان لێبێت؟ لەوەڵامدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی"نه‌خێر ناگاته‌ ئه‌وه‌، ناتوانن بگه‌نه‌ حاڵه‌تی دروستبوونی ئیماره‌تێک وه‌کو جاران به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جدیین له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌موو ناوچه‌کان."

" وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌وڵده‌دات زیاتر سه‌نگه‌ره‌کان و ئه‌و هێڵه‌ به‌رگرییه‌ی توندتر و باشتر بکات "

فه‌ریق ڕوکن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سەبارەت بەهاوکاری کردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی داعش وتی" له‌سه‌ر ئاستی کوردستان ئێمه‌ هێڵی به‌رگریمان هه‌یه‌ له‌خانه‌قینه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات هه‌تا ده‌گاته‌ ناوچه‌کانی جه‌حێرا و فیشخابور له‌سه‌ر سنوری سوریا که‌ نزیکه‌ی هه‌زار کیلۆمه‌تره‌ هه‌مان ئه‌و میحورانه‌ی که‌ هه‌مانه‌ له‌و ناوچانه‌ هه‌مان هێڵی به‌رگریمان هه‌یه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌وڵده‌دات زیاتر سه‌نگه‌ره‌کان و ئه‌و هێڵه‌ به‌رگرییه‌ی توندتر و باشتر بکات، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌واممان هه‌یه‌ که‌ پشتیوانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ بکه‌ن له‌ڕووی مه‌شق و له‌ڕووی ئاسمانی و له‌ڕووی هه‌واڵگری و له‌ڕووی ڕاوێژکاری، له‌ئاستی عێراقیشدا هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ی که‌ له‌بواری هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی و ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ی که‌ ناکۆکی هه‌یه‌ وه‌کو دروستکردنی هێزی تایبه‌ت و هێڵی به‌رگری تایبه‌ت ئه‌وانه‌ هه‌وڵه‌کانی هه‌رێمی کوردستانن."

"مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ فەرمییه‌کانی عێراق ده‌که‌ین و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ چه‌کداره‌کانی عێراق ده‌که‌ین."

دوای ڕاگەیاندنەکانی بەرپرسانی هەرێم و خودی ئێوە وەک وەزارەتی پێشمەرگە گللەیی ئەوەتان لەلایەنی حکومەتی عێراقی دەکرد کە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هێزێکی هاوبەش پێکناهێنێت بەڵام تائێستاش وەک خۆتان پێشتر باستان کردووە هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە نیە ئایا ئەمە نەبۆتە گرفتێک کە عێراق دڵنیا نەبێت لەگەڵ کام هێزەدا هێزی هاوبەش پێکبهێنێت؟

لەوەڵامدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی" هه‌ماهه‌نگیه‌که‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراقه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپایه‌، ئێمه‌ وه‌کو لایه‌نی فەرمی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ فەرمییه‌کانی عێراق ده‌که‌ین و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ چه‌کداره‌کانی عێراق ده‌که‌ین."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ فەریق ڕوکن جەبار یاوەر May.4.021