شێخ جەعفەر:پێموانییه‌ ئەو چارەنوسەی ئه‌فغانستان له‌ عێراق و کوردستان ڕوو بدات، چونکە پێمان وانییه‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان عێراق بەجێبهێڵن

Shekh Jaafar Barznji

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی دەڵێت" من پێموانییه‌ ئه‌و چاره‌نوسه‌ی له‌ ئه‌فغانستان ڕوویداوه‌ و ڕووده‌دات له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان، جیاوازیه‌کی زۆر گه‌وره‌ لە نێوان ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان هەیە، چونکە پێمان وانییه‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان عێراق به‌جێبهێڵن، دەشڵێت" جاران ڕێگریه‌ک هه‌بوو بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، به‌ڵام ئێستا ده‌توانم بڵێم به‌شی زۆری ڕێگرییه‌کان له‌به‌رده‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نه‌ماوه‌، یه‌که‌ی 70 که‌ مه‌رکه‌زی بڕیاری سیاسی له‌لای به‌ڕێز (بافڵ تاڵه‌بانی)یه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان هه‌موو ئاماده‌ییه‌کی خۆی ده‌ربڕیووه‌، به‌ڵێنیشی داوه‌ که‌ هیچ ڕێگریه‌ک نه‌بێت هەروەها هاوکار و هه‌ماهه‌نگ بێت و به‌ ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیشی ده‌زانێت که‌ ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌مووی ملکه‌چی یاسا و نیزام له‌ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا بێت، شێخ جەعفەر ئەوەشی وت" دەکرێت لەماوەیەکی کورتدا کە لە ساڵێک زیاتر تێنەپەڕێت هێزەکانی پێشمەرگە بەتەواوی یەکبگرنەوە."

"هێزه‌کانی پشتیوانی یه‌ک و دوو، هه‌موو چه‌که‌ قورسه‌کانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌و دوو هێزه‌دا کۆبوونه‌ته‌وه‌ دوێنێ نوسراویان بۆکراوه‌ و چونه‌ته‌ ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا جێگری سەرۆکی هەرێم وتی" ڕێکخستنه‌وه‌ و یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ڕیفۆڕم له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئێستا له‌ قۆناغێکی باشدایه‌ و له‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوونه‌، ده‌توانم بڵێم ئومێدێکی زۆر هه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌قفێکی زه‌مه‌نی زۆر کورتدا هه‌موو هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ یه‌کبگرنه‌وه‌ و بچنه‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، هه‌موو ملکه‌چ ده‌بن بۆ یاسا و ڕێنماییه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌و ماوه‌ کورته‌ی پێشوودا دوو هێزی سه‌ره‌کیمان هه‌یه‌ که‌ پێیان ده‌وترێت هێزه‌کانی پشتیوانی یه‌ک و دوو، هه‌موو چه‌که‌ قورسه‌کانی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌و دوو هێزه‌دا کۆبوونه‌ته‌وه‌ که‌ زیاتر له‌ نزیکه‌ی 15 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌بن هه‌ردووکیان دوێنێ نوسراویان بۆکراوه‌ و چونه‌ته‌ ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، دوو لیوا هه‌ر له‌و ماوه‌ کورته‌دا چۆته‌سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌."

"جاران ڕێگریه‌ک هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌توانم بڵێم به‌شی زۆری ڕێگرییه‌کان له‌به‌رده‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نه‌ماوه‌ "

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئاشکرایکرد" ئێستا هه‌ریەکە له‌یه‌که‌ی 70 و 80 چه‌ند لیوایه‌ک ئاماده‌ کراوه‌و دوباره‌ ده‌چنه‌سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چونکه‌ ده‌بێت لیوا به‌ لیوا ڕێکبخرێت به‌پێی یاساو ڕێنماییه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بچێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، جاران ڕێگریه‌ک هه‌بوو بۆئه‌وه‌ به‌ڵام ئێستا ده‌توانم بڵێم به‌شی زۆری ڕێگرییه‌کان له‌به‌رده‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نه‌ماوه‌، ئومێدێکی زۆر هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانیین له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا سوپایه‌کی یه‌کگرتووی پێشمه‌رگه‌ی پڕ مه‌شق و پڕ چه‌کی وا که‌ بتوانێت پارێزگاری له‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ بکات و بتوانێت ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بێته‌وه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ یان له‌ناوه‌وه‌ له‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ بکرێت."

