سەرۆک وەزیری عێراق: بەڵێنەکەم بردەسەر و بکوژانی هیشام هاشمی‌مان دەستگیرگرد

سەرۆک وەزیری عێراق ڕایگەیاند بکوژانی هیشام ئەلهاشمی‌یان دەستگیرکردووە و بەمەش ئەو بەڵێنەی بردووەتە سەر کە بە عێراقیـیەکانی دابوو بۆ ڕاپـێچکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا.

مستەفا کازمی ئەمڕۆ هەینی لەسەر تویتەرەکەی بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی نووسیویەتی" گفتی خۆمان بردەسەر و بكوژانی هیشام هاشمی ـ مان دەستگیركرد، پێشتریش گروپەكانی مەرگ و بكوژانی ئەحمەد عەبدولسەمەدمان ڕووبەڕووی دادگا كردەوە و سەدان تاوانبارمان دەستگیركرد.

ڕەخنەگرتن مافی هەمووانە، بەڵام ئێمە بۆ ڕیكلام و موزایەدە كارناكەین، بەپێی توانا ماف دەچەسپێنین و خزمەت دەكەین."

هاوکات تەلەفیزیۆنی ئەلعێراقیـیەی دەوڵەت دانپـیادانانی کەسێکی بڵاوکردەوە بە ناوی ئەحمەد ئەلکنانی کە ئەفسەرێکی دوو ئەستێرەیە لە وەزارەتی ناوخۆ. ناوبراو لە دانپـیادانانەکەیدا باس لەوە دەکات چۆن لەگەڵ تاوانبارەکانی دیکە دکتۆر هیشام هاشمی، شارەزای بواری ئاسایشیـیان لە ناو بەغدای پایتەخت کوشتووە. بەڵام باسی لەوە نەکرد بە فەرمانی کێ و بۆچی کوشتوویانە.

جێی ئاماژەیە شەوی 6 ی مانگی حەوتی ساڵی 2020 لە ناوچەی زەیونەی بەغدا 3 چەکدار بە ماتۆرسکیلەوە تەقەیان لە هیشام هاشمی کرد لەو کاتەی لە ناو ئۆتۆمبیلەکەیدا بوو. کوشتنی ئەم کەسایەتیـیە ئەکادیمیایـیە ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە و ڕەخنەی زۆر گیرا لە دەزگا ئاسایشیـیەکان بەوەی کەم‌تەرخەم لە ئاست ئەو کوشتنکاریـیانەی لە وڵاتەکە دەکرێن.