جەمال کۆچەر: تا ئێستا یاسای بودجە نە لەلایەن بەغداد نە لە لایەن هەرێمەوە جێبەجێ نەكراوە

جەمال کۆچەر

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق لەم وتووێژەدا باس لە دواین پێشهاتەکانی کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت" تا ئێستا یاسای بودجە نە لەلایەن بەغداد نە لە لایەن هەرێمەوە جێ بەجێ نەکراوە چونکه‌ نه‌ هه‌رێمی کوردستان هیچی له‌ داهات و نه‌وت به‌ به‌غداد داوه‌ و نه‌ به‌غدادیش هاتووه‌ حساباتی بودجه‌یان کردووه‌ و به‌شی هه‌موویان ناردبێت چ که‌م و چ زیاد، دەشڵێت" وه‌زیری دارایی له‌ لیژنه‌ی دارایی به‌ڕاشکاوی وتی ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بودجه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین ده‌بێت هه‌رێم 638 ملیار دینار به‌ ئێمه‌ بدات نه‌ک ئێمه‌ پارە بنێرین بۆ هەرێم."

"جێبه‌جێکردنی بابه‌تی بودجه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نییه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا جەمال کۆچەر دەربارەی دواین پێشهاتەکان لەسەر کێشەکانی نەوان هەرێم و بەغداد وتی" کێشه‌کان هه‌روه‌کو خۆین، دانیشتنێک بووه‌ له‌نێوان وه‌زیری نه‌وتی به‌غداد و وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌قسه‌ی وه‌زیری هه‌رێم دانیشتنه‌که‌ باش بووه‌ ئینشائه‌ڵا ببێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ڕێککه‌وتنێک ببێت به‌ڵام بابه‌تی 200 ملیار دیناره‌که‌ ئه‌وه‌ ڕێککه‌وتن نییه‌ به‌غداد پێی ده‌ڵێت ئه‌مه‌ سولفه‌یه‌که‌ به‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌ده‌ین هه‌تا بتوانێت مووچه‌کانی خۆی بدات واته‌ وه‌کو قه‌رزێکه‌ و دواتر حساب ده‌کرێت و له‌ هه‌ر بودجه‌یه‌کی هه‌رێمی کوردستان له‌داهاتوو لێی ده‌بڕن، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که‌ بابه‌تی بودجه‌ بێت ئێستا جێبه‌جێکردنی بابه‌تی بودجه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نییه‌ چونکه‌ نه‌ هه‌رێمی کوردستان هیچی له‌ داهات و نه‌وت به‌ به‌غداد داوه‌ و نه‌ به‌غدادیش هاتووه‌ حساباتی بودجه‌یان کردووه‌ و به‌شی هه‌موویان ناردبێت چ که‌م و چ زیاد."

" هه‌رێم چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌کات به‌غداد ئه‌م 200 ملیاره‌ به‌رده‌وام بێت هه‌تا کۆتایی ئه‌مساڵ، ئیتر (خواکه‌ریمه‌) بۆ بودجه‌ی 2022 "

جەمال کۆچەر جەختی کردەوە هیچ لە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد جێ بەجێ نەکراوە، لەو ڕووەوە وتی" هیچ له‌و ڕێککه‌وتنه‌ یه‌ک هه‌نگاویش نه‌چوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، یه‌ک شت هه‌یه‌ سه‌ردانی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌ ئه‌ویش ورده‌کاری ڕانه‌گه‌یاندووه‌ که‌ بۆ چی ڕۆشتبوو؟ باسی هه‌ندێک ڕێککه‌وتن کراوه‌ که‌ نه‌وتی سپی بۆ خه‌ڵکی هه‌رێم ده‌نێرن و پاڵپشتی به‌نزین ده‌کرێت به‌ڵام بابه‌تی ڕێککه‌وتن، خودی ڕێکه‌وتنه‌که‌ که‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ به‌رامبه‌ر به‌شی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ هیچ باس نه‌کراوه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ڕێککه‌وتن ناکرێت به‌ڵکو هه‌رێم چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌کات به‌غداد ئه‌م 200 ملیاره‌ به‌رده‌وام بێت هه‌تا کۆتایی ئه‌مساڵ و (خواکه‌ریمه‌) بۆ بودجه‌ی 2022"

