سەعدی پیرە: سەردانی شاندەکەی یەکێتی بۆ بەغداد ئەنجامی باشی هەبووە

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت” وەفدەکەی یەکێتی بۆ بەغداد پێی دەوترا وەفدێکی (استطلاع) ی، یانی وەفدێک کە زانیاری کۆبکاتەوە لەسەر گفتوگۆ و بۆچونە جیاوازەکانی ناو ماڵی شیعە تا ئەو بۆچونانەی هەن بەکاربهێنرێن لە کاتی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەمەڕ دامەزراندنی حکومەتی عێراق و ئەو پڕۆژە هاوبەشەش ببێتە بەشێک لە بەرنامەی حکومەت لەلایان.”

”کۆبونەوەی وەفدەکەی یەکێتی لە بەغداد ئەنجامی باشی داوە”

سەعدی پیرە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: زانیارییەکان لەسەر لایەنەکان و بۆچونە جیاوازەکانیانی نێوان شیعەکان، و بۆچونەکانیان لەسەر دانانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و بەشداریکردن یاخود بەشدارینەکردن، هەروەها شێوەی گفتوگۆ هەمووی ئەنجامی باشی داوە، ئەو ئەنجامانەی کە هاتۆتەوە هەمووی بەکاردەهێنرێت لە کۆبونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەک و دەستەیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ.”

” وەفدەکەی یەکێتی بۆ دانوستانی پێکهێنانی حکومەت نەچوون بەڵکو بۆ کۆکردنەوەی زانیاری چوون ”

هەفتەی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەو حیزبەش، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو” شاندەکەی پارتی بۆ دانوستانی فەرمی پێکهێنانی حکومەت نەچونەتە بەغداد، بەڵکو هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوونی لایەنەکان و ڕەوشەکە دەکەن لە بەغداد. ”

دواتر شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەجیا سەردانی بەغدادی کرد، ئەو سەردانانەش لەلایەن بەشێک لە لایەنەکان و خەڵکیەوە ڕەخنەی ئەوە گیرا کە لایەنە کوردییەکان بەتایبەت (پارتی و یەکێتی) داوای یەکڕیزی دەکەن بەڵام بەجیا سەردانی بەغداد دەکەن.”

سەعدی پیرەش جەخت دەکاتەوە” ئەو شاندانە بۆ گفتوگۆ نەچون بەڵکو بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە هەرچەندە لای وەفدێکی یەکێتیە، یا ڕەنگە لای وەفدێکی پارتی بێت یا لای وفدێکی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ نمونە وەفدێکی یەکگرتوو باس بکرێت لای لایەنێکی تر باس نەکرێت، ئەوەی دەزانم ئەو دوو لایەنە (پارتی و یەکێتی) وەفدییان ناردووە ئەویش بۆ وەرگرتن و ڕاوبۆچون و زانیاری لایەنەکانە نەک گفتوگۆی دامەزراندنی حکومەت، بۆیە ئەمە ڕێگە ناگرێت لەوەی هەردولا زۆر بەڕاشکاوی باسی پێکەوەیی بکەن بۆ بەغداد، دەتوانن بەجیاش وەفد بنێرن بۆ بەغداد بەپێچەوانەوە بۆچونێکی زۆرباشە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری.”

” هەموو بۆچونەکان بەو ئاڕاستەیەیە کە کورد بەیەکڕیزی بچێتە بەغداد”

سەبارەت بەوەی وەکو هەرێمی کوردستان لەکام لایەنی شیعە لەو دووبەرەیەی لە ئێستادا لە عێراقدا هەیە (بەرەی سەدر و بەرەی هاوپەیمانی هەماهەنگی) لەکامیانەوە نزیکن؟

لە وەڵامدا سەعدی پیرە وتی” لە عێراقدا وەک عورفی لێهاتووە کە پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعەکان بێت، ئێمەش چاوەڕێین لایەنە شعەکان پاش گفتوگۆی خۆیان بگەنە ڕێککەوتن ڕێز لە بۆچونی یەکگرتوویان دەگرین، دواتریش هێشتا گفتوگۆی جدی پێکهێنانی حکومەت دەستی پێ نەکردووە چونکە هێشتا ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند نەکراوە.”

