سروە عەبدولواحید: گرنگه‌ نه‌وه‌ی نوێ لەبەغداد بێت

سروە عەبدولواحید

سروە عەبدولواحید کاندیدی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" چەند ساڵە ئەو دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ به‌غداد هه‌موو پۆسته‌كانیان بۆخۆیان وه‌رگرتووه‌ و شه‌ڕه‌كه‌یان له‌سه‌ر پۆسته‌كان بووه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ نه‌وه‌ی نوێ له‌وێ بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ره‌ت بكاته‌وه‌، دەشڵێت" له‌ هه‌رچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له‌ كه‌ركوک له‌ به‌غداد و كه‌ربه‌لاش هه‌ندێک كاندیدمان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراوه ‌14 كورسیه‌، به‌ڵی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین نه‌وه‌ی نوێ 14 كورسی بهێنێت."

"گرنگه‌ نه‌وه‌ی نوێ لەبەغداد بێت"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سروە عەبدولواحید لە وەڵامی ئەو پرسیارەی نەوەی نوێ دەیەوێت چی بکات لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە کورد نەیکردووە لە دوای 2003 وە؟ لە وەڵامدا سروە وتی" له‌ڕاستیدا جا كورد چی كردووه‌ له‌ 2003 وه‌ هه‌تا شتێک نه‌مابێت بۆئه‌وه‌ی بیكه‌ین! به‌داخه‌وه‌ له‌ 2003 وه‌ هه‌تا ئێستا كورد له‌ به‌غداد به‌تایبه‌تی یه‌كێتی پارتی خه‌ریكی دابه‌شكردنی پۆست بوون زیاتر وه‌ک له‌وه‌ی كه‌ بیر له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌ هه‌تا ئێستا كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ و مادده‌ی 140 چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ گرفتی زۆرمان له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌یه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ له‌وێ بین بۆئه‌وه‌ی ده‌نگێكی جیاواز بین له‌وه‌ی پۆست و وه‌زاره‌ت و ئه‌مانه‌ی شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ره‌تی بكه‌ینه‌وه‌ و كار بۆ هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین ئێستا به‌داخه‌وه‌ كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌بێت شه‌ڕی مووچه‌ی هاوڵاتیان بكه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا شه‌رمه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان دوای 30 ساڵ ئێمه‌ تازه‌ له‌ به‌غداد شه‌ڕی بودجه‌ و مووچه‌ بكه‌ین بۆیه‌ پێموایه‌ گرنگه‌ نه‌وه‌ی نوێ له‌وێ (لەبەغداد) بێت، نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان نموونه‌ی ئازایه‌تی و جوانی پیشاندا به‌هه‌مان شێوه‌ بتوانین له‌ په‌رله‌مانی عێراقیش له‌ به‌غداد هه‌مان نموونه‌ كه‌ داكۆكاری سه‌رسه‌ختی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بین."

"ئەو دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ به‌غداد هه‌موو پۆسته‌كانیان بۆخۆیان وه‌رگرتووه‌ و شه‌ڕه‌كه‌یان له‌سه‌ر پۆسته‌كان بووه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ نه‌وه‌ی نوێ له‌وێ بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ره‌ت بكاته‌وه‌ "

سروە عەبدولواحید ئەوەشی وت" ئه‌وكاته‌ش له‌ ڕابردوودا ئێمه‌ ئۆپۆزیسیۆن بووین له‌ ڕاستیدا هه‌وڵماندا ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ بێت، قسه‌مانكردووه‌ و لێدوانمان هه‌بووه‌ و هه‌ڵوێستمان هه‌بووه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌وڵمانداوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین وه‌كو وتم له‌ 2014 وه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی كورد له‌به‌غداد بۆته‌ كێشه‌ی مووچه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ش پێویست ده‌كات هه‌میشه‌ داكۆكی بكرێت له‌م به‌شه‌ بودجه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆیدا وه‌ربگرن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌ ده‌ڵێم هیچ نه‌كراوه‌ من باس له‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ ده‌كه‌م له‌ به‌غداد هه‌موو پۆسته‌كانیان بۆخۆیان وه‌رگرتووه‌ و شه‌ڕه‌كه‌یان له‌سه‌ر پۆسته‌كان بووه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ نه‌وه‌ی نوێ له‌وێ بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ره‌ت بكاته‌وه‌."

"ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر "

بە بڕوای سروە عەبدولواحید ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی تر لەو ڕووەوە وتی" ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دیاره‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر من پێموایه‌ شانسی نه‌وه‌ی نوێ زۆره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵک زۆر زۆر ناڕازییه‌، وه‌ خه‌ڵک هه‌موو ئومێدێكی هه‌یه‌ ئه‌ویش نه‌وه‌ی نوێیه‌ كه‌ بارودۆخه‌كه‌ بگۆڕێت بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌مجاره‌ نه‌وه‌ی نوێ كورسی باش به‌ده‌ست ده‌هێنێت له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وان (پارتی و یەکێتی) هه‌ندێک ته‌راجع ده‌كه‌ن له‌ كورسیه‌كانیان، هەرچەندە خۆ نەوەی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان 4 ئه‌ندام په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ و توانیویانه‌ فشار دروست بكه‌ن مه‌رج 30 په‌رله‌مانتار هه‌بێت هه‌تا فشار دروست ببێت چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی چالاک هه‌بێت بتوانن فشار دروست بكه‌ن له‌سه‌ر هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵات كه‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان نه‌كه‌نه‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان وه‌لا بنێن و بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌ ده‌توانرێت فشار دروست بكرێت ئه‌گه‌ر ژماره‌ی كورسیه‌كان هه‌رچه‌ندێک بێت، بەڵام پێموایه‌ هه‌ردووكیان ته‌راجع ده‌كه‌ن یه‌كێتی و پارتیش."

سروە عەبدولواحید دەشڵێت" له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ڕاستگۆ بووه‌ له‌ماوه‌ی سێ ساڵی كاركردنی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان بووه‌، له‌ خه‌می هاوڵاتی بووه‌ ته‌نها فراكسیۆن بووه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داكۆكی له‌ مافی خه‌ڵکكردووه‌، خه‌ڵک ئه‌مه‌ی له‌به‌رچاوه‌، ئێمه‌ كه‌ ده‌چینه‌ لای خه‌ڵک له‌ ڕانیه‌ و قه‌ڵادزێ هه‌موو ئه‌م ناوچانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها فراكسیۆن مافی خه‌ڵكی داواكردووه‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ بووه‌ بۆیه‌ من دڵنیام خه‌ڵک پێیان خۆشه‌ نه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌شه‌ سه‌ندندا بێت و گه‌وره‌ بێت."

"بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ خه‌ڵک چه‌واشه‌ نه‌كه‌ین، كاری په‌رله‌مانی دووكاره‌ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی خۆت وەک کاندیدێک وە حیزبەکەت لە پاش هەڵبژاردن بەنیازن یەکەم کار بۆ خەڵکی کوردستان چی بکەن لە بەغداد لەدوای هەڵبژاردن؟

لە وەڵامدا سروە عەبدولواحید وتی" بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ خه‌ڵک چه‌واشه‌ نه‌كه‌ین، كاری په‌رله‌مانی دووكاره‌، یه‌كه‌م مه‌سه‌له‌ی یاسادانانه‌، دووه‌م مه‌سه‌له‌ی چاودێرییه‌، له‌ مه‌سه‌له‌ی یاساداناندا ئێمه‌ ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه‌ بین ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌هێڵین شتێک بڕوات كه‌ دژی هه‌رێمی كوردستان بێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بین مافی كورد له‌ به‌غداد وه‌ربگرین، دووه‌م مه‌سه‌له‌ی چاودێری كردنه‌ كه‌ چاودێری ده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌دای هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ حكومه‌تدان، چۆن بتوانرێت وابكرێت ئه‌مه‌ سوودی بۆ هه‌رێمی كوردستان و ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، بابه‌تی تر كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێشمه‌رگه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ مووچه‌ و كێشه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ بۆچوونی خۆمان ده‌بێت، حیزب وه‌كو نه‌وه‌ی نوێ بۆچوون و ستراتیژیه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م ستراتیژیه‌ له‌ به‌غداد په‌یڕه‌و بكه‌ین."

" چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین نه‌وه‌ی نوێ 14 كورسی بهێنێت "

سەبارەت بە پێشبینییان بۆ ڕێژەی ئەو کورسییانەی چاوەڕێ دەکەن نەوەی نوێ بەدەستی بهێنێت؟ سروە عەبدولواحید دەڵێت" له‌ هه‌رچوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له‌ كه‌ركوک،له‌ به‌غداد و كه‌ربه‌لاش هه‌ندێک كاندیدمان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراوه ‌14 كورسیه‌، به‌ڵی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین نه‌وه‌ی نوێ 14 كورسی بهێنێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ سروە عەبدولواحید Sep17-021