سەردار عەبدوڵا: عێراق لە بەردەم سێ ئەگەردایە، خراپترین ئەگەریان هەڵگیرسانی شەڕە

سەردار عەبدوڵا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و چاودێری سیاسی پێیوایە، بارگرژیـیەکانی عێراق و کێشمەکێشی نێوان لایەنەکان، ڕەنگدانەوەی ئەجێندا و ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکانە، جەخت لەسەر ئەوەش‌دەکاتەوە گەر وڵاتانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی نەگەنە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن، ڕەنگە دۆخی عێراق ئاڵۆزتر بێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەردار عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەکات عێراق لە بەردەم چەند ئەگەرێکدایە و خراپترین ئەگەریشیان ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکەیە، دەڵێت" گەر لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیـیەکان بگەنە جۆرێک لە ڕێککەوتن، گرژی نامێنێت و حکومەت بە سەرۆکایەتی کەسێک کە سەدریەکی زەق نەبێت پێکدەهێنرێت، ئەگەری دووەمیش هەڵایسانی شەڕی شیعە بە شیعەیە، ئەگەرەکەی تریش پێکهێنانی حکومەتە بە بێ هاوپەیمانەکانی ئێران، لەم حاڵەتەشدا دیسانەوە ڕوودانی بارگرژی مسۆگەرە."

سەردار عەبدوڵا پێیوانیە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی جدی بێت و ڕوونیدەکاتەوە گەر لایەنە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان ڕێکبکەون، ئەو کات دەبێت بۆ کاندیدێک بگەڕێن لای سەدریەکان قەبوڵکراو بێت، وتی"دەبێت بەدیلێکی قەبوڵکراوی کازمیان هەبێت، کە لای سەدر و ئەمەریکا و ئێران قەبوڵکراو بێت، کارەکتەری وەها بە ئاسانی دەست ناکەوێت."

بەبڕوای ئەو چاودێرە سیاسیە، هێرشکردنە سەر ماڵی کازمی پەیام بوو بۆ ئەمەریکا و سعودیە و کورد و سونە و هەموو لایەنەکان، بەوەی ئەوان لەبەرژەوەندیەکانیان خۆش نابن، وتی"بینیمان لە لوبنان چی ڕوویداوە، ئێستا دراوی ئەو وڵاتە داڕووخاوە، گەر سستمە بانکیەکەی دابڕوخێت، دەوڵەت ئیفلاس دەکات، ململانێکان پەیوەندیان بە ناوخۆوە نیە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێ دەرەکیەکانن، بۆ عێراقیش هەروایە."

دەربارەی ڕۆڵی تورکیا لە کێشمەکێش و ململانێ نێوخۆییەکانی عێراق، بە تایبەت شەوی ڕابردوو هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە ناو خاکی عێراق بڵاوکرایەوە، سەردار عەبدوڵا باسی لەوە کرد تورکیا لە عێراق بوونی هەیە، بەڵام بەراورد بە جاران لاوازتربووە، ئێستا سعودیـیەکان بەهێزترن، تورکیا هێزی چەکداری هەیە، بەڵام نوێنەریان لە ناو پرۆسەی سیاسی لاوازترە بەراورد بە سعودیە و ئەمەریکا و ئێران، وتی"تورکیا بە دوای ڕۆڵدا دەگەڕێت، هەوڵدەدات بۆشاییەکانی سعودیە پڕبکاتەوە، دەیەوێت لە ڕێگەی قەتەرەوە ئەم کارە بکات، بارودۆخی هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ئەسیوبیاش خراپە، ئەمەش شکستە بۆ تورکیا، بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات لە شوێنی تر قەرەبووی شکستەکانی بکات."

بەڵام بە بڕوای سەردار عەبدوڵا، سعودیە لە جاران زیاتر ئامادەگی لە عێراق هەیە و تەنها لەگەڵ سونە یاری ناکات، بەڵکو لەگەڵ کورد و شیعەش لەسەر هێڵە، بە تایبەت دوای لاوازبوونی پێگەی جەماوەری هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردووەوە.

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەردار عەبدوڵا چاودێری سیاسی بە دووری دەزانێت ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، بەڵکو ئەو وڵاتە دەیەوێت لە ڕێگەی نەرمی نواندن لەگەڵ ئێران لە بەرانبەر دۆسیەی تردا، کۆتایی بە فشارەکانی ئەو وڵاتە بهێنێت بۆ کێشانەوەی هێزەکانی لە عێراق.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر