سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری فەرمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی داوە. ئەم بڕیارەی ڕۆژی چوارشەممەی محەمەد حەلبوسی تەنها نزیکەی چوار ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقە کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە بکرێت.
حەلبوسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ پێنجشەممە خولی چوارهەمی پەرلەمان کۆتایی دێت و گەلی عێراق ڕۆژی 10ی مانگی 10 نوێنەرەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن.
حەلبوسی سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد بۆ ئەو کارانەی لە ماوەی "بەرپرسیارێتییەکانیاندا" کردوویانە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەڵبژاردنی پێشوەختە " بژاردەی خەڵکە ."
لە مانگی سێدا پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لە 7ی 10هەڵبوەشێتەوە بەمەرجێک هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکیەکانی خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت کە لە مانگی 10 ساڵی 2019 دەستیپێکرد و بەردەوامیشە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان لەوکاتەوە هەتا ئێشتا سەدان خۆپیشاندەر لە عێڕاقدا کوژراون بە دەستی هێزە ئاسایشییەکان و هەروەهاش بە دەستی ئەو چەکدارانەی گومان هەیە پەیوەندییان هەبێت بە ملیشیاکانەوە.