"ئه‌وکاته‌ش واتێگه‌یشتبووین که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌نیاز نییه‌ یه‌ک دڵۆپه‌ نه‌وت ڕاده‌ست بکات "

ئایا ئێوە وەک نوێنەرانی کورد حکومەتی هەرێمتان لە کاتی خۆیدا ئاگادارکردەوە لە جێ بەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە؟ لە وەڵامدا جەمال کۆچەر دەڵێت"ئه‌و پرسه‌ هه‌ر له‌کاتی دانوستانه‌کانیشدا ئه‌و قسه‌یه‌مان کردووه‌ له‌شانده‌که‌ی هه‌رێم ئه‌وکاته‌ش واتێگه‌یشتبووین که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌نیاز نییه‌ یه‌ک دڵۆپه‌ نه‌وت ڕاده‌ست بکات ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌وکاته‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ له‌یاسای بودجه‌ مافی هه‌رێم بۆ فرۆشتنی نه‌وت ئه‌وه‌ لای هه‌رێم گرنگ بوو پێیان وابوو ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌ک به‌ده‌ستیانه‌وه‌ که‌ بۆ ئه‌و دادگایه‌ی له‌پاریس هه‌بوو له‌نێوان تورکیا و عێراق."

"هەر لەکاتی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد ئەوکات هه‌موو قه‌ناعه‌تمان وابووه‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی کورد ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان بچێته‌ ژێرباری نرخی سۆمۆ بۆ هه‌رێم زۆر خراپه‌ چونکه‌ هه‌موو پێشبینیه‌کان ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌وت گران ده‌بێت بێگومان بۆ هه‌رێم قورسه‌ به‌پێی نرخی سۆمۆ ئه‌گه‌ر له‌ بودجه‌ ئه‌گه‌ر به‌ 45 دۆلار خه‌مڵێنرا بێت مانای ئه‌وه‌یه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای 45 دۆلاره‌که‌ داده‌نرێت به‌ڵام که‌ هه‌رێمی کوردستان نه‌وتی خۆی بفرۆشێت به‌ 70 دۆلار یان به‌غداد به‌ 70 دۆلار بفرۆشێت ئیتر ده‌بێت هه‌رێمی کوردستان به‌های 70 دۆلار بدات، وه‌ ئه‌مه‌ش زۆر زۆره‌."جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق وایوت"

"وه‌زیری دارایی له‌ لیژنه‌ی دارایی به‌ڕاشکاوی وتی ئه‌گه‌ر ئێمه‌ یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین ده‌بێت هه‌رێم 638 ملیار دینار به‌ ئێمه‌ بدات نه‌ک ئێمه‌ پارە بنێرین بۆ هەرێم "

جەمال کۆچەر دەشڵێت" وه‌زیری دارایی له‌ لیژنه‌ی دارایی به‌ڕاشکاوی وتی ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بودجه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین ده‌بێت هه‌رێم 638 ملیار دینار به‌ ئێمه‌ بدات نه‌ک ئێمه‌ پارە بدەین بە هەرێم ئه‌مه‌ یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانی هه‌ره‌ مه‌ترسیدار بوو ئه‌و کاته‌ ئاگاداری شاندی هه‌رێمی کوردستانمان کرد که‌ ئه‌م بابەته‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت ئێوه‌ ئاگاداربن به‌ڵام ئه‌وان سوربوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێویستیمان به‌و ده‌قه‌یه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت به‌ "اقیام سومو" چونکه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌دات به‌یاسا که‌ نه‌وتی خۆی بفرۆشێت."

