ئامانج عەزیز: له‌ کۆتایی ئاماده‌کارییه‌کانین بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ببه‌ین به‌ڕێوه‌

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت" له‌ کۆتایی ئاماده‌کارییه‌کانین بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ببه‌ین به‌ڕێوه‌ که‌ بڕیاره‌ له‌ 10-10 ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت ئه‌مانه‌ش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ئاماده‌کاری ته‌واوداین بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، دەشڵێت"له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ڕێژه‌ی 83% ی کارته‌کانمان دابه‌شکردووه‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران، بەگشتیش لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق ئه‌گه‌ر ڕێژه‌یه‌کی مامناوه‌ند وه‌ربگرین ڕێژه‌ی 75% بۆ 80% کارته‌کان دابه‌شکراونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کی باشه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ ڕێژه‌یه‌کی باش له‌ ده‌نگده‌ران سه‌ردانی بنکه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ن له‌ڕۆژی ده‌نگداندا."

"له‌ کۆتایی ئاماده‌کارییه‌کانین "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربارەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ڕایگەیاند" دیاره‌ ئێمه‌ وه‌کو کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ئێستا له‌ کۆتایی ئاماده‌کارییه‌کانین بۆئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ببه‌ین به‌ڕێوه‌ که‌ بڕیاره‌ له‌ 10-10 ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت، ئاماده‌کارییه‌کانمان ئه‌م به‌شانه‌ له‌خۆده‌گرێت بابه‌ته‌ هونه‌رییه‌کان و بابه‌ته‌ کارگێڕییه‌کان یان سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌کان، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی سه‌رچاوه‌ی مرۆییه‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی که‌ ڕۆژی ده‌نگدان پرۆسه‌که‌ ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌ ناوه‌کانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئێستا له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌کی لاوه‌کیه‌وه‌ سه‌رقاڵین دابه‌شیان ده‌که‌ین به‌سه‌ر وێستگه‌و بنکه‌کانی ده‌نگداندا."

"ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ئاماده‌کاری ته‌واوداین بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت "

ئامانج عەزیز ئەوەشی وت" ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی هونه‌ری و لۆجستیه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئۆفیسی نیشتیمانی ئه‌و بابه‌تانه‌ی بابه‌تی ناهه‌ستیارن یاخود هه‌ستیارن وه‌کو کاغه‌زی ده‌نگدان و تۆماری ده‌نگده‌ران و که‌لوپه‌لی وێستگه‌و بنکه‌کان بۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێمه‌ش له‌ڕێگه‌ی خۆمانه‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی کۆگاکانمانه‌وه‌ به‌و شێوازه‌ پۆلێنیان ده‌که‌ین و دایانده‌نێن که‌ به‌ئاسانی بتوانیین دابه‌شی بکه‌ین به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بنکه‌ و وێستگه‌کانی ده‌نگدان که‌واته‌ ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ئاماده‌کاری ته‌واوداین بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت."

هەروەها وتیشی" دیاره‌ هه‌موو پارێزگاکانی عێراق هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئۆفیسی نیشتیمانیدا ئاماده‌کارییه‌کانمان هه‌مووی به‌پێی ئه‌و سیسته‌م و ڕێنمایانه‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی کۆمسیاران له‌ به‌غداده‌وه‌ ده‌رده‌چێت ئه‌وانه‌ به‌پێی ئه‌و خشته‌ کاتیەی که‌ بۆمان دانراوه‌ جێبه‌جێی ده‌که‌ین. "

"له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ڕێژه‌ی 83% ی کارته‌کانمان دابه‌شکردووه‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران... بەگشتیش لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق ئه‌گه‌ر ڕێژه‌یه‌کی مامناوه‌ند وه‌ربگرین ڕێژه‌ی 75% بۆ 80% کارته‌کان دابه‌شکراونه‌ته‌وه‌ "

بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر ڕونیکردەوە" سه‌باره‌ت به‌کارتی ئه‌لکترۆنی ده‌نگدان دیاره‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌دوو جۆر کارت ده‌نگده‌درێت یه‌کێکیان کارتی کورتخایه‌نه‌ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ده‌نگده‌ره‌که‌ی له‌سه‌ر نییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردوودا له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م ده‌نگده‌ران دروستکراوه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م ده‌نگده‌رانه‌ خۆیان تۆمار کردبێت به‌شێوه‌ی بایۆمه‌تری و وێنه‌ی ده‌نگده‌ره‌که‌ وه‌رگیرابێت، په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ره‌که‌ وه‌رگیرابێت ئه‌وه‌ ئێستا کارتێکی بایۆمه‌تری بۆ دروستکراوه‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ی ناوه‌نده‌کانی تۆمار کردنه‌وه‌ ئه‌م کارته‌ بایۆمه‌ترییه‌ دابه‌شده‌که‌ینه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران."

ئامانج عەزیز سەبارەت بە ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لە لایەن هاوڵاتیانەوە وتی" ده‌توانم بڵێم ڕێژه‌یه‌کی باش له‌ ده‌نگده‌ران کارته‌کانیان وه‌رگرتۆته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا کارتی بایۆمه‌تری له‌ ناوه‌نده‌کان بوونی هه‌یه‌، به‌رده‌وامیشه‌ له‌ دابه‌شکردنه‌وه‌ هه‌تا دوو ڕۆژ پێش هه‌ڵبژاردن، پێش ئه‌وه‌ی که‌ دوو وه‌جبه‌ی نوێی کارتی بایۆمه‌تریمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌ دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وپێش بۆمان گه‌ڕایه‌وه‌ ئێمه‌ له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ڕێژه‌ی 83% ی کارته‌کانمان دابه‌شکردووه‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران، ئه‌و کارتانه‌ی که‌ دروستکرابوون بۆ ده‌نگده‌ران."