"هاوپه‌یمانان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن ده‌توانیین بڵێین به‌شێکی موسته‌لزه‌ماته‌کان دابین ده‌که‌ن....له‌ ساڵێک زیاتر تێپه‌ڕێت یان تێنه‌په‌ڕێت کە هێزەکانی پێشمەرگە بەتەواوی یەکبگرنەوە "

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژەی بە هۆکاری یەکنەگرتنەوەی تا ئێستای هێزەکانی پێشمەرگە کرد و وتی" ڕووداوه‌کان بووه‌ به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه‌، ئێمه‌ زۆر هه‌ڕه‌شه‌ که‌وتۆته‌ سه‌رمان بۆنموونه‌ له‌ساڵی 2014 وه‌ شه‌ڕی داعش هاتووه‌ و هه‌موو هێزه‌کان چونه‌ته‌ جه‌بهه‌وه‌ و هیچ کاتێک نه‌توانراوه‌ و نه‌پرژاوه‌ته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بڵێین ده‌توانیین هه‌وڵبده‌ین هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌کبخه‌ینه‌وه‌ چونکه‌ هه‌موو هێزه‌کان له‌ واجبدا بوون له‌هه‌ندێک کاتدا نه‌بوونی موسته‌لزه‌ماتی یه‌کخستنه‌وه‌ ده‌بێت به‌ ڕێگر به‌ڵام مادام ئێستا تیمه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن ده‌توانیین بڵێین به‌شێکی موسته‌لزه‌ماته‌کان دابین ده‌که‌ن، وه‌ به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌توانم بڵێم له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا ده‌کرێت ئه‌و ماوه‌ کورته‌ش له‌ ساڵێک زیاتر تێپه‌ڕێت یان تێنه‌په‌ڕێت کە هێزەکانی پێشمەرگە بەتەواوی یەکبگرنەوە."

"یه‌که‌ی 70 که‌ مه‌رکه‌زی بڕیاری سیاسی له‌لای به‌ڕێز (بافڵ تاڵه‌بانی)یه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان هه‌موو ئاماده‌ییه‌کی خۆی ده‌ربڕیووه‌ "

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی وت" یه‌که‌ی 70 که‌ مه‌رکه‌زی بڕیاری سیاسی له‌لای به‌ڕێز (بافڵ تاڵه‌بانی)یه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان هه‌موو ئاماده‌ییه‌کی خۆی ده‌ربڕیووه‌، به‌ڵێنیشی داوه‌ که‌ هیچ ڕێگریه‌ک نه‌بێت هەروەها هاوکار و هه‌ماهه‌نگ بێت و به‌ ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیشی ده‌زانێت که‌ ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌مووی ملکه‌چی یاسا و نیزام له‌ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا بێت، وە پێش ئه‌وه‌ جه‌نابی کاک مه‌سعود وه‌کو سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان فه‌رمانیداوه‌ که‌ یه‌که‌ی 80 به‌ته‌واوه‌تی بچێته‌سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ که‌ ئه‌مه‌ دوو ناوه‌ندی بڕیاری زۆر گرنگن و هێزی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دوو سه‌رکردایه‌تیه‌ سیاسیه‌دایه‌."

"ڕیفۆرم ته‌نها شمولی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ناکات"

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەشڵێت" ڕیفۆرم ته‌نها شمولی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ناکات ئه‌وه‌ قۆناغی یه‌که‌مه‌ شمولی پێشمه‌رگه‌ ده‌کات، ده‌بێت ڕیفۆرم له‌ هێزه‌کانی ناوخۆ بکرێت له‌ پۆلیس بکرێت، له‌ ئاسایش بکرێت ده‌بێت ڕیفۆرم له‌هه‌مووی بکرێت ئه‌وه‌ به‌ قۆناغ ده‌ڕوات له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ش که‌ بۆنموونه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگایه‌که‌ یان هی که‌سێکه‌ پێویستی کردووه‌ له‌ ڕابردوودا ئه‌وانه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ شمولی ڕیفۆرم ده‌که‌ن به‌ میکانیزمێکی گونجاوی بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌ ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ کاریان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت."

" هێزی ئاڵتونی به‌شێکه‌ له‌ یه‌که‌ی 70 ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵک ده‌ڵێت به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوون ناوی ئه‌وه‌ی لێده‌نێت به‌ناوی منه‌وه‌یه‌ "

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە، کە ئایا هێز و فەوجی حیزب و کەسایەتیە سیاسییەکان بە هێزی ئاڵتونی کە ناودەبرێت بە ناوی تۆوە، ئایا هەموویان دەچنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟

لە وەڵامدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی" مه‌سه‌له‌ی هێزی ئاڵتونی به‌شێکه‌ له‌ یه‌که‌ی 70 ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵک ده‌ڵێت به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوون، هێزی ئاڵتونی ئه‌وه‌ لیوایه‌کە پێیان ده‌ڵێن لیوای کۆماندۆ ئه‌وه‌ فه‌وجێکه‌ له‌ لیواکه‌ ملکه‌چه‌ بۆ فه‌رمانی یه‌که‌ی 70، به‌داخه‌وه‌ که‌ هه‌ندێک خه‌ڵک ناوی ئه‌وه‌ی لێده‌هێنێت به‌ناوی منه‌وه‌یه‌، ئه‌و هێزە (هێزی ئاڵتونی) هێزه‌کانی یه‌که‌ی 70 دایناون له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان، هێزێکی مه‌شق پێکراون له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان ئه‌مڕۆ شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا کارده‌که‌ن ئه‌وان پارێزگاری له‌وان ده‌که‌ن و به‌شێکن له‌ یه‌که‌ی 70 و له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌که‌ی 70 نیین."

