جەبار یاوەر: لە 2018 وە تا کۆتایی مانگی دەی ئەمساڵ داعش زیاتر لە 2412 هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە

جەبار یاوەر

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ئەگەرچی لە 2018 وە حکومەتی عێراقی ڕایگەیاند، داعش نەماوە بەڵام ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە لەوکاتەدا ڕامانگەیاند، کە داعش کۆتایی نەهاتووە، بەڵام لەوکاتەوە تا کۆتایی مانگی 10 ی ئەمساڵ زیاتر لە 2412 هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە.

قسەکەی ئێمە ئەوەتا سەلما

لەو ڕووەوە فەریق ڕوکن جەبار یاوەر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندهێرشە تیرۆریستییەکانی داعش قەت نەوەستاوە بەردەوام بووە تەنانەت دوای بەیاننامەکەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە کابینەکەی حەیدەر عەبادی 2017 کە ڕایگەیاند داعش کۆتایی هاتووە ئێمە ئەوکات وتمان داعش وەک بەناو ئیمارەتی ئیسلامی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کۆتایی نەهاتووە و خۆی ڕێکدەخاتەوە جارێکی تر دەست دەکاتەوە بە کردەی تیرۆریستی، قسەکەی ئێمە ئەوەتا سەلما.

ئاماری هێشەکانی داعش لە سێ ساڵی ڕابردوو

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئاماژەی بە ئامارەکانی سێ ساڵی ڕابردووی هێرشەکانی داعش کرد لە عێراق بۆ سەر هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، لەو ڕوەوە فەریق ڕوکن جەبار یاوەر دەڵێت لە 2018 وە تا ئێستا کردەی تیرۆریستی داعش بەردەوام بووە هەر لە 2018 نزیکەی زیاتر لە 1742 کردەی تیرۆریستی هەبووە، وە ساڵی 2019 نزیکەی 270 کردەی تیرۆریستی هەبووە، لە ساڵی 2020 نزیکەی 230 کردەی تیرۆریستی هەبووە، تا کۆتایی مانگی 10 ی ئەمساڵ 2021 نزیکەی 170 کردەی تیرۆریستی هەبووە، زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکانیش لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دوور بووە بەڵام شێوازی هێرشەکانی جیاوازە ، جاران کە ئیمارەتەکەی هەبوو شەڕی بەرەیی دەکرد، واتە بە هێزی گەورە پەلاماری شوێنێکی دەدا وە ناوچەیەکی فراوانی لەژێر دەستدا بوو وەک موسڵ و سەڵاحەدین و بەشێک لە خانەقین، بەڵام ئێستا بەشێوازی گروپی بچوک پەلاماری هێزە عێراقیەکان یا پێشمەرگە دەدات و تاکتیکێکی نوێ بەکاردێنێت یان بەڕێگای کردەی خۆکوژییە، یاخود دانانی مینە، یاخود بە قەناس لە دورەوە هێرش دەکات یاخود کەمین لەسەر جادەکان دادەنێت یا خەڵک دەڕفێنێت و بە پارە ئازادییان دەکات.

داعش دەیەوێت هەلومەرجی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تێکبدات

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی ئەوە کرد کە بۆچی لەمکاتەدا داعش هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان زیادی کردووە، لەو ڕووەوە وتی بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی داعش هەبووە بەڵام لە هەندێک کاتدا کەمی دەکات لە هەندێک کاتیشدا زیادی دەکاتەوە، لەمکاتەی کە هێرشەکانی زیادکردووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن کراوە و دەیەوێت هەلومەرجەکە تێکبدات تا کاریگەری لەسەر دروستبوونی حکومەتی نوێی عێراق دابنێت، چونکە لە کاتی هەڵبژاردنەکان نەیتوانی هەلومەرجەکان تێکبدات، وە سودیش دەبینێت لەو بۆشاییەی کە هەیە لە زۆر ناوچەی نێوانی سنوری خانەقین(ئێران) تا سنوری سحێلا (سوریا) لە نێوانی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە سود لەو بۆشاییە دەبینێت بۆتە مۆڵگەی حەوانەی چەکدارانی تیرۆریستی داعش.

داعش توانای جارانی نەماوە

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر دەشڵێت لەگەڵ ئەوەشدا داعش توانای جارانی نەماوە بتوانێت پەلامار بدات و ناوچەی فراوان داگیر بکات دامودەزگای هەبێت وەک ئەوەی لە 2014 هەیبوو ئێستا ئەو هێزەی نەماوە، تەنانەت توانای مادی نەماوە وەک جاران سەرچاوەکانیان وشکی کردووە، بەڵام وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هێشتا ماوە دەتوانێت لە هەلومەرجەکاندا هەوڵی تێکدان بدات، وە سود لە دۆخەکان ببینێت بۆ نمونە سود لە ناکۆکی نێوانی هەرێم و بەغداد ببینێت، ئەگەر گرفت لە نێوان لایەنە عێراقیەکان هەبوو دەتوانێت هەوڵی سود وەرگرتن لەو ناکۆکیانە بدات، هەروەها ئێستاش هەوڵی ئەوە دەدات کە سود لە وە ببینێت کە حکومەتی عێراقی کاربەڕێکەرە دەزانێت کە حکومەت هەموو دەسەڵاتێکی نەماوە.

Your browser doesn’t support HTML5

زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدایە Nov 4-021 فەریق ڕوکن جەبار یاوەر