"به‌گشتی ڕێژه‌ی دابه‌شکردنه‌وه‌ی کارته‌کان نزیکن له‌یه‌که‌وه‌ به‌پێی پارێزگا بۆ پارێزگایه‌کی دیکه‌ ده‌گۆڕێت چونکه‌ ڕێژه‌ی ده‌نگده‌رانیش جیاوازه‌ له‌پارێزگایه‌که‌وه‌ بۆ پارێزگایه‌کی دیکه‌ به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر ڕێژه‌یه‌کی مامناوه‌ند وه‌ربگرین ڕێژه‌ی 75% بۆ 80% کارته‌کان دابه‌شکراونه‌ته‌وه‌."ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وایوت"

" ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌کی باشه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ ڕێژه‌یه‌کی باش له‌ ده‌نگده‌ران سه‌ردانی بنکه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ن له‌ڕۆژی ده‌نگداندا "

ئامانج عەزیز ئەوەشی خستەڕوو" له‌ڕاستیدا ئێمه‌ وەک کۆمسیۆن پلانی خۆمانمان هه‌یه‌ بۆ وشیارکردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران، وه‌ پلانه‌کانمان له‌ڕابردوودا ده‌ستیپێکردووه‌ تائێستاش هه‌ر به‌رده‌وامین، ده‌نگده‌ران هۆشیارده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ که‌ مافی ده‌نگدانه‌ به‌رجه‌سته‌ی بکه‌ن هه‌تا ئه‌و پاڵێوراوه‌ی ویست و خواستی ئه‌وان دێنێته‌ دی ده‌نگی پێبده‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌نگدان مافه‌، ئه‌رک نییه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر هۆشیاری ده‌نگده‌ران هه‌تا چه‌نده‌ به‌شداری ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌که‌ن به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ئاماژانه‌ی ئێمه‌ له‌به‌رده‌ستماندایه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ ده‌نگده‌ران کارتیان وه‌رگرتۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌کی باشه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ ڕێژه‌یه‌کی باش له‌ ده‌نگده‌ران سه‌ردانی بنکه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ن له‌ڕۆژی ده‌نگداندا."

بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە فرۆشتنەوەی کارتی دەنگدان دەکەن، لەو ڕووەوە ئامانج عەزیز دەڵێت" تائێستا له‌ سلێمانی هیچ حاڵه‌تێک له‌و ڕووه‌وه‌ تۆمارنه‌کراوه‌ یاخود هیچ سکاڵایه‌ک تۆمار نه‌کراوه‌ له‌و ڕووه‌ی که‌ بڵێن فڵانه‌ که‌س کارته‌که‌ی فرۆشتووه‌ یان نرخی کارت گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌نده‌، ئه‌وه‌ی ده‌بیسترێت ته‌نها له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌یه‌."

"هیچ کەسێک ناتوانێت لەبری کەس دەنگبدات، کەسێک کارت وەرنەگرێتەوە کارتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئۆفیسی کۆمسیۆن لە بەغداد "

ئامانج عەزیز سەبارەت بەو کەسانەی کارتی دەنگدان وەرناگرنەوە وتی" دیاره‌ ئه‌و کارتانه‌ی که‌ له‌کۆتاییدا واته‌ هه‌تا دوا واده‌ که‌ بۆیان دیاریده‌کرێت وه‌ریناگرنه‌وه‌، پلانی ئۆفیسی نیشتیمانی هه‌یه‌ به‌وه‌ی سه‌رجه‌م کارته‌کان له‌ بنکه‌کان ڕاده‌کێشرێته‌وه‌ و ده‌نێردرێته‌وه‌ بۆ به‌غداد بۆ ئۆفیسی نیشتیمانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ که‌سێک ناتوانێت له‌بری که‌سێکی تر ده‌نگ بدات له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و کارته‌ وێنه‌ی ده‌نگده‌ره‌که‌ی له‌سه‌ره‌ و په‌نجه‌مۆری هه‌ر ده‌په‌نجه‌که‌ی ده‌نگده‌ری له‌سه‌رە، زانیاری ده‌نگده‌ره‌که‌ی له‌سه‌ره‌ له‌ڕۆژی ده‌نگداندا ئه‌م کارته‌ ده‌درێت له‌ ئامێرێکی ئه‌لکترۆنی و سه‌رجه‌م داتا و زانیاری ناو کارته‌که‌ پیشان ده‌دات له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئایپاده‌ی که‌ له‌ناو شاشه‌که‌دایه‌."

" بەپێی یاسا ڕێگری کراوە له‌وه‌ی هیچ که‌سێک نه‌توانێت ده‌نگ له‌بری که‌سێکی تر بدات "

بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوەکردەوە" له‌ڕاستیدا ده‌نگۆی زۆر بڵاوده‌کرێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و جۆره‌ها ده‌نگۆ بڵاوده‌کرێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ یاسایه‌ک هه‌یه‌، یاسای ژماره‌ 9 ی ساڵی 2020 تایبه‌ته‌ به‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌م یاسایه‌ کۆمه‌ڵێک سیسته‌م و ڕێنمایی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی کۆمسیارانه‌وه‌ ده‌رکراوه‌ و سه‌رجه‌میان به‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ که‌ ڕێگری ده‌که‌ن له‌وه‌ی هیچ که‌سێک نه‌توانێت ده‌نگ له‌بری که‌سێکی تر بدات."