" ئێمه‌ پێمان وانییه‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان عێراق به‌جێبهێڵن "

جەعفەر شێخ مستەفا بە دووری زانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هاوشێوەی ئەفغانستان لە عێراق و هەرێم بکشێنەوە، لەو ڕووەوە وتی"من پێموانییه‌ وەک ئەفغانستانی لێبێت، جیاوازیه‌کی زۆر گه‌وره‌ لە نێوان ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رێکه‌، چونکه‌ ئێمه‌ پێمان وانییه‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان عێراق به‌جێبهێڵن به‌ڵام له‌کاتێکدا ده‌وترێت ئه‌گه‌ر وه‌کو ئه‌و په‌نده‌ کوردییه‌ی خۆمان ده‌ڵێت " ئه‌گه‌رمان چاند و سه‌وز نه‌بوو" پێکهاته‌ی عێراق جیاوازی هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ بۆ نموونه‌ هه‌رێمی کوردستان سه‌رۆک کۆمارمان هه‌یه‌ له‌ عێراق، فراکسیۆن و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانمان هه‌یه‌، له‌ وه‌زاره‌ته‌کاندا به‌شدارین، پێکهاته‌کانی عێراق به‌ عه‌ره‌ب به‌شیعه‌ و به‌سونه‌ به‌کورد ئێمه‌ هه‌موو هاوبه‌شین له‌ حکومه‌تی ناوه‌ندیدا له‌به‌رئه‌وه‌ پێموانییه‌ که‌ ئێمه‌(هه‌رێمی کوردستان) ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕ ببینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا خه‌ڵک پێشبینی بکات ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان عێراق به‌جێبهێڵن ئه‌وا شه‌ڕ ڕووده‌دات له‌نێوان عێراق و هه‌رێمی کوردستان."

"ئێمه‌ هێزێکی پێشمه‌رگه‌ی تۆکمه‌مان هه‌یه‌ که‌ هه‌موو که‌س ده‌یبینێت "

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختی لە بۆچوونەکانی خۆی کردەوە و وتی"من پێموانییه‌ ئه‌و چاره‌نوسه‌ی له‌ ئه‌فغانستان ڕوویداوه‌ و ڕووده‌دات له‌ عێراقدا ڕووبدات چونکه‌ شتێکه‌ مه‌گه‌ر بڵێن "اسو‌و احتمال-خراپترین حاڵەت" حساب بکرێت بڵێین شتێکی وا ڕووبدات وه‌ک عێراق خۆی ئه‌مڕۆ هێزی چه‌کداری هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆدا، ئاسایشی هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی کوردستان هێزێکی پێشمه‌رگه‌ی تۆکمه‌مان هه‌یه‌ که‌ هه‌موو که‌س ده‌یبینێت چۆن توانرا ڕووبه‌ڕووی دڕنده‌ترین هێزی سه‌ر زه‌وی که‌ ئه‌ویش داعش بوو ببینه‌وه‌ و بیشکێنیین، وه‌ زه‌ویش ئازاد بکه‌ین ڕه‌نگه‌ له‌ زۆر شوێن له‌ میحوره‌کانی شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ داعشدا کە کردووە هیچ هێزێک هاوکاری نه‌کردووین و یارمه‌تی نه‌داوین، ئه‌وه‌ میحوه‌ری یه‌ک و دوو، سێ، به‌شێکیش له‌ میحوه‌ری چوار، یه‌ک سه‌ربازی هاوپه‌یمانان یان هێزی ئاسمانی هاوکار و یارمه‌تیده‌رمان نه‌بوون نه‌ له‌ شه‌ڕکردن نه‌ له‌ هه‌واڵگری، نه‌ له‌ ئاسمانی له‌و چوار میحوه‌ره‌وه‌ توانیویشمانه‌ خۆمان شه‌ڕیش بکه‌ین و به‌رگریش بکه‌ین و خه‌ڵکه‌که‌شمان بپارێزین و داعشیش تێک بشکێنیین."

"له‌ شه‌ڕیشدا مرۆڤ ناتوانێت گه‌ره‌نتی بدات "

لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە ئایا گەرەنتی دەدەن بە خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی نابنەوە لە داهاتوودا؟ لە وەڵامدا شێخ جەعفەر وتی "من ئومێدێکی زۆر زۆرم هه‌یه‌، ئاسۆیه‌کی ڕوونیش ده‌بینم که‌ بتوانیین ئێمه‌ له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا سوپایه‌کی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کگرتوو دروست بکه‌ین و بتوانیین ڕووبه‌ڕووی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک ببینه‌وه‌ له‌ شه‌ڕیشدا مرۆڤ ناتوانێت گه‌ره‌نتی بدات که‌ بوترێت 100% من ده‌توانم ئه‌وه‌ بکه‌م به‌ڵام من زۆر به‌ ئه‌گه‌رێکی لاوازی ده‌زانم که‌ ڕۆژێک ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕ ببینه‌وه‌. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا Aug 19-021