د.مەحمود عوسمان: دۆخی عێراق خراپە و خراپتریش دەبێت

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

د.مەحمود عوسمان کەسایەتی سیاسی کورد بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” ئەوەی لە عێراق ڕوویدا هەوڵی (تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق) چاوەڕوانکراوبوو، چونکە دوو ساڵە بە ئاشکرا ئەو گروپە چەکدارانە هەڕەشە لە کازمی دەکەن و قسەی پێدەڵێن بەڵام حکومەت هیچی بەرامبەر نەکردون، ئەو گروپانەش نایشارنەوە کە سەر بە ئێرانن، (وەک گروپەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبوڵای عێراقی) کە هەموو کەس وای بۆ دەچێت ئەوان بن، بەڵام ئیتر نازانرێت حکومەتی عێراق دوای ئەمە کارێک دەکات یاخود بێدەنگ دەبێت و هیچی تر ناکات! چونکە ئێستا ئەو چەکدارانە لە دەوڵەتیش بەهێزترن. ”

دوای هێرشکردنە سەر ماڵی کازمی بەشێک لە چاودێران پێییان وابوو ئەوە هەوڵێکی کودەتا بووە بۆ دەستبەسەردا گرتنی دەسەڵات و حکومەتی عێراقی.

بەڵام د.مەحمود عوسمان دەڵێت” هەوڵی کودەتا نەبووە، کودەتای چی؟ چونکە ئەگەر کازمیش بکوژن هیچ نابێت، چی دەبێت؟! خۆی هەرئێستا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقە. ”

”هەموو جارێ ئەو لایەنانە ئەو کارانە دەکەن و دەڵێن، لایەنی سێییەم کردویەتی ”

دوێنێ سەرلەبەیانی دوای هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق لە تویتێکدا ڕایگەیاند” پێشتر هۆشدارییان دابوو لەوەی هەندێك لایەنی هەواڵگری هەوڵی بۆردومان كردنی ناوچەی سەوز و تۆمەتبار كردنی گروپە بەرگریەكانی ئەوان دەدەن. ”، جەختیشیکردەوە” گروپەکەیان لەو کارە بەرپرس نین. ”

بەڵام د.مەحمود عوسمان دەڵێت” هەموو جارێ ئەو لایەنانە ئەو کارانە دەکەن و دەڵێن، لایەنی سێییەم کردویەتی، ئاخر مەگەر لایەنی سێیەم کێییە؟ ئەمجارەش هادی عامری و ئەوان هەروادەڵێن، دەڵێن لایەنی سێییەمە، ئەم قسانە هەمووی بۆ داپۆشینە، گرنگ ئەوەیە حکومەتی عێراقی بەهاوکاری ئەمەریکا لێکۆڵینەوەی ورد لەم هەوڵە بکەن و بزانن ئەو درۆنانە لە کوێووە هاتون؟ ئەو گروپانەی کردویانە سزای بدەن و چەکیان بکەن، مەعقول نیە لە عێراقدا یەک ملیۆن و نیو چەکدار هەبێت! ئاخر ئەو هەموو گروپ و چەکدارانە بۆچی؟”

سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ چەککردنی ئەو گروپانە، د.مەحمود عوسمان بەدوری زانی لە توانای حکومەتی عێراقدا هەبێت و وتی” حکومەتی عێراق لاوازە، ئەو گروپانە ئێرانیان لەپشتە ، ئێرانیش ڕۆڵی زۆرە لە عێراق. ”

بە بڕوای چاودێران ئەگەر دۆخی عێراق کۆنترل نەکرێت ئەوا دۆخەکە بەرەو خراپی زیاتر دەڕوات.

د.مەحمود عوسمان وتیشی” دۆخی عێراق خراپە و خراپتریش دەبێت، چونکە لێکتێگەیشتن نیە لە نێوان گروپ و لایەنەکان، ئەو گروپانەی سەر بە ئێرانن لە هەڵبژاردن کورسییان کەم هێناوە و قبوڵی ناکەن دەڵێن لە هەڵبژاردن ساختەکاری کراوە، جا ئیتر نازانرێت دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟ حکومەتەکانی دەرەوەش ئێران و ئەمەریکا ڕۆڵییان هەیە ئەگەر بگەنە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن ئەوا ڕەنگە هەوڵ بدەن دۆخەکە هێوربکەنەوە جا نازانرێت دەیکەن یا نایکەن. ”

د.مەحمود عوسمان پێی وایە ئەم دۆخەی ئێستا کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق و گفتوگۆی لایەنەکان، دەشڵێت” ئەوە لە لایەک کێشەیە بۆ کورد و سوننە چونکە لایەنە شیعەکان دژی یەکن. ”

”هەرچی بەرپرس و وەزیر و سەرۆکایەتییەکانە لێییان دەترسن ناهەقیشییان نیە ”

ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێش وەختیەکەی پەرلەمانی عێراق نزیک دەبێتەوە لەیەک مانگ، بەڵام تا ئێستا ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن بەهۆی تانەی لایەنەکان لەو ئەنجامانە تا ئێستا ڕانەگەیەنراوە، بە بڕوای بەشێک لە چاودێران هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە هەبێت بەهۆی ئەوەی پێیان وایە ئەمە جۆرێکە لە هۆشداری و ترساندنی کۆمسیۆن لەوەی ئەنجامەکان بەو شێوەیە نەمێنێتەوە. ”

د.مەحمود عوسمانیش هەمان بۆچونی هەیە و دەڵێت” ئەو میلیشییانە هەموو ئەوانەی عێراقییان ترساندووە، کەس ناوێرێت ناوییان ببات و قسەیان لەسەر بکات، جار جار سەدر ناوییان دەبات ئەگەرنا هەرچی بەرپرس و وەزیر و سەرۆکایەتییەکانە لێییان دەترسن ناهەقیشییان نیە، چونکە کەس چارەیان پێ ناکرێت، بۆیە ڕەنگە دادوەرەکانیش بترسێنن و کاریگەری لەسەر دواکەوتنی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبێت، هەموو بەرپرسەکانی عێراق لێییان دەترسن، چونکە کەس هیچی پێناکرێت ئەوان چەند جار بە کازمییان وت لوتت دەبڕین و دەتکوژین کەسیش نەیوێرا بەرامبەرییان هیچ بکات. ”

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتەکە -د.مەحمود عوسمان- Nov 8-021