ڕزگار حاجی حەمە: هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و گۆڕان ته‌نها بۆ ئێستا و بۆ هه‌ڵبژاردن نییه‌ به‌ڵكو بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌

ڕزگار حەمە، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لەبەشداری لایەنە کوردەکان دەکات لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەپارێزگای کەرکوک هەروەها باسیش لە هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و گۆڕان دەکات."

"بەشداری کورد لەهەڵبژاردنەکان لەپارێزگای کەرکوک "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا ڕزگار حاجی حەمە وتی" سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ناوزه‌د كراوه‌ له‌ 10-10 ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی كردووه‌ بۆ پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتی به‌ناوی (هاوپه‌یمانی كوردستان) له‌سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ به‌یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك به‌شداریمان كردووه‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی و دڵسۆزیان بۆ پێكهاته‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ له‌وێ كۆده‌نگیه‌كیان پێكهێناوه‌ بۆ ئەوەی پشتیوانی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بكه‌ن ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌بێت ئه‌و به‌لیستی جیا دابه‌زیوه‌ و كاندیده‌كانی دیاریكردووه‌."

" كه‌ پارتی به‌ته‌نها به‌شداریكردووه‌ لەپارێزگای کەرکوک دیاره‌ ئه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ده‌نگه‌كانی کورد لەو شارە "

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لەوەکرد بەشداری نەکردنی لایەنە کوردستانییەکان بەیەک لیست لەکەرکوک زیان لەدەنگەکانی کورد دەدات لەو شارە، لەو ڕووەوە دەڵێت" یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا به‌هاوپه‌یمانی كوردستان له‌كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه‌كان به‌شداریانكردووه‌ ده‌توانم بڵێم به‌شێكیش له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان پشتیوانن بۆ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كورد له‌كه‌ركوك په‌رش و بڵاو نه‌بێته‌وه‌ به‌ڵام كه‌ پارتی به‌ته‌نها به‌شداریكردووه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ده‌نگه‌كان چونكه‌ له‌كه‌ركوك چوار پێكهاته‌ی لێیه‌، سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له‌ كورد و توركمان و عه‌ره‌ب، پێكهاته‌ی مه‌سیحی كۆتایه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ڵام له‌ كه‌ركوك هه‌ر په‌رش و بڵاوییه‌ك و ئه‌گه‌ر یه‌كڕیزی نه‌بێت دیاره‌ كورسیه‌كانی كورد به‌لایه‌كی تر ده‌ڕوات كه‌ ئه‌وه‌ زیانی هه‌یه‌، ده‌كرا و باشتریش وابوو هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌هه‌موو ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ بوونایه‌ و هه‌ماهه‌نگیان بكرایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پارتی نه‌یكرد."

"پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هیچ كام كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌م كۆبونه‌وانه‌ به‌شداری نه‌كردووه‌ و ئاماده‌یشی ده‌رنه‌بڕیووه‌ كه‌ به‌لیستێك دابه‌زێت "

ئایا ئێوە وەک یەکێتی هەوڵتان نەداوە لە کەرکوک بانگهێشتی پارتیش بکەن بۆ ئەو هاوپەیمانێتیە وەک خۆت دەڵێی لەزیانی کوردە یەک لیست نەبوون لەو شارە؟

لەوەڵامدا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ڕزگار حاجی حەمە) وتی" له‌ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردوو زیاتر له‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ باره‌گای حیزبه‌ كوردستانیه‌كانی كه‌ركوك كراوه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌باره‌گاكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، یه‌كگرتووی ئیسلامی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش له‌وێ هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ركوكییه‌كان جگه‌ له‌جیاوازی ئایدۆلۆژیا و بیر هه‌موویان پێیان وابووه‌ له‌ كه‌ركوك به‌لیستێكی هاوبه‌ش به‌شداری بكه‌ن به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هیچ كام كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌م كۆبونه‌وانه‌ به‌شداری نه‌كردووه‌ و ئاماده‌یشی ده‌رنه‌بڕیووه‌ كه‌ به‌لیستێك دابه‌زێت."

"کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش پشتیوانن "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە کەرکوک پشتیوانی ئەوە دەکەن وەک خۆت وتت زۆربەی لایەنەکان ئەگەرچی نەهاتونەتە هاوپەیمانێتیەکە بەڵام پشتیوانی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕانن؟

لەوەڵامدا ڕزگار حاجی حەمە وتی" هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ پاڵپشتی و پشتیوانن له‌به‌ر به‌رژوه‌ندی باڵای میلله‌ته‌كه‌مان به‌سوپاسه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی كورد په‌رش و بڵاو نه‌بێت ئه‌وان پشتیوانی خۆیان ده‌ربڕیووه‌."

