شاخەوان عەبدوڵا کادیری باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق وە کاندیدی هەمان حیزب بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت."وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان چەندجار داوامانکرد هەتا ئەو ڕۆژەی کە لیست پێشکەشکراوە داوامانکردووە کە هاوپەیمانێتیەک پێکبهێنرێت بەڵام دیارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەحوکمی ئەوەی ئیلتزامی یاخود جۆرە بەڵێنێکی لەهەندێک لایەنی تر وەکو گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوان لەهەرێمی کوردستاندا بوو بێ وەڵام ماینەوە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەرنا حەزماندەکرد لەڕووی مەعنەویشەوە بێت لیستێک لەو ناوچانە دروست ببێت بەڵام یەکێتی وەڵامی نەداینەوە دواتر بینیمان و ڕاگەیەنرا کە ئەوان هاوپەیمانێتیان کردووە، وە ڕەنگە ئەوە هۆکار بووبێت بۆئەوەی کە نەتوانن لەگەڵ ئێمەدا هاوپەیمانێتی بکەن،هیچ کێشەیەکمان نییە."
"هەڵبژاردنی ئەمجارە "
لەسەرەتای وتووێژەکەدا شاخەوان عەبدوڵا وتی" ئەگەر سەیربکرێت بەشێوەیەکی گشتی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخێکی نەخوازراو لەو شارەدا ڕوویداوە، حاڵەتێکی سەربازی بەسەربازیکردنی ئەو شارە هەیە، وە هیچ دامەزراوەیەکی شەرعی لەوێ نەماوە، پارێزگار هەڵنەبژێردراوە لەلایەن خەڵکەوە، قائیمقام هەڵنەبژێردراوە لەلایەن خەڵکەوە بەڵکو وەکو کاربەڕێکەر لەوێن، وە سەروو ئەوانەش دامەزراندنی (قیادەی عەمەلیات)فەرماندەکەشی نە خەڵکی کەرکوکە و نە لەپێکهاتەکانی کەرکوکیشە ئەمە وایکردووە کە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ئەو شارە تێکبچێت و ڕۆژانە تەقینەوەکان زیادیکردووە بەغیابی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی کە هەیە ئێستا مەبدەئیەن کۆمسیۆن بڕیاری داوە کە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت پەرلەمانیش یاساکەی دەرکردووە بۆئەوەی کە لێرەوە بۆ مانگی 10 کاتی هەڵبژاردنەکەیە و هەڵبژاردنێکی دروست بکرێت کۆمەڵێک ڕێکار هەن کە پێویستن ئەنجام بدرێن، یاسای ئەمجارەی هەڵبژاردن تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە پشت دەبەستێت لەسەر تاک وەک لە لیست و لەسەر هاوپەیمانی چونکە ئەگەر هەموو هێزە کوردییەکان ڕێکبکەون و بەیەک لیست دابەزن ڕێککەوتن لەسەر کاندیدەکان نەکرێت هیچ بەهایەکی نییە چونکە دواجار ئەگەر لیستە کوردستانییەکان دووسەد هەزار دەنگ بهێنن و کاندیدەکانیان نەگاتە ڕێژە خەڵکی تر دەهەزار و پانزە هەزار بهێنن ئەوان کورسیەکان دەبەن بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە زیاتر پشت دەبەستێت لەسەر تاک نەک لەسەر هاوپەیمانێتی."
" بۆچی کورد بەیەک لیست بەشداری نەکرد لەکەرکوک؟ وەکو پارتی چەندجار داوامانکرد بەڵام بێ وەڵام ماینەوە "
شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی وت" دەکرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا کەمە یەک لیستیەک هەبووایە و کاندیدەکان دەست نیشان بکرایە و دەنگ تەنها بەوانە بدرایە بۆنموونە لە بازنەی دوو لەکەرکوک لەبازنەی دوزخورماتوو لەو ناوچانەی کە کورد کەمە دەکرا کورد کاندیدەکانی کەم بکاتەوە و هەمووی پشتیوانی یەک کاندید بکەن ئەوە بۆ نەکرا؟ هەڵبەت وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان چەندجار داوامانکرد هەتا ئەو ڕۆژەی کە لیست پێشکەشکراوە داوامانکردووە کە هاوپەیمانێتیەک پێکبهێنرێت بەڵام دیارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەحوکمی ئەوەی ئیلتزامی یاخود جۆرە بەڵێنێکی لەهەندێک لایەنی تر وەکو گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوان لەهەرێمی کوردستاندا بوو بێ وەڵام ماینەوە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەرنا حەزماندەکرد لەڕووی مەعنەویشەوە بێت لیستێک لەو ناوچانە دروست ببێت بەڵام دیارە ئەوان وەڵامیان نەدایەوە دواجار بینیمان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەوان ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەندێک لایەنی تر کردووە وەکو گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لەهەندێک ناوچە و تەنانەت لەگەڵ یەکگرتووش."