دەربارەی ئەوەی ئایا کورد بەیەکڕیزی دەچێتە بەغداد؟ سەعدی پیرە وتی” هێشتا ئەو کۆبونەوەیەی کە پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی کورد چۆن دەچێتە بەغداد نەکراوە بەڵام هەموو بۆچونەکان بەو ئاڕاستەیەیە کە کورد بەیەکڕیزی بچێتە بەغداد.”

"زۆرم بۆ گرنگ نیە کە بە حەماسەوە باسی پۆستەکان بکەین چونکە خەڵکی کوردستان کێشەی تری هەیە "

سەبارەت بە پۆستەکان، سەعدی پیرە وتی" هێشتا زووە بۆ ئەوەی باسی پۆستەکان بکرێث، بەڵام ئەوە یەکلایی بۆتەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە، هەرچەندە من زۆرم بۆ گرنگ نیە کە بە حەماسەوە باسی پۆستەکان بکەین چونکە خەڵکی کوردستان کێشەی تری هەیە، ئێمە لە عێراق کێشەی ترمان هەیە، دەستور هێشتا بەتەواوی جێ بەجێ نەکراوە، بارودۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان هێشتا جێگیر نیە وە بەشێک لە ناجێگیری بارودۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان حکومەتی ناوەندییە چونکە بەپێی ماددەی 110 ی دەستوری عێراق پارێزگاری لە سنورەکان واجبی حکومەتی عێراقە، هەروەها لەڕووی ئابورییەوە ئیلتیزاماتی خۆی جێ بەجێ ناکات ئەو تەنها بودجەیەک تەرخان دەکات لەو بودجەیەی دێتە دەستی بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی کە ئەم حکومەتە لەڕووی ئەخلاقیەوە بەرپرسە لە کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و هەموو کارەساتەکانی تر، وەکو ئەوەی ئەم حکومەتە خێراتی حکومەتی پێشووی بۆ بەجێ مابێت بەڵام خۆی ناکات بە ساحێبی کارەسات و کێشەکانی دەبێت ئەوانە بەوردی باس بکرێن، جگە لەوە کێشەی پێشمەرگە کە دەبێت ببێت بە بەشێک لە مەنزومەی بەرگری عێراق لە ڕووی مەشق پێکردن و پڕچەک کردن و خزمەتکردنیانەوە، وە ئەو تێکەڵی و پێکەڵی هەیە لەلایەک حەشدی شەعبی و لەلایەک سوپا، بەڕاستی نامانەوێت حاڵەتێکی وەک ئەوەی لوبنان لە عێراقدا دروست ببێت."

”کورد ئەگەر بیەوێت کێشەی لە یەکڕیزیدا هەبێت دەبێت ئەوکات وەک حیزب مامەڵە بکات نەک وەک قەوارە و هەرێم ”

لە کۆتایی وتووێژەکەدا سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی" کورد ئەگەر بیەوێت کێشەی لە یەکڕیزیدا هەبێت دەبێت ئەوکات وەک حیزب مامەڵە بکات نەک وەک قەوارە و هەرێم، ئەگەر وەک حیزب مامەڵە بکات ئەوکات دەبێت بکەوێتە موزایەدە، ئەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ "ئیبتزاز" کردنی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو زۆرینەیەی لەبەغداد هەیە، ئێمە هەموومان بەیەکەوە کەمینەین جا ئەگەر کەمتریش ببینەوە ئەوا دەبێت ملکەچ بین بۆ زۆرینە و کەمینەی عێراق، کوردیش نایەوێت بەزۆرینە و کەمینە کێشەکانی چارەسەر بکات ئێمە سازانمان دەوێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتەکانی سەعدی پیرە لەم ڕاپۆرتەدایە Nov 15-021