ئەی کەپشتیوانتانن بۆچی نەهاتنە ناو هاوپەیمانێتیەکەتان؟ لەوەڵامدا ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت" ئه‌م سیسته‌مه‌ تازه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتی بكرێت یاخود لێكتێگه‌یشتن بكرێت هه‌ردووكیان لێك نزیكن چونكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق له‌ڕابردوو 18 بازنه‌ بووه‌ ئێستا بۆته‌ 83 بازنه‌ ڕه‌نگه‌ له‌خه‌مخۆری و دڵسۆزیان له‌ناوچه‌ كوردستانیه‌كان هاتوون پاڵپشتی بكه‌ن یاخود یه‌كده‌نگی ئه‌وان له‌وێ هه‌موومان یه‌كڕیزی و ته‌باین ئه‌وه‌ زۆر گرنگ بووه‌ واته‌ زیاتر مه‌سه‌له‌كه‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كان بووه‌ ئه‌گه‌رنا له‌ناوچه‌كانی تر كوردستانكان دیدی خۆیان هه‌یه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن كاندیده‌كانی خۆیان سه‌ركه‌وێت."

"واده‌ی پێشكه‌شكردنی كاندید و هاوپه‌یمانی ته‌واوبووه‌ كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ئه‌وان ئێستا به‌كانیدی خۆیان له‌ لیستی خۆیان دابه‌زیون، له‌دوای هه‌ڵبژاردنیش هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی ئاماده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ ده‌رگای هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ كراوه‌یه‌ و به‌كراوه‌یش ده‌یهێڵینه‌وه‌." ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وایوت"

" ده‌رگای هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ كراوه‌یه‌ و به‌كراوه‌یش ده‌یهێڵینه‌وه‌ "

ڕزگار حاجی حەمە ئەوەشی وت" سه‌باره‌ت به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ڕابردوودا هاوپه‌یمانێتی كراوه‌ به‌یه‌ك لیست دابه‌زیوین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ وه‌كو باسمكرد له‌ كه‌ركوك زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ كراوه‌ به‌ڵام ئه‌وان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانیان نه‌كردووه‌، ئێمه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ پێویست بووه‌ هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، له‌هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌ له‌ڕابردووش هه‌ر هێزێكی سیاسی ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیبێت یاخود هاتبێت بۆئه‌وه‌ی بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ بێت ئێمه‌ ده‌رگامان دانه‌خراوه‌ به‌ڵام ئه‌وان خۆیان دیاره‌ پێیان باش بووه‌ به‌لیستی خۆیان دابه‌زن ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌خودی سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌."

"هاوپەیمانێتی گۆڕان و یەکێتی بۆ تەباییە بڕواناکەم هیچ هێزێکی سیاسی پێی سەغڵەت بێت"

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتیکردەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و هیچ لایەنێکی سیاسی نیگەران بوبێت لە هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان، لەو ڕوەوە ڕزگار حاجی حەمە وتی" ئێمه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی بۆ یه‌كڕیزی و ته‌باییه‌ بڕواناكه‌م هیچ هێزێكی سیاسی كوردستان به‌پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌وه‌ سه‌غڵه‌ت ببێت به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ هاوپه‌یمانێتیمان كردووه‌، ئێمه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هاوپه‌یمانیمان بۆ یه‌كڕیزی و ته‌بایی و برایه‌تی كردووه‌ بۆ چه‌سپاندنی به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان كردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد كردووه‌ له‌ ڕابردوو له‌ به‌غداد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ی ئێمه‌ په‌رش و بڵاو بووبین و كۆده‌نگیمان نه‌بووبێت زۆربه‌ی زۆری ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕیووه‌ له‌ خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌بووه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ كه‌ یه‌كڕیز و ته‌با بین پارتی نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ش زیاتر هه‌وڵه‌كانمان یه‌كخستووه‌ بۆ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان."

" ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی و هاوسه‌رۆك بۆئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ولایه‌ن و كه‌سایه‌تی و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ی كه‌ یه‌كێتی پێی باشە "

دەربارەی ئەوەی بۆچی بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی بێ ئاگایی خۆیان لەکاندیدەکان و هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی دەربڕی؟

لەوەڵامدا ڕزگار حاجی حەمە وتی" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوپه‌یمانی كوردستانمان ڕاگه‌یاندووه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سێ پارێزگاكه‌ی كوردستان نییه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراقه‌، ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و شاره‌كانی تریش واته‌ ئێستا ئێمه‌ له‌هه‌موو عێراق و له‌هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم به‌لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌شداری ده‌كه‌ین و پێموایه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی هه‌موولایه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك كێشه‌ی هونه‌ری و دیاریكردنی هه‌ندێك بابه‌تی هونه‌ری و ئه‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا ڕێككه‌وتنێك كرابێت به‌تایبه‌تی له‌دوای كۆنگره‌ی تازه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هیچ هه‌نگاوێك نانرێت به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی و هاوسه‌رۆك بۆئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ولایه‌ن و كه‌سایه‌تی و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ی كه‌ یه‌كێتی پێی باشه‌."

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەشڵێت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سەد و بیست و چوار ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیمان هه‌یه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌سه‌ڵاتیانداوه‌ به‌ مه‌كته‌بی سیاسی و هاوسه‌رۆكان كه‌ هاوپه‌یمانی به‌پێی پێویست له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بكرێت گرنگه‌ بۆ یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان."

"هه‌ر كاندیدێك ئه‌گه‌ر ناوی كه‌سه‌كه‌ گۆڕان بێت یان یه‌كێتی بێت ئه‌وانه‌ كاندیدی هاوپه‌یمانی كوردستانین و سه‌ركه‌وتن بۆ هاوپه‌یمانیه‌كه‌یه‌ "

هەندێک لە لایەنگران و کەسانی یەکێتی و گۆڕان پێیان وایە ژمارەی ئەو کورسییانەی دراوە بە بزوتنەوەی گۆڕان لە قەبارەی دەنگدەرانی زیاترە وەک ئەوان دەڵێن؟

بەڵام ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت" سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا ئێمه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتیداین ژماره‌ی كورسیه‌كانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ چه‌ند كورسی بێت ئه‌وا بۆ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ حسابه‌ نه‌ك بۆ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و نه‌ك بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئێمه‌ لیستی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین پێش هه‌ڵبژاردن كورسی بده‌ین به‌هیچ لایه‌نێكی سیاسی به‌ڵام ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌هاوپه‌یمانیه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسیمان تۆماركردووه‌ و لیستی كاندیده‌كانمان یه‌كخستووه‌ له‌ سلێمانی له‌هه‌ولێر له‌ دهۆك له‌ كه‌ركوك له‌هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه‌ واته‌ ده‌نگی هه‌موو هه‌ڤاڵان و براكانمان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ین به‌ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش و ژوری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شمان ده‌بێت، پلان و بانگه‌شه‌ی هاوبه‌شمان ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی بۆ هاوپه‌یمانی كوردستان، هه‌ر كاندیدێك ئه‌گه‌ر ناوی كه‌سه‌كه‌ گۆڕان بێت یان یه‌كێتی بێت ئه‌وانه‌ كاندیدی هاوپه‌یمانی كوردستانین و سه‌ركه‌وتن بۆ هاوپه‌یمانیه‌كه‌یه‌."

"ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ته‌ ته‌نها بۆ ئێستا نییه‌ ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردن نییه‌ به‌ڵكو بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌ "

ڕزگار حاجی حەمە دەشڵێت"ئێمه‌ هاوپه‌یمانیه‌كه‌مان بۆ یه‌كڕیزی و ته‌بایی ڕیزه‌كانی هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانه‌، ئێمه‌ له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی و خه‌مخۆری خه‌ڵك و ته‌بایی و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی كه‌شوهه‌وایه‌كی ئارام بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی كۆده‌نگی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی داخوازی و خواسته‌كانی خه‌ڵك و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان له‌ به‌غداد و له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ته‌ ته‌نها بۆ ئێستا نییه‌ ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردن نییه‌ به‌ڵكو بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌ بۆدوای هه‌موو پرۆسه‌ سیاسیه‌كانی عێراقه‌، له‌ به‌غداد هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌یه‌كده‌نگ كارده‌كه‌ین بۆ خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان."

"ئایا یەکێتی و گۆڕان دەبنەوە یەک حیزب لەداهاتوودا؟ "

ئایا ئەم هاوپەیمانێتیە ناگاتە ئاستی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان لەداهاتودا ؟ڕزگار حاجی حەمە دووپاتیکردەوە" ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی نێوان یەکێتی و گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم له‌ عێراق."

هەروەها وتیشی" من پێموایه‌ جارێ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ خۆی له‌خۆیدا تا هه‌ڵبژاردنه‌كان و دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، ئێمه‌ دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز و دوو حیزبی جیاین به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بیرو به‌رنامه‌ و هه‌تا قاعیده‌شمان زۆر له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌وڵبده‌ین زیاتر ئاڵوگۆڕی بیروڕا و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و دروستكردنی متمانه‌یه‌كی ته‌واو به‌ڵام ئێمه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌تا ستراتیژی هه‌ردوولامان به‌رده‌وامبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌یە كه‌ ئێستا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان تامه‌زرۆی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و خۆشگوزه‌رانی و كه‌شوهه‌وای ئارامن بۆیه‌ هه‌تا هه‌موو هێزه‌سیاسیه‌كانی كوردستان ته‌بابین یه‌كڕیزبن له‌هه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك یان لێكتێگه‌یشتنێك به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین دڵنیایی هاوڵاتیان و هه‌ڤاڵان و هه‌وادارانی هه‌ردوولا ده‌كه‌ین كه‌ ده‌توانیین ده‌ستكه‌وتی باشتر له‌به‌غداد به‌ده‌ست بهێنیین بۆ میلله‌ته‌كه‌مان، وه‌ ده‌رگاشمان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی تر ئاماده‌بێت له‌گه‌ڵمان بۆ یه‌كڕیزی و ته‌بایی و بۆ خزمه‌تكردنی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌رگای هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ كراوه‌یه‌ كه‌ خزمه‌ت بكه‌ن."

*بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا بەردەوام دەبێت بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەکانی دیکە لەسەر ئەم پرسە.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ ڕزگار حاجی حەمە May 5.021