"کازمی لە بارەی 200 ملیارەکەوە بە حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی هەرێمی وت.... "

سەبارەت بە بەردەوامی ناردنی بڕی ( 200) ملیارەکە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم؟ جەمال کۆچەر وتی" له‌ ده‌سپێکدا کازمی به‌ حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رکرده‌کانی وتووه‌ که‌ وتی من یه‌که‌مجار ده‌ینێرم ئه‌گه‌ر به‌دواداچوون و قسه‌یه‌کی زۆر کرا له‌سه‌ری ئه‌وا من مانگی دووه‌م ناینێرم به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیچ موناقه‌شه‌ و قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌بوو ئه‌وکاته‌ من به‌رده‌وام ده‌بم هه‌تا بتوانم، ئه‌مه‌ مانگی سێیه‌مه‌ ده‌نێردێت چونکه‌ په‌رله‌مان په‌ککه‌وتووه‌ و به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چین و ئه‌وانیش پێویستیان به‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ بۆ هاوپه‌یمانی دروستکردن له‌پێش هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانی حکومه‌ت دوای هه‌ڵبژاردن له‌به‌رئه‌وه‌ جارێ هیچ قسه‌یه‌ک نییه‌."

" له‌و باوه‌ڕه‌م ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بکرێت له‌ 10-10 ئه‌وا ئه‌و بابه‌ته‌ (ناردنی دوو سەد ملیارەکە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم" بەردەوام دەبێت "

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت"من له‌و باوه‌ڕه‌م ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بکرێت له‌ 10-10 ئه‌وا ئه‌و بابه‌ته‌ (ناردنی دوو سەد ملیارەکە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم" بەردەوام دەبێت هه‌تا بودجه‌ی 2022 به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دواخرا ئه‌وکاته‌ له‌وانه‌یه‌ قسه‌ بکرێت و له‌وانه‌شه‌ قسه‌ نه‌کرێت چونکه‌ مانگی 4 ماوه‌یه‌کی نزیکه‌ بۆ ته‌واوکردنی بودجه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر بابه‌تی هاوپه‌یمانێتی پێشنیارکراوه‌ بڵێین شیعه‌ یان سونه‌ پێی خۆشه‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ کورد دروست بکات هه‌تا حکومه‌ت پێکبهێنێت ئه‌و کاته‌ش قسه‌یه‌کی وا نه‌بێت له‌وانه‌شه‌ ببێته‌ بابه‌تێکی موزایه‌ده‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌ندێک ئه‌ندام په‌رله‌مان چونکه‌ له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی نوێ که‌ پێی ده‌ڵێن "تشریح فردی" زۆر که‌سمان هه‌ن به‌ناوی سه‌ربه‌خۆ هاتوون ئیتر بۆ ئه‌وان شتێکی گرنگ نییه‌ که‌ بوترێت له‌گه‌ڵ فڵان که‌س حکومه‌ت پێکده‌هێنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌نگی موزایه‌ده‌ زۆر ببێت له‌ماوه‌ی هه‌ڵبژاردن."

"ئه‌گه‌ر له‌دوای 25 ی مانگ بەغداد 200 ملیارەکەی بۆ هه‌رێمی کوردستانی نه‌نارد ئه‌و کاته‌ ده‌توانیین بڵێن گرفتێک هه‌یه‌ یان نا "

دەربارەی ئەوەی ئایا بەغداد ئەم مانگە 200 ملیارەکەی بۆ هەرێم ناردووە؟ لە وەڵامدا جەمال کۆچەر ڕایگەیاند" هه‌تا ئێستا نه‌یناردووه‌ به‌ڵام ده‌ینێرێت هه‌تا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆشی دابه‌شنه‌کردووه‌، وه‌کو ده‌زانرێت له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ستپێکردنی دابه‌شکردنی موچه‌ له‌ 18 ی مانگ هه‌تا 25 ی مانگ شتێکی ئاسایی دابه‌شبکرێت ئه‌گه‌ر له‌دوای 25 ی مانگ بۆ هه‌رێمی کوردستانی نه‌نارد ئه‌و کاته‌ ده‌توانیین بڵێین گرفتێک هه‌یه‌ یان نا، هه‌تا 25 ی مانگ شتێکی زۆر ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر نه‌نێردرێت."

"من وای بۆده‌چم به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان به‌ به‌غدادیان وتبێت ئێمه‌ پێویستیمان به‌ 200 ملیاره‌ هه‌تا بتوانیین موچه‌ بده‌ین، ئێمه‌ش له‌وانه‌یه‌ له‌ قۆناغی داهاتوو له‌دوای هه‌ڵبژاردن یان له‌ هه‌ڵبژاردن پشتگیری ئێوه‌ ده‌که‌ین "

بە بڕوای جەمال کۆچەر باسی جێ بەجێ کردنی یاسای بودجە لە لایەن عێراق و هەرێمەوە نیە، لەو ڕوەوە دەڵێت "من له‌و قه‌ناعه‌ته‌م باسی بودجه‌ له‌ هیچ ئاستێک نییه‌ باس بکرێت که‌ بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن بڵێن ئێمه‌ ئه‌و بڕه‌ به‌ ئێوه‌ ده‌ده‌ین و هه‌تا ئێوه‌ بێن بودجه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن، من له‌و قه‌ناعه‌ته‌م به‌غدادیش باش ده‌زانێت هه‌رێمیش له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک به‌رپرس به‌ڕاشکاوی پێیان وتبێتن ئێمه‌ ناتوانیین پابه‌ند بین یان ئێمه‌ حه‌ز ناکه‌ین پابه‌ند بین ئیتر ئه‌وه‌ بابه‌تێکه‌ ده‌وڵه‌تی عێراقی هه‌موو ڕێککه‌وتنی ژێر به‌ ژێره‌ من نازانم به‌ڵام وای بۆده‌چم وا وترابێت، بۆیە من وای بۆده‌چم به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان به‌ به‌غدادیان وتبێت ئێمه‌ پێویستیمان به‌ 200 ملیاره‌ هه‌تا بتوانیین موچه‌ بده‌ین، ئێوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ ئێمه‌ بده‌ن و ئێمه‌ش له‌وانه‌یه‌ له‌ قۆناغی داهاتوو له‌دوای هه‌ڵبژاردن یان له‌ هه‌ڵبژاردن پشتگیری ئێوه‌ ده‌که‌ین."

"ئێستا ئه‌و 200 ملیاره‌ هیچ پێناسه‌یه‌کی نییه‌ له‌ بودجه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی "

جەمال کۆچەر دەشڵێت "ئێمه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقی یه‌ک شتمان هه‌یه‌ له‌ بابه‌تی پاره‌ خه‌رج کردن یه‌ک ده‌رگا هه‌یه‌ ئه‌ویش بابه‌تی یاسای بودجه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌وێ نه‌بێت هیچ ده‌رگایه‌کی تر نییه‌ مه‌گه‌ر بودجه‌ نه‌بێت ئه‌وکاته‌ یاسای قه‌رز یان بودجه‌ی کاتی پێشکه‌ش ده‌کرێت هه‌روه‌کو چۆن له‌ ساڵی 2020 ئه‌وه‌مانکرد له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا ئه‌و 200 ملیاره‌ هیچ پێناسه‌یه‌کی نییه‌ له‌ بودجه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی. "

"من له‌و باوه‌ڕه‌م هه‌موو خزمه‌تگوزاری له‌گه‌ڵ مووچه‌ باش ده‌بێت واته‌ له‌وانه‌یه‌ پێش باران نه‌وت به‌ خه‌ڵک بده‌ن "

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی عێراق بە هۆی هەڵبژاردنی پێش وەختە دۆخی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم و خزمەتگوزارییەکان باش دەبێت، لەو ڕوەوە جەمال کۆچەر وتی " من له‌و باوه‌ڕه‌م هه‌موو خزمه‌تگوزاری له‌گه‌ڵ مووچه‌ هه‌مووی باش ده‌بێت واته‌ له‌وانه‌یه‌ پێش باران نه‌وت به‌ خه‌ڵک بده‌ن، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ندێک شه‌قام چاککردنه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ن و موچه‌ باش ببێت، به‌ڵام خۆزگه‌ خه‌ڵک وریا ده‌بێت و شاره‌زا بێت و ژیر ببێت که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌ڵبژاردن نامه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرایه‌ به‌م حیزبانه‌ بده‌ن که‌ پێیان بڵێن ئێمه‌ ده‌نگمان به‌ دوو مانگ ناکڕدرێت به‌ڵکو ده‌بێت چوار ساڵ خزمه‌تمان بکه‌ن. "