"ڕەنگە ئەوە هۆکاربوبێت کە یەکێتی نەیوستبێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئێمەدا بکات"
واتە یەکێتی بەڵێینی داوە بە گۆڕان و لایەنەکانی تر کەلەبەرامبەر هاوپەیمانێتی لەگەڵی ئەوان هاوپەیمانی لەگەڵ ئێوە نەکەن ؟ لەوەڵامدا شاخەوان عەبدوڵا وتی" نازانم ئەو بەڵێنە دراوە یان نا بەڵام ئەوەی کە بینیمان و ڕاگەیەنرا کە ئەوان هاوپەیمانێتیان کردووە، وە ڕەنگە ئەوە هۆکار بووبێت بۆئەوەی کە نەتوانن لەگەڵ ئێمەدا هاوپەیمانێتی بکەن،
هیچ کێشەیەکمان نییە بەڵام ئەوەی کە هەیە بابەتی نفوزی گۆڕان و یەکێتییە لەناوچەیەکی دیاریکراو و سنوردار بۆنموونە گۆڕان و یەکێتی ناوچەی نفوزیان زیاتر سلێمانی و گەرمیان و ئەو ناوچانەیە پێیان وابووە لەو ناوچانە هەڵبژاردنێک بکرێت کە ڕێککەوتن لەسەری بۆئەوەی توشی گرفت نەبن پێیان باش بووە بابەتەکە لەڕووی قاعیدەی جەماوەرییەوە بووە نەک لەسەرئەوەی تێبینیان لەسەر پارتی هەیە بۆنموونە گۆڕان هیچ کات کورسی لەسنوری دهۆک نەهێناوە یان لەهەولێر، وە یەکێتیش کورسیەکانی دیاریکراو بووە لە هەولێر بۆیە زیاتر ڕێککەوتنەکە وەکو ناوچەی چالاکی ئەوان هەردوو حیزب یەکێتی و گۆڕان لەوناوچەیە کراوە، کۆمەڵیش بەحوکمی ئەوەی لەناوچەی هەڵەبجە و ئەوانە جۆرە پێگەیەکیان هەیە لەو سۆنگانەوە ئەمجۆرە ڕێککەوتنانە کراوە بۆئەوەی کە کورسیەکان دابەش بکرێت لەنێوان ئەو لایەنانەدا."
"کێشەی ئێمە دۆخی ئێستای کەرکوکە "
"بەدڵنیاییەوە پارتی داواشیکردووە بەفەرمی کە ئێمە هاوپەیمانێتیەک دروست بکەین لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لەکەرکوک بەڵام کە ئیتر نەبووە لایەنی بەرامبەر بەرپرسە کە وەڵامیان نەبووە بەڵام وەکو باسمکرد بابەتەکە زیاتر لەم هەڵبژاردنە پشت بەوە دەبەستێت چۆن دۆخی ئەو ناوچانە پێش هەڵبژاردن ئاسایی بکرێتەوە، ناکرێت بەهۆی هەزاران ملیشیا و چەکداری غەریب لەو شارە و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت بچینەوە هەڵبژاردنێکەوە و پێشبینی هەڵبژاردنێکی سەلیم بکرێت، کێشەی ئێمە دۆخی ئێستای کەرکوکە."شاخەوان عەبدوڵا کادیری باڵای پارتی و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو حیزبە لە کەرکوک وایوت"
"دۆخی کەرکوک و هەڵبژاردنی پێش وەختە "
شاخەوان عەبدوڵا دەشڵێت" من هەر لەخۆمەوە دەستپێبکەم من کاندیدی پارتێکم کە پێگەیەکی سیاسی هەیە، وە لەدواین هەڵبژاردن ئێمە بەشداریمان تێداکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگەکانی هێندە هەموو دەنگەکانی تورکمانی کەرکوک بووە کە 70 هەزار دەنگ بووە، کورسیەکانیشی هێندەی کورسیەکانی تورکمان بووە لەو شارە ئێستا من کاندیدی ئەو حیزبەم بارەگاکانی ئێمە لەلایەن ملیشیاکان و لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە داگیرکراوە، لەکاتێکدا ئێمە پارتێکی مۆڵەت پێدراوین، وەزیرمان هەیە لە کابینەی حکومەتی عێراق بۆیە زۆر لەهێزە ملیشیاییەکان مەترسی گەڕانەوەی پارتی لەوە دەکەن کە پێیان وایە بەگەڕانەوەی پارتی دۆخی کورد لەو ناوچانە دەگۆڕێت و لەبەرژوەندی باڵانسی کوردایە بۆیە هەتائێستا بارەگاکانیان چۆڵ نەکردووە ئەمە یەکێکە لەبابەتی دانوستانەکان کە دەبێت لێرەوە هەتا هەڵبژاردن بارەگاکان چۆڵ بکرێت ئەو هێزانەی کە ڕێککەوتنمان کردووە نەک ئێمە تەنانەت لەگەڵ تورکمان و عەرەبیشدا هەموولامان ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی هیچ هێزێکی غەریب لەناو شاری کەرکوک نەمێنێت مەلەفی ئەمنی ڕادەستی کەرکوکیەکان بکرێت، ئەگەر هاتوو ئەوانە کرا و ئەو هێزانە دوورخرانەوە، وە بارەگاکان گەڕانەوە پارتەکان و کاندیدەکانیان سەربەستانەو ئازادانە بانگەشەیان بۆخۆیانکرد ئەو کاتە دەکرێت بوترێت ئەمە هەڵبژاردنێکی باش و سەلیمە ئەگەرنا بەم دۆخەی ئێستا پێشبینی دەکەین ئەو ملیشیایانەی لەوێن لەبەرژوەندی هێز و لایەنی دیاریکراو بەکاردەهێنرێن ئەنجامی هەڵبژادنەکە ئەو ئەنجامە نابێت کە خەڵک دەنگی بۆ دەدات."
شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی وت" بەدڵنیاییەوە بەشداری نەکردنی کورد و دوورکەوتنەوە لەو پرۆسەیە و کەمکردنەوەی کورسیەکانی کورد لەڕووی یاساییەوە کاریگەری دەبێت ئەو دۆخەی هەیە بەردەوام دەبێت ئومێدی چاکبوونەوەی بۆ دەکرێت، چەند کورد بەهێزبێت ئەوەندە کارتەکانی بەهێزترن بۆ بابەتی ئاساییکردنەوەی ئەو شارە بۆ ئەو داوایانەی کە هەیبووە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو شارە ئەوکاتە داواکانی بەهێزتر دەبێت لایەنی نێودەوڵەتی حسابی پێگەی کورد دەکات لەو شارە ئەمانە هەموو کۆمەڵێک پێوەرن فەرز دەکات لەسەر هەموو تاکێکی کورد دەنگ بدات و هەوڵبدەن کورسیەکانی کورد کە هەبووە پێشتر زیاتر بکرێت و کەمتر نەکرێت، وە پارێزگاری لێ بکرێت، بەهیوای ئەوەین وە ئەوەی دەمێنێتەوە وەکو باسمکرد ڕێگریەکان نەهێڵدرێت لێرەوە تا هەڵبژاردن کوردیش بەگشتی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات پێشبینی دەکەم بتوانێت کورسیەکانی خۆی بپارێزێت کە نیوە کۆ یەکە."
جێی باسە دوێنێ ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەوتووێژێکی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو " لەماوەی سێ مانگی ڕابردوو زیاتر لە چەندین کۆبوونەوە لە بارەگای حیزبە کوردستانیەکانی کەرکوک کراوە لە مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی و لایەنە سیاسیەکانی تریش لەوێ هەموویان بەیەکەوە کەرکوکییەکان جگە لەجیاوازی ئایدۆلۆژیا و بیر هەموویان پێیان وابووە لە کەرکوک بەلیستێکی هاوبەش بەشداری بکەن بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەهیچ کام کۆبوونەوەیەک لەم کۆبونەوانە بەشداری نەکردووە و ئامادەیشی دەرنەبڕیووە کە بەلیستێک دابەزێت."
Your browser doesn’t support HTML5