لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیاریدا بەشداری کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی نەکات.
” هەر خێرا خێرا دەستییان کرد بە سەردان، حیکایەتی یەکڕیزییان دروست کرد ”
د.موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کە هاوکات کاندیدی دەرچووی خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە لەبارەی بڕیاری حیزبەکەیەوە، وتی”ئێمە پەلەمان نەکردووە لەو بڕیارە بەڵام حیزبە سیاسییەکانی تر بەتایبەت پارتی و یەکێتی هەر خێرا خێرا دەستییان کرد بە سەردان، پارتی دەستیکرد بە سەردانی لایەنە سیاسییەکان و حیکایەتی یەکڕیزییان دروست کرد”
”نامانەوێت سەرقاڵ بین بەو کۆبونەوانە چونکە بڕوامان پێی نیە”
سەبارەت بە بۆچونی حیزبەکەی لەسەر کۆبونەوەی لایەنە کوردییەکان بۆ یەکڕیزی لەبەغداد؟
د.موسەنا ئەمین وتی” ئێمە پێمان وایە ئەوەی پارتی کردی پەلە بوو یەکەم، دووەم، ناشمانەوێت سەرقاڵ بین بەو کۆبونەوانە چونکە بڕوامان پێی نیە، وە بڕواشمان بە بەشداری لە حکومەتی عێراق نیە لانی کەم زۆرینەی سەرکردایەتی یەکگرتوو بڕوای بە بەشداری لە حکومەتی عێراق نیە، ڕەنگە بۆچونی جیاوازیش هەبێت، بەڵام زۆرینە ئەو بۆچونەمان هەیە، بەتایبەت کە بەشداری کردن لە حکومەت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک ڕێکدەخرێت کە ڕەنگە لەگەڵ پارتی و یەکێتی بچینە ڕێککەوتنێک کە ئێمە لەم کاتەدا بەباشی نازانین. ”
” کێشەی کورد پارتی و یەکێتین، ئەگەر ئەوان ڕێکبکەون بۆ خۆیان، کورد کێشەی نیە ”
موسەنا ئەمین زیاتر وتی” ئێمە بە باشی نازانین ئەو جۆرە کۆبونەوانە، بە پێویستیشی نازانین هیچ جۆرە بەرهەمێکمان لەو کۆبونەوانە نەبینیووە، من کاتی تریش وتومە کێشەی کورد پارتی و یەکێتین، ئەگەر ئەوان ڕێکبکەون بۆ خۆیان، کورد کێشەی نیە، لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ هەروابووە، لە ڕێککەوتنیاندا هەر کێشە بوون، لە ڕێکنەکەوتنیشیاندا کێشە بوون، شەڕی ناوخۆیان دروستکردووە، یا وەک ئەوەی لە خولی ڕابردووی پەرلەمان دروستییان کرد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، وە بە ڕێککەوتنیشییان هەمیشە دیموکراسییان خنکاندووە ڕای ئازادییان نەهێشتووە، سامانی سەرزەوی و ژێر زەوییان بە تاڵان بردووە، ئەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لە ناوخۆ، بۆ بەغدادیش کێشە هەر خۆیانن خوا دەکات پارتی و یەکێتی خۆیان ڕێکدەکەون بەشداری کردن لە حکومەتی عێراقی ئیمتیازە ئێمە ئەو ئیمتیازەمان ناوێ. ”
” پارتی داوای کرد کۆبونەوەمان لەگەڵ بکات بەڵام ئێمە پێمان وتن هێشتا زووە”
دەربارەی ئەوەی بۆچی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکان کۆنەبونەوە لە دوای هەڵبژاردنەکان؟
د.موسەنا لە وەڵامدا دەڵێت” پارتی داوای کرد کۆبونەوەمان لەگەڵ بکات بەڵام ئێمە پێمان وتن هێشتا زووە، بۆیە یەکگرتوو ئەو بڕیارەی دا (بەشداری نەکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق) تا سەرقاڵ نەکرێین بە هەندێک کۆبونەوەی ناپێویست، پێش هەڵبژاردنەکان خۆ پارتی هاتە بەغداد لەگەڵ سەدرییەکان و حەلبوسی ڕێککەوت، یەکێتیش هەروا کۆبونەوەی کردووە لە بەغداد بەردەوام، ئەمەی ئەمان باسی دەکەن ئێستا ڕێککەوتنە لەسەر پۆست، ئنجا ئەوە من دوو خولە لە پەرلەمانم تا ئێستا نەمبینیووە ئەم حیزبە کوردییانە پڕۆژەیان هەبێت بۆ بابەتی نەتەوەیی و ستراتیژی داوای کۆبونەوە لە ئێمە بکەن بەڵام بۆ پۆست ئامادەن حەفتا کۆبونەوە بکەن. ”
”تا ئێستا نەمانبینیووە بۆ بابەتی نەتەوەیی و ستراتیژی داوای کۆبونەوە لە ئێمە بکەن بەڵام بۆ پۆست ئامادەن حەفتا کۆبونەوە بکەن ”
ئەو پەرلەمانتارە کوردە زیاتر ڕونیکردەوە”بۆ نمونە ئێمە کە دەچینە بەغداد تا ئێستا نەمانبینیووە پارتی و یەکێتی پڕۆژەیەک لەسەر بابەتە نەتەوایەتییەکانی کورد بهێنن بڵێن ئەم کێشانە چۆن چارەسەر بکەین عەقڵییان پێ نەشکاوە پریزینتشنێک( presentation) مان بۆ بکەن، ئەوان تەنها لەسەر پۆست گفتوگۆ دەکەن و لەسەر پۆستیش شەڕ دەکەن هەتا دوا پۆست کە بڕیاردەری لیژنەیەکە هیچ گرنگیەکی نیە تەنها ڕێز لە کەسێک دەگیرێت لەناو ستافی لیژنەکەی خۆیدا، تا ئەو ئاستەش ئامادەن دژایەتی حیزبەکانی تر بکەن و ئەو قەوانە لێبدەنەوە کە ئێمە ئەوەندە کورسین و ئەوەندەین، پۆستی سەرۆک کۆمارە هەر دەڵێن ئێمە ئەوەندە کورسین، پۆستی وەزارەتە سیادییەکانە هەروا، سەرۆک لیژنەکانە هەر دەڵێن ئێمە ئەوەندە کورسین، کورسییەکانیان حەوت جار شتی پێ دەکڕن هیچ کەمناکاتەوە، لایەنەکانی تر دەبێت چاوەڕێی دەمی ئەوان بن بۆیە ئێمە بڕیارمان دا نەچینە ناو ئەو گفتوگۆ بێ مانایانەوە، لەناو پەرلەمان هەر پۆستێکی لیژنەکانمان بە مافی خۆمان وەرگرت باشە، با پۆستەکانی حکومەت پیرۆز بەوان بێت. ”
”خەڵکێک لە بەغدادەوە پەیوەندییان بۆ ئەو بابەتە پێوە کردوین ئێمە ڕەفزمان کردون واتە تەنها پارتی و یەکێتیمان ڕەفز نەکردووە”
لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی بەشێک لە بڕیارەکەی یەکگرتووی ئیسلامیان گرت کە ژمارەی کورسییەکانیان کەمە و خۆیان چانسی وەرگرتنی پۆستی حکومیان کەمبوو بۆیە پێش وەختە بڕیاری بەشدارییان لە حکومەتی داهاتووی عێراق نەدا؟
لە وەڵامدا د.موسەنا وتی” ئەو بەڕێزانەی کە دەڵێن چوار کورسی کەمە، خۆ عەبادی و حەکیم بە هەردوکیان چوار کورسییان هێناوە، چوار کورسی کەم نیە، خەڵکێک لە بەغدادەوە پەیوەندییان بۆ ئەو بابەتە پێوە کردوین ئێمە ڕەفزمان کردون، واتە تەنها پارتی و یەکێتیمان ڕەفز نەکردووە، هەروەها پێکهاتەی پەرلەمانی داهاتوش دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەبێت وە ژمارەیەکی باشیش سەربەخۆن ئەو سەربەخۆیانەش بۆ ئەوە نەهاتون بچنە حکومەت لەبەرئەوە پێشبینی دەکەین لە %40- %45 ی پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن دەبێت و چوار کورسیش لەناو ئەو پێکهاتەیە ژمارەیە و کەم نیە. ”
Your browser doesn’